پۆمپەیۆ پێشنیازی کوشتنی قاسم سولەیمانیی داوەتە ترەمپ

 
 
رووداو - واشنتن
 
دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی، پیاوێک لە واشنتن لۆمەیەکی زۆر کرا. ئەویش مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوە بوو. بەپێی قسەی بەرپرسانی ئیدارەی ترەمپ، کوشتنی سولەیمانی لەسەر پێشنیازی ئەو دیپلۆماتکارە بوو، نەک فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا.
 
 
سەرەتا سەرۆک ترەمپ لە ترسی کاردانەوەی ئێران رەتیکردبووەوە ئەو ژەنەراڵە ناودارەی ئێران بکوژێت، بەڵام پۆمپەیۆ پێداگریی کردبوو کە دەبێت ئەم کارە بکرێت و ئێران شتێکی ئەوتۆی بەرامبەر ئەمریکا پێناکرێت. دوای دوودڵییەکی زۆر، سەرۆک ترەمپ بەگوێی پۆمپیۆ دەکات کە مێژوویەکی لە کاری هەواڵگری و سەربازیدا هەیە.
 
 
مارک پێری، پسپۆڕی کاروباری هەواڵگری و سەربازی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "وەزیری دەرەوەمان وەکو جێگری سەرۆک وایە. دەرچووی قوتابخانەی سەربازیی وێست پۆینتە. مەشقی سەربازیی وەرگرتووە. خۆی خستووەتە پرۆسەی بڕیاردانی سەربازییەوە. بەدڵنیایەوە لەم ئیدارەدا کاریگەرترین کەسە."
 
سەرەتا پۆمپەیۆ لەناوخۆی وڵاتدا رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە. دەیانگوت ئەم پیاوە ئەمریکای لەگەڵ ئێراندا تووشی شەڕێکی گەورە کردووە.
 
تریتا پارسی، پسپۆڕی کاروباری ئێران ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو بیرۆکەیە هەیە کە دوای نەمانی قاسم سولەیمانی، گرفتەکان چارەسەردەبن. گرفتەکان ئەو کاتە چارەسەر دەبن کە هەردوولا لە دانووستان بەشداربن و چارەسەرێکی سیاسی بدۆزنەوە. ئێستا بەبەراورد بە ڕابردوو زیاتر لە چارەسەری سیاسییەوە دوورکەوتووینەتەوە."
 
رۆژی سێشەممە 07-01-2020 بۆ دوایین جار پۆمپەیۆ لەبەردەم رۆژنامەنووساندا بەرگریی لە بڕیاری کوشتنی سولەیمانی کرد. 
 
مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "بڕیاڕێکی دروستبوو. بەدروستی کردمان. وەزارەتی بەرگری کارێکی نایابی کرد. سەرۆک لەسەر بنەمایەکی تەواو یاسایی و دروست بڕیاریدا و بەشێک بوو لە ستراتیژەکەمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و چالاکییە شەڕانگێزییەکانی ئێران."
 
دوای چەند کاژێرێک لەو گوتانەی پۆمپەیۆ، ئێران دەستی بە تۆڵەکردنەوە کرد. 15 موشەکی بالیستیکی لە ئێرانەوە گرتە دوو بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە ئەنبار و هەولێر. لە کۆشکی سپی ترس زیادیکرد کە رەنگە ئێران و ئەمریکا شەڕیان لەنێواندا هەڵبگەیرسێت. ئامادەکاری کرا تاوەکو سەرۆک قسەبکات. چاوەڕێدەکرا ترەمپ بڕیاری تۆڵەکردنەوە لە ئێران بدات، بەڵام کە زانیاریی زیاتر لەبارەی هێرشەکەوە روونبووەوە، دەرکەوت پێشبینییەکانی پۆمپەیۆ دروست دەرچوون. موشەکەکانی ئێران هیچ زیانی گیانییان بە ئەمریکییەکان نەگەیاند.
 
ترەمپ ستافەکەی ناردە ماڵەوە تاوەکو خەوێکی باش بکەن. گوتارەکەی بۆ بەیانیی رۆژی چوارشەممە دواخست.  رۆژی دواتر، پۆمپەیۆ لەتەنیشت سەرۆک و بەرپرسە باڵاکانی دیکەوە سەرکەوتوو دیاربوو.
 
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتارەکەیدا رایگەیاند، "خۆشحاڵم ئاگادارتان بکەمەوە کە گەلی ئەمریکا دەبێت زۆر سوپاسگوزار و خۆشحاڵ بێت. هیچ ئەمریکییەک لە هێرشی دوێنی شەوی رژێمی ئێراندا زیانیان بەرنەکەوت."
 
 ئێران رایگەیاندووە لەبەرامبەر کوژرانی گەورە ژەنەراڵەکەیاندا هیچ هێرشێکی سەربازیی دیکە ناکەنە سەر ئەمریکا. وادیارە شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا روونادات.
 
ئێران دەڵێت لەڕێگەی دیپلۆماسییەتەوە هەوڵی دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەدات. بەڵام ئایا پۆمپەیۆ، گەورە دیپلۆماتکاری ئەمریکا دەتوانێت لەم شەڕە دیپلۆماسییەشدا لە ئێران بەرێتەوە، بەوەی عێراقییەکان رازیبکات لە بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا پەشیمان ببنەوە؟