یەختێکی کۆچبەرانی کورد لەڕێگەی نێوان یۆنان و ئیتاڵیا تێکدەشکێت

رووداو-هەولێر

یەختێک کە 52 کۆچبەری کوردی هەڵگرتبوو لە کەناراوەکانی دوورگەی كرۆتۆنێ لە سنوری ئیتاڵیا تێکشکا و چارەنووسی یەکێکیان نادیارە.


ئاری جەلال، سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران لە هەرێمی كوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، كاژێر چواری بەرەبەیانی ئەمڕۆ، یەختیک کە 52 کۆچبەری کوردی تێدابوو و لە کەناراوەکانی یۆنان بەرەو کەناراوەکانی ئیتاڵیا بەڕێکەوتبوو بە ھۆكارێكی نادیار و پێش گەیشتنی بە وشکانی تیکشکا و تەواوی کۆچبەرەکانیش کەوتنە ناو ئاوی دەریای ناوەڕاستەوە.

سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران لە هەرێمی كوردستان باسی لەوەشکرد، کۆچبەرە کوردەکان لە ئاوەکەدا ھاواریانکردووە و داوای بەهانەوەچوونیان کردووە. پۆلیسی ناوچەی تۆڕممیلسیا گەیشتوونەتە شوێنی رووداوە‌كە‌ و بە‌ چوپ و بە‌لە‌می بچووك ھاوكاریی کۆچبەرە كوردە‌كانیان کردووە و توانیویانە 49 کۆچبەریان رزگاربکەن، کە شەش کەسیان ئافرەت و چواریشیان منداڵ بوون.

ئاری جەلال گوتیشی، دوای دوو کاژێر دایکیک و منداڵیکی ساوا دۆزرانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستاش یەک کەس لە کۆچبەرەکان چارەنووسی نادیارە. 

سەرپەرشتیاری گشتی فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەران لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، دواتر کۆچبەرە كوردە‌كان لە‌ ھۆتێلێكدا بە‌رامبە‌ر شوێنی رووداوە‌كە‌ گە‌رمكراونە‌وە‌تەوە و خواردنی پێویستیان پێدراوە و ھاوكاریکراون و پاشانیش رەوانەی کەمپی سانت ئانای سەر بە شاری كرۆتۆنێ کراون.

ئاری جلال رایگەیاند، نوێنەرایەتی دەزگای لووتکەی بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران لەئەوروپا ئاگادارکردووەتەوە تەواوی هەوڵەکانیان بخەنەگەڕ بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەنووسی ئەو کۆچبەرە بێسەروشوێن بووە.