کوردێک لە بەلجیکا پاتریی ئۆتۆمبێلی کارەبایی دروستدەکات؛ 'خەونم ئەوەیە رۆژێک لە کوردستان بەرهەمیبهێنم'

09-12-2023
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
پرۆفیسۆرە کوردەکە دەڵێت، خەونی ئەوەیە رۆژێک لەسەر خاکی کوردستان ئەو پاتریە بەرهەمبهێنێت.
پرۆفیسۆرە کوردەکە دەڵێت، خەونی ئەوەیە رۆژێک لەسەر خاکی کوردستان ئەو پاتریە بەرهەمبهێنێت.
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لەمەودوا کە ناوی ئاڤێستا لە ئەوروپا و ئەمریکا دەبیسترێ، بیریان بۆ چارەسەرێکی مێژوویی بۆ کێشەی پاتریی ئۆتۆمبێل و ئامێری دیکەی ئەلیکترۆنی دەچێت. هۆیەکەشی ئەوەیە کە پرۆفیسۆرێکی کوردستانی-بەلجیکی جۆرێکی پاتریی دۆزیوەتەوە کە زووتر بارگاوی دەکرێتەوە و زۆرتریش خۆی رادەگرێت. پرۆفیسۆرە کوردەکە باس لەوە دەکات، خەونە گەورەکەی ئەوەیە کە رۆژێک بێت لەسەر خاکی کوردستان ئەو پاتریانە بەرهەمبهێنیت.
 
گیگا فاکتۆری، ناوەندی لێکۆڵینەوە و نووسینگەی سەرەکیی گرووپی کۆمپانیاکانی ئاڤێستا بۆ بەرهەمهێنانی پاتریی وشک و رەق لە شاری ئینۆڤا لە هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا کردەوە. بەوەش هەنگاوێکی نوێ بەرەو نووسینەوەی مێژوو لە بواری پاترییەکانی دواڕۆژ دەگرێتەبەر. 
 
یان یامبۆن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی هۆڵەندی زمان لە بەلجیکا لەگەڵ زانای کورد-بەلجیکی پرۆفیسۆر دکتۆر نووشین عومەر ناوەندەکە بۆ بەرهەمهێنانی پاتریی وشک بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان دەکاتەوە.
 
یان یامبۆن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرزی بەلجیکا لەو بارەیەوە لە گوتارێکدا گوتی، "ئەی بی ئی رۆڵێکی گرنگ لەو بوارەدا دەبینێت، ئەوەش گرنگە بۆ بەردەوامی لە پیشەسازی پاتری و گرنگیشە بۆ کەمکردنەوەی وزەی بەفیڕۆدراو؛ حکومەتی فلاندەرز پێیوایە کە نوێکاری و داهێنان کاریگەرترین قەڵخانە دژ بە شۆکە ئابوورییەکان. باوەڕێک کە لە نەوەی سەرەتاییەوە تا پراکتیزە داهێنەرەکان دەپارێزرێت، ئێمە لە ساڵانی هەشتاکان و نەوەدەکان لەگەڵ فڵاندەرس تێکنۆلۆجی ئینتەرناشناڵ کارمان لەسەر ئامێری نیمچەگەیەنەر کرد؛ لە ساڵی 2023 ئێمە دەبینە پێشەنگی پیشەسازی دروستکردنی پاتری."
 
سەرۆکوەزیرانی فلاندەرز بە شێوازی خۆی ئاڤێستای زەردەشتی و ئاڤێستای پرۆفیسۆری کورد-بەلجیکی شرۆڤە دەکات.
 
یان یامبۆن، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی فلاندەرز لە بەلجیکا دەڵێت، "وەک ئێوە دەزانن کە ئەی بی ئی بەمانای ئاڤێستا پاتری ئەند ئێنێرجی ئینجینیرینگ دێت، هەروەها ئاڤێستا ناوێکی ئاینییە بۆ شەش بۆ حەوت سەدە پێش زایین دەگەڕێتەوە، ئەوان باوەڕیان وابوو کە جیهان لە شەڕێکی ئەبەدی نێوان رووناکی و تاریکی پێکدێت، لەوانەیە ئەوەیە رێکەوت بێت کە پاترییەکانی کۆمپانیای ئاڤێستا بەشێوەیەکی مێتافۆڕیکی هەمان کار بکەن و هەموو تاریکیی لەنێوببەن. بەهیوام کە ئاڤێستا لە فلاندەرز بەردەوام بێت لە رووناکییە پڕشنگدارەکەی بۆ ساڵانی داهاتوودا."
 
نووشین عومەری تەمەن 41 ساڵ، کە پلەی پرۆفیسۆرە و مامۆستای زانستی سیستەمی پاراستنی وزەیە، چەند پڕۆژەیەکی لە ئەوروپا راگەیاندووە و لە بۆنەکەدا قسەی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا کرد سەبارەت بە پلانە کۆنکرێتییەکانی بۆ وەبەرهێنان لەم تەکنەلۆژیا نوێیە لە ئەمریکا.
 
پ. د. نووشین عومەر، سەرۆکی گرووپی ئاڤێستا بۆ ئەندازیاری وزە و پاتری دەڵێت، "بەهیواین کە خواستەکانمان کیشوەری ئەوروپا تێپەڕێنن و مەبەستمانە ئامادەیی جیهانیمان لە پیشەسازیی پاتریدا هەبێت، هەروەها ئێمە بەشێوەیەکی چالاکانە لە بازاڕەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا بەدوای هەلدا دەگەڕێین؛ ستراتیژییەکەمان لە نێوەڕاستی ساڵی 2024 ئاشکرا دەکەین، کە تێیدا چەندین شوێنمان لە ئەمریکا دیاری کردووە بۆ ئەوەی کاری تێیدا بکەین، هەروەها ئێمە سوپاسی پشتیوانییە بەردەوامەکانی باڵوێزی ئەمریکا لە برۆکسل و ئیدارەی سەرۆک بایدن دەکەین کە ژینگەیەکی گونجاوی بۆ ئەی بی لە ئەمریکادا دروستکردووە."
 
لە ناوەندەکەدا 60 کارمەندی پسپۆر و شارەزا کار دەکەن، کۆمەڵێکیان هەڵگری بڕوانامەی دکتۆران لە بواری ئەندازیاریی جەمسەرەکان.
 
د. نووشین عومەر دەڵێت، "سەنتەرەکە ناوی سەنتەری ئەی بی ئەی-یە، لە کۆمپانیای ئاڤێستا بۆ ئەندازیاریی وزە و پاتریی وشک-سۆلید ستەیت لە شارۆچکەی نینۆڤای هەرێمی فلاندەرزی بەلیجکا، کە یەکێکە لە گەورەترین بەرهەمهێنەرانی پاتری وشک لە سەرانسەری ئەوروپا و بۆ ئۆتۆمبێلی کارەبایی بەکاردێت، لە تایبەتمەندییەکانی پارتییەکە ئەوەیە نرخەکەی هەرزانە و دەکرێ بۆ ماوەیەکی زۆر بەکاربهێندرێت و سەلامەتیشی زیاترە لە پاتری لیسیۆم، بۆیە بەرهەمەکە لەسەر ئاستی هۆڵەندا و ئەوروپا پڕ بایەخە".
 
نووشین دڵی پڕە لە هیوا و هەمیشە زانستییانە بیردەکاتەوە بۆ ئەوەی بازاڕی کەرەستەی خاو و بەرهەمەکانی لە ئەوروپا و بدۆزێتەوە. 
 
د. نووشین عومەر لەو بارەیەوە دەڵێت، "چین گەورەترین بەرهەمهێنەری پارتی وشکە کە نزیکەی 70٪ی کۆی بەرهەمی پاتریی وشک لەوێ بەرهەمدەهێندرێت، ئێستا بازاڕی ئەوروپا دەکەوێتە کێبڕکێی بەرهەمهێنان، سەرەتا لە پاتری ئۆتۆمبێلی کارەبایی و چارەسەرکردنی ئەو کێشە کارەباییانەی ئێستا لە ئەوروپا سەریان هەڵداوە، بۆیە چاومان لەسەر ئەوەیە کە بەرهەمی کۆمپانیاکەمان شوێنی بەرهەمی چین بگرێتەوە لە ئەوروپا، هەروەها لەمەودوا جیهان دوور دەکەوێتەوە لە بەنزین و گاز و جێگرەوەشیان پاتریی وشک و وزەی پاک دەبێت. بەداخەوە کەرەستەی خاو بۆ بەرهەمهێنانی پاتریی وشک لە ئەوروپا زۆر کەمن، بەشێکی کەم لە فینلاند هەن، هەروەها کەمێکیشی لە رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەن، بەڵام بە گشتی و زۆرینەی کەرەستەی خاو لە ئەمریکای لاتین هاوردە دەکرێن، دەزانین کە لە چیاکانی کوردستان ئەو مادە خاوانەی وەک گرافیتی و ماگرافیت هەبن، بەڵام تاوەکو ئێستا توێژینەوەیەک لەسەر ئەو مادانە نەکراوە بزانین جۆر و کوالێتییەکەی چۆنە، بەڵام لە چیاکانی باکوور و باشووری کوردستان ئەو مادانە هەن، بەتایبەتی لیسیۆم ، بەڵام بەداخەوە تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لێکۆڵینەوەی لەو بارەیەوە نەکردووە". 
 
راهۆل، یەکەم کەس بوو لەگەڵ نووشین کاریکردووە، لە زانکۆی برۆکسل خوێندکاری ئەو بووە. ئێستا راهۆلی خەڵکی هیندستان و هەڵگری بڕوانامەی دکتۆرا بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای ئاڤێستایە.
 
راهۆل گۆپالاکریشنان، بەرێوەبەری جێبەجێکاری گرووپی ئاڤێستا بۆ ئەندازیاری وزە و پاتری دەڵێت، "پێموایە کە ئەوەی ئێمە لێرە هەوڵی دروستکردنی دەدەین، ئەوەیە کە پاترییەکی تایبەت دروست بکەین، ئەو پاتریانە پاتری داهاتوون، وایان پێدەڵێین لەبەر ئەوەی ئەو پاتریانە توانای ئەوەیان هەیە کە سەلامەتتر بن و دەتوانن کە مەودای کارکردنی زیاتر بۆ ئۆتۆمبێلە کارەباییەکان زیاتر بکەن و لەوانەی ئۆتۆمبێلەکان بتوانن کە بەو پاتریانە مەودای دوو هێندەی پاترییەکانی پێشوو ببڕن، ئەوەش ئەو تەکنەلۆژیایەیە کە ئێمە لێرە کاری لەسەر دەکەین."
 
راهول گۆپالاکریشنان لەبارەی ئەوەی کەی پاترییەکانیان لە بازاڕەکانی جیهاندا بەردەست دەبن، باس لەوە دەکات، "پێموایە کە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا دەیبینین، ئێمە لێرەین، بەڵام پێموایە کە کێشە لە زنجیرەی دابینکردا هەیە، ئێمە ئێستا کار لەسەر زنجیرەی دابینکردا دەکەین و لەگەڵ هاوبەشەکانمان دەمانەوێت زنجیرەی دابینکردن بەهێزتر بکەین و بتوانین کە مادەکان بە تۆن بەدەست بخەین و ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکەین، پێم وایە کاتێک کە زنجیرەی دابینکردن ئامادە دەبێت، دەتوانن پاترییەکان لە بازاڕەکاندا ببینن". 
 
لەسەر دوو لەو ئۆتۆمبێلانەی کە گرووپی ئاڤێستا وەکو سامپڵ پێشانیداون، پاتریی سۆڵید ستەیتیان لەسەر جێگیر کراوە و دوور نییە لە کاتێکی نزیکدا بەرهەمی گیگا فاکتۆری لەسەر ئۆتۆمبێلەکان لە سەرتاسەری جیهان جێگیر بکرێن. 
 
کردنەوەی ناوەندەکە و کۆمپانیاکەش بۆ نووشین و خانەوادەکەی کە خەڵکی قامشلۆی رۆژئاوای کوردستانن، پێش 30 ساڵ گەیشتوونەتە بەلجیکا و لەوێ دەژین، وەک خۆی دەڵێت خەونەکەی هێناوەتە دی، بەڵام خەونە گەورەکەی ئەوەیە کە رۆژێک بێت لەسەر خاکی کوردستان ئەو پاتریانە بەرهەمبهێنیت.
 
د. نووشین عومەر دەڵێت، "پرۆژەیەکمان هەیە بە ناوی کورد ڤۆڵتس و دەمانەوێ لە کوردستان دایبمەزرێنین، بەڵام هێشتا لێکۆڵینەوەی پێویست ماون، هەروەها پێویستیمان بە هەماهەنگی و رێپێدانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، چاومان لەوەیە رۆڵی پاتریی وشک و وزەی پاک لە کوردستان زیاتر بکەین و دوارۆژ دەکەوێتە سەر ئەو وزە و پارتییە و دڵنیاین کە کوردستان پێویستی زۆری پێدەبێت، چونکە شوێنگرەوەیەکی باشی پترۆڵە و ژینگەیەکی پاکیش دەڕەخسێنێت".   
 
ئەو پرۆفیسۆرە کوردە ئاماژە بەوەش دەکات، "دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە بەهای کارگەکە لە هۆڵەندا ئێستا 27 ملیۆن یۆرۆ و دەمانەوێ تاوەکو ساڵی 2026، 100 ملیۆن دۆلاری دیکەش تەرخان بکەین بۆ زیادکردن و باشترکردنی بەرهەمەکانمان لە بەلجیکا، هەروەها دوو پرۆژەی دیکەی هاوشێوەمان دەبن، یەکێکیان لە بولگاریا و ئەوەی دیکەشیان لە رۆمانیا، بەمەش کۆی سامانی کۆمپانیایەکە دەگاتە 2 ملیار و 500 ملیۆن یۆرۆ." 
 
لەبارەی ئەوەی کە ئایا بەرهەمەکانیان تەنیا ناوی ئەی بی ئی لەسەر دەبێت یان ناوی ئاڤێستاش، نووشین عومەر دەڵێت، "نەخێر ناوی ئاڤێستاشی لەسەر دەبێت و هەرچەندە پرۆژەکەشمان لە ئەوروپا گەورەیە، بەڵام خەونی گەورەکردنی پڕۆژەکەم ئەوەیە کارگەیەکی گەورە لە کوردستان بکەمەوە".
 
ئەو پرۆژەی نووشین و هاوکارە بەلجیکی و ئەوروپییەکانی کە هەنگاوێکی زانستی و پیشەسازییە و ئەندازیاری دوارۆژ کە هاتووچۆکردنی لەسەر بونیاد دەنرێت، نەک تەنیا بۆ ئەو، بەڵکو بۆ  هەموو کورد و بەلجیکییەک دەبێتە جێگەی شانازی.
 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی دۆناجین ویڵد لەکاتی تۆمارکردنی ریکۆردەکەی

ژنێکی 59 ساڵان ریکۆردی زۆرترین شناوی شکاند

دۆناجین ویڵد، تەمەنی 59 ساڵە و خەڵکی پارێزگەی ئەلبێرتای کەنەدایە، توانی ریکۆردی زۆرترین شناو لە کاژێرێکدا بۆ ژنان لە کتێبی گینس بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات. ویڵد هەزار و 575 شناوی لە کاژێرێکدا لێدا.