گەشتوگوزاری دهۆک دەیەوێت گەشتیاری رووسی و یۆنانی بباتە پارێزگاکە

09-12-2023
هونەر رەشید
دیمەنێکی گشتیی پارێزگای دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
دیمەنێکی گشتیی پارێزگای دهۆک. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گەشتوگوزاری دهۆک بانگهێشتی 10 کۆمپانیای گەشتیاریی رووسی و یۆنانی کردووە و دەیەوێت سەرنجی گەشتیارانی ئەو دوو وڵاتە بۆ پارێزگاکە رابکێشێت.
 
پەیامنێری رووداو چووەتە نێو یەکێک لە هۆتێلەکانی دهۆک کە 11 ساڵە دروستکراوە و خاوەنەکەی دەڵێت، لە وەرزی هاوین و کاتی بەفردا گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن، بەڵام ئێستا چوونی گەشتیار بۆ هۆتێلەکەیان زۆر کەمی کردووە و بەوهۆیەوە 50٪ـی کارمەندانی کەم کردوونەتەوە.
 
فەوزی حەسەن، خاوەنی هۆتێل بە رووداوی گوت، "هاتنی گەشتیاران کەمی کردووە، چونکە ئێستا کاتی پشوو نییە و بەفریش هێشتا نەباریوە، چاوەڕێی سەری ساڵ دەکەین بۆ هاتنی گەشتیاران. 30 کارمەند لای ئێمە کاریان دەکرد، ئێستا تەنیا 15 کارمەندمان هەیە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزای دهۆک بانگهێشتی 10 کۆمپانیای رووسی و یۆنانی کردووە بۆ ئەوەی گەشتیاری زیاتر رابکێشێتە پارێزگاکە و دەیەوێت ئاڵوگۆڕی گەشتیاران بکات لەنێون دهۆک و ئەو دوو وڵاتە.
 
خەیری عەلی ئوسو، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دهۆک دەڵێت، "ئێمە زۆر جار ئەوەمان گوتووە کە نابێت تەنیا پشت بە گەشتیاری عێراقی و ناوخۆیی ببەستین، بەڵکو پێویستە هەوڵی ئەوە بدەین کە گەشتیار لە دەرەوەش بانگهێشتی پارێزگای دهۆک بکەین بۆ خزمەتکردنی کەرتی گەشتیاریی پارێزگای دهۆک."
 
خاوەنی کۆمپانیایەکی رووسی دەڵێت، هاتوون بۆ ئەوەی لە نزیکەوە پارێزگای دهۆک ببینن و هەوڵدەدەن گەشتیار ببەنە ئەو پارێزگایە.
 
بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری دهۆک، پار دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار چوونەتە پارێزگاکە، ئەمساڵیش تاوەکو مانگی 10 نزیکەی دوو ملیۆن و 300 هەزار گەشتیار چوونەتە پارێزگاکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە