جۆرجیا سەرکردەیەکی داعش دەستبەسەر دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

جۆرجیا کەسایەتییەکی دیاری نێو داعش دەستبەسەر دەکات. بەرپرسانی وڵاتەکەش دەڵێن، لەنێو داعشدا، "رۆڵێکی کاریگەری هەبووە." 
 
رۆژی پێنجشەممە 8ـی کانوونی یەکەمی 2022، ئاژانسی ئاسایشی جۆرجیا رایگەیاند، کەسێکی بە رەچەڵەک جۆرجییان دەستگیرکردووە کە وەکو خۆی دەڵێت بووەتە "کەسایەتییەکی کاریگەری نێو داعش." 
 
ئاژانسەکە ڤیدیۆیێکیان بڵاوکردەوە کە تێیدا کەسێک بە ناوی تسیسکارا تۆخۆساشڤیلی لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیردەکرێت و لە فڕۆکەخانەی تبلیسیی پایتەختی وڵاتە دەبردرێتە دەرەوە. تۆمەتبارەکە، وەکو پۆلیس دەڵێت، بە "ئەمیر عیسا" ناوی دەرکردبوو. 
 
باچا ئێمگیلادزێ، جێگری سەرۆکی ناوەندی دژە تیرۆر لە ئاژانسی ئاسایشی جۆرجیا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، تۆخۆساشڤیلی "لە ساڵی 2015دا چووەتە ریزەکانی داعش و بەشداریی لە جموجۆڵی شەڕ لە عێراق و سووریادا کردووە." 
 
بەرپرسانی وڵاتەکە ئاماژەیان بە ماوەی مانەوەی ئەمیر عیسا لەنێو ریزەکانی داعش نەداوە، بەڵام ئێمگیلادزێ گوتی کە لەو ماوەیەی لەنێو داعشدا بووە، "سەرکردایەتیی یەکەیەکی رێکخراوەکەی لە ناوچەی شەڕدا کردووە." 
 
میدیای جۆرجیاش بڵاویکردەوە، ئەگەر تۆمەتەکانی بەسەردا ساخببنەوە، تۆخۆساشڤیلی 10 بۆ 17 ساڵ بەند دەکرێت.