بەریتانیا سەرۆکی تۆڕێکی قاچاخچییانی کورد بە 8 ساڵ زیندانیکردن سزادەدات

09-12-2022
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

هاونیشتمانییەک بە بێ ئامادەبوون لە دادگەیەکی بەریتانیا سزای هەشت ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا. پیاوە کوردەکە تۆمەتبارە بە سەرۆکایەتیکردنی تۆڕێکی قاچاخچیی کۆچبەرانی کورد و ئێستا هەڵاتووە. تارق نامیق، تەمەنی 45 ساڵە و لە ناوچەی ئۆڵدهام لە نزیک مانچستەر لە باکووری ئینگلاند دەژیت. 
 
ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا دەڵێت، تارق نامیق سەرۆکایەتیی "دامەزراوەیەکی تاوانکاریی گەورە و ئاڵۆزی کردووە" کە کۆچبەرانی کوردی لەنێو بارهەڵگرەکاندا شاردوونەتەوە و بە قاچاخ بردوونی بۆ بەریتانیا. 
 
باندە کوردییەکە کاری لەگەڵ قاچاخچییانی دەرەوەی بەریتانیا کردووە و تۆمەتبارن بە گواستنەوەی هەزار و 900 کۆچبەر لە وڵاتانی بەڵقانەوە بۆ فەرەنسا و ئەڵمانیا لە ماوەی 50 رۆژدا. لەو دوو وڵاتەشەوە، گرووپە قاچاخچییەکە بە چەند رێگەیەک کۆچبەرانی بردووەتە بەریتانیا بۆ ئەوەی لەوێ داوای مافی پەنابەرێتی بکەن. 
 
بە گوێرەی ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا، گرووپە قاچاخچییەکان رێگەی قاچاخی نۆکەندی ئینگلیزیان کۆنتڕۆڵکردووە و خەڵک بە بارهەڵگر و بەلەمی بچووک دەگوازنەوە. 
 
زیادبوونی بەلەمە بچووکەکان لە ساڵی 2017ـەوە بووەتە هۆی ئەوەی ساڵانە هەزاران کۆچبەر خۆیان بگەیێننە کەناری باشووری رۆژهەڵاتی ئینگلاند. 
 
دەگوترێت هۆکاری گۆڕانی شێوازی کۆچکردنی قاچاخ لە بارهەڵگرەکانەوە بۆ بەلەمی بچووک، توندکردنی رێکارە ئەمنییەکانە. چوار کەسی دیکەش لەگەڵ تارق نامیق سزای نێوان 16 مانگ تا پێنج ساڵیان بۆ بڕایەوە، ئەوەش بەهۆی بەشداریکردنیان لە گواستنەوەی نایاسایی کۆچبەران.  
 
هەر پێنج سزادراوەکە لە دانیشتنەکانی پێشتری دادگەی شاهانەی مانچێستەر دانیان بەو تاوانانەدا نابوو کە پێی تۆمەتبارکرابوون.
 
بەڵام ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا دەڵێت، تارق نامیق رۆژی هەینی نەرۆیشتبووە دادگە و بێ ئامادەبوون سزاکەی بۆ دەرکرا. دەشڵێت، فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرکراوە و ئاژانسەکە "لەگەڵ هاوبەشەکانی کاردەکات بۆ ئەوەی دەستبەجێ دەستگیری بکەن."
 
ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات: "گرووپە تاوانکارەکە هەوڵیداوە سیستمی پەناخوازیی بەریتانیا لە پێناو بەرژەوەندیی دارایی خۆیان پێشێل بکەن و کۆچبەرانیان خستووەتە مەترسیی گەورەوە کە منداڵانی بچووکیشیان لەنێودابووە." 
 
ئەو گرووپە لەگەڵ ژمارەیەک شوفێری بارهەڵگرەکان رێککەوتبوون کە زۆربەیان لە تورکیاوە دەڕۆیشتن بۆ ئەوەی کۆچبەران بە خاکی ئەوروپادا بگوازنەوە. 
 
زۆربەی ئەو کۆچبەرانە خەڵکی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان و عێراق و ئێران بوون. قاچاخچییەکان هەزار و 900 دۆلاریان لە هەریەکیان وەرگرتووە. 
 
دوای گەییشتنیان بە ئەوروپا، قاچاخچییەکان دوو رێگەیان خستووەتە بەردەم کۆچبەران بۆ ئەوەی بیانگوازنەوە بەریتانیا، بەڵام بۆ ئەوە داوای پارەی زیاتری لێ کردوون، ئەمە بە گوێرەی ئاژانسی بەرەنگاربوونەوەی تاوانی بەریتانیا. 
 
یەکێک لە رێگەکان، شاردنەوەی یەک تاکە کۆچبەر بووە لەنێو بارهەڵگرەکاندا کە ئەمە پارەی زیاتری تێچووە. دوای گواستنەوەی بە بارهەڵگر، قاچاخچییەک لە بەریتانیا پێشوازیی لە کۆچبەرەکە کردووە.  
 
رێگەی دیکە، شاردنەوەی ژمارەیەکی زیاتری کۆچبەران بووە لەنێو بارهەڵگرێکدا کە لە لایەن قاچاخچییەکەوە لێخوڕدراوە. دوای دەربازکردنیان بەنێو خاڵی پشکنینی سەر سنوور، کۆچبەرەکان دابەزێنراون و هەریەکە و بە شوێنی مەبەستی خۆیدا رۆیشتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی هەسارەی زەوی کە لە ساڵی 1968 لەلایەن ئەپۆڵی هەشتەوە گیراوە.

توێژینەوەیەکی نوێ: گۆڕانی کەشوهەوا رۆژگار درێژ دەکات

زانایان لە دیاردەیەکی سەیری تایبەت بە زەوییان کۆڵیوەتەوە و بۆیان دەرکەوتووە کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریاکان بەهۆی گۆڕانی کەشوهەواوە وایکردووە زەوی لە کەمەریەوە هەڵبئاوسێت، ئەمەش سووڕانەوەی زەوی هێواش دەکات و دەبێتە هۆی درێژبوونەوەی رۆژ.