ئەمریکا داوا لە هاووڵاتیانی دەکات سەردانی عێراق نەکەن
رووداو - هەولێر
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا هۆشداری دەداتە هاوڵاتیانی بەهۆی زیادبوونی گرژی لە خۆپیشاندانەکان، سەردانی عێراق نەکەن و ئەوانەشی لە عێراقن خۆیان لەو ناوچانە بەدووربگرن کە خۆپیشاندانیان تێدایە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا رایگەیاندووە، هۆشدارییەکە هەرێمی کوردستان ناگرێتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دەڵێت "بەگوێرەی راپۆرتەکان، چاوەڕێدەکرێت لە رۆژی 10ـی ئەم مانگەوە خۆپیشاندان زیادبێت و لایەنی ئەمنی تووندتر بکرێت".
لە هۆشدارییەکەیدا باڵیۆزخانەی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە، هاوڵاتیانی ئەمریکی لە عێراق پێویستە خۆیان لابدەن لە ئەو ناوچانەی خۆپیشاندانیان تێدایە، لەگەڵ لایەنی بەرپرس هەماهەنگی بکەن و لەڕێگەی میدیاکانەوە ئاگاداری دوا گۆڕانکارییەکان بن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق سبەی سێشەممە 10-12-2019ـی کردووەتە پشوو بەهۆی یادی تێکشکاندنی داعش و بەوهۆیەوە چاوەڕوان دەکرێت خاڵەکانی پشکنین دابخرێن و قەرەباڵخی دروستببێت.