رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) بە رووداوی راگەیاند، ئەمریکا هێرشە ئاسمانییەکەی دوێنێ شەوی سەر سنووری سووریا - عێراقی ئەنجام نەداوە. هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیش دەڵێت، هیچ وڵاتێکی نێو هاوپەیمانییەکە دەستی لە هێرشە ئاسمانییەکەدا نەبووە، هاوکات ئیسرائیلیش رەتیدەکاتەوە لێدوان لەو بارەیەوە بدات.
جۆ بۆچینۆ، گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا لە وەڵامی ئیمەیڵێکی رووداودا گوتی: "ئەوە هێرشێکی ئەمریکی نەبووە."
رۆژی چوارشەممە 9-11-2022، عەبدوڵڵا جغێفی، ئەندامی هاوپەیمانیی ئەنباری یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوای دەرچوونیان لە دەروازەی قائیم بە ئاراستەی سووریاوە بە دووری نزیکەی 25 مەتر، فڕۆکەکانی هاوپەیمانان، کاروانێکی تانکەری نەوتیان بۆردوومان کرد، کە نەوتیان بە قاچاخ دەبردە سووریا.
میدیای نزیک لە حەشدی شەعبی باس لەوە دەکەن، لە بۆردوومانەکەدا 25 کەس کوژراون و 20 تانکەریش سووتاون؛ بەڵام تائێستا بە فەرمیی هیچ زانیارییەک رانەگەیێندراوە. سەرچاوە خۆجێییەکانی سووریاش دەڵێن، لە هێرشە ئاسمانییەکەدا 14 کەس کوژراون و چەند پێگەیەکی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێرانیش لە نزیک ئەو ناوچەیە بۆردوومانکراون.
ئەمڕۆ، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتیی دەکات، بە رۆژنامەڤانانی گوت، هیچ بەشداریێکی لە هێرشەکەدا نەبووە. سوپای ئیسرائیلیش رەتیکردووەتەوە هیچ قسەیەک لەسەر بابەتەکە بکات.
بەگوتەی عەبدوڵڵا جغێفی کە هاوکات یەکێکە لە سەرکردەکانی حەشدی هۆزەکان لە قەزای حەدیسە، "شەوانە بەردەوام بە تانکەر نەوت لە عێراقەوە دەبرێتە سووریا و لوبنان." گوتیشی، بە دروستی ژمارەی ئەو تانکەرانە نازانرێت، کە بۆردوومان کراون، رەنگە ژمارەیان 15 تاوەکو 20 تانکەری پڕ لە نەوت بێت.
عەبدوڵڵا جغێفی راشیگەیاند: "بەشێوەیەکی رێکخراو نەوت لە دەروازەی سنووری قایم بە قاچاخ دەبرێت، لەگەڵ ئەوەی گوێمان لێ دەبێت نەوت بە قاچاخ لە بەسرە و ناوچەکانی دیکەش دەبرێت."
گوتەبێژێکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بە ئاژانسی فرانس پرێسی گوتووە، هێرشە ئاسمانییەکە لە لایەن ئەوان یان ئەمریکا نەکراوە.
هاوکات گوتەبێژێکی سوپای ئیسرائیل بە ئاژانسەکەی گوتووە: "ئێمە لێدوان لەسەر راپۆرتە میدیاییە بیانییەکان نادەین."
ئیسرائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشە سەربازییەکانی لە سووریادا دەدات، مەگەر ئەو ئۆپەراسیۆنانە نەبن کە وەڵامی راستەوخۆن بۆ ئەو شتەی سوپا بە هەڕەشەی راستەوخۆ دایدەنێت.
بەڵام ئیسرائیل دان بەوەدا دەنێت کە لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆی سووریاوە لە ساڵی 2011، سەدان هێرشی ئاسمانی و مووشەکیی لە نێو سووریادا ئەنجامداوە و تێیاندا پێگەکانی حکومەتی سووریا و هێزکانی لایەنگری ئێرانی بە ئامانجکردووە.
ئیسرائیل رایگەیاندووە رێگە بەوە نادات ئێرانی دووژمنی لە مێژینەی، شوێنپێی خۆی لە سووریای دراوسێیدا پتەو بکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ