ئازەربایجان کۆنترۆڵکردنی شارێکی قەرەباخ رادەگەیێنێت و ئەرمینیاش دەڵێت شەڕ بەردەوامە


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی ئازەربایجان کۆنترۆڵکردنی شارێکی "گرنگی" هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخی راگەیاند و هەریەکە لە مەولود چاوشئۆغڵو و خولوسی ئاکار، وەزیرانی دەرەوە و بەرگریی تورکیاش بۆ پیرۆزبایی و دووپاتکردنەوەی پشتیوانی سەردانی ئازەربایجانیان کرد. 
 
ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان لەبارەی دوایین ئامارەکانی شەڕی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەرمینیا و پشتیوانیی وەزیرەکانی تورکیا بۆیان رایگەیاند، "ئازادکردنی شار و شارۆچکەکانمان و ئازادکردنی شاری شووشە، شارە ئازەربایجانییەکەی خۆمان رووداوێکی گەورەیە. زۆر خۆشحاڵین کە ئێوە هەموو ئەو رێگەیەتان بڕیوە تا بێنە ئێرە و لەگەڵمان ئاهەنگ بگێڕن".
 
شاری شووشە لە رووی سەربازییەوە بۆ ئەرمینیا و ئازەربایجانیش گرنگە. 
 
شارەکە بە دووری 10 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری ستێپانکێرتی پایتەختی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ و دەکەوێتە سەر ئەو رێگەیەی کە هەرێمە ناکۆکی لەسەرەکە بە ئەرمینیاوە دەبەستێتەوە. 
 
دوای پێشڕەوی هێزەکانی ئازەربایجان بەرەو شاری شووشە، ئاوارەبوونی خەڵکی ئەو شارە و پایتەختی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ بەرەو ئەرمینیا دەستیپێکرد.
 
خەڵکی ئازەربایجانیش بە بۆنەی کۆنترۆڵکردنی شاری شووشە، لە باکووی پایتەختی وڵاتەکەیانەوە ئاهەنگ دەگێڕن، بەڵام خەڵکی شووشە کە ئێستا ئاوارەی ئەرمینیا بوون، دەڵێن بڕوای تەواویان بە سوپای ئەرمینیا و هێزەکانی قەرەباخ هەیە کە لە ماوەیەکی نزیکدا شارەکەیان کۆنترۆڵ دەکەنەوە. 
 
لیزمۆنیا ئۆهانجانیان، ئاوارەی هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخە لە ئەرمینیا دەڵێت، "شووشە شاری ئێمە بوو، هەر بە شاری ئێمەش دەمێنێتەوە. عەلیێڤ وەکو گەمژەیەک رەفتاریکرد کە گوتی ئەوان شووشەیان داگیرکردووە. سەربازەکانمان وەکو شێر لەوێ شەڕ دەکەن. نەوەکەیشم لەم کاتەدا لەوێیە و شەڕ دەکات. دەزانم سەربازەکانمان هەرگیز شاری شووشە بەدەستەوە نادەن. ئەوان دەستبەرداری ژیانیان دەبن، بەڵام دەستبەرداری شووشە نابن". 
 
بەرپرسانی ئەرمینیاش رەتیدەکەنەوە لە شارەکە پاشەکشەیان کردبێت و دەڵێن لەنێو و دەوروبەری شارەکەش شەڕ بەردەوامە.