گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ رووداو: چاودێریی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دەکەین

09-10-2024
تەنیا ئەحمەد
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەوان پاڵپشتیی لە هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و شەفاف دەکەن. راشیگەیاند "کارمەندانمان لە عێراق لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە لە بنکەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشداردەبن."
 
شەوی چوارشەممە 09-10-2024 ماتیو میڵەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداوی لە واشنتن گوت "پاڵپشتیی هەموو هەوڵێک دەکەین بۆ دڵنیاییدان لە هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و شەفاف بەبێ هیچ رێگرییەک یان دواکەوتنێکی زیاتر. داوای بەشداریی چالاکانەی کۆمەڵگەی سڤیل و میدیا دەکەین بۆ پاڵپشتیکردنی گوتاری سیاسی و هۆشیارکردنەوەی خەڵک، لەو پرسانەی بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گرنگن."
 
لەبارەی پرۆسەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن، دیار کوردە پرسی "ئایا حکومەتی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێریی ئەو هەڵبژاردنە دەکات؟" میڵەر لە وەڵامدا رایگەیاند "لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و نێردەی هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە پەیوەندییەکی بەردەوامداین، بۆ دڵنیابوونەوە لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتیشی "کارمەندانمان لە عێراق لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە لە بنکەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشدار دەبن."
 
دەقی پرسیار و وەڵامەکان:

رووداو: سوپاس مات، لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بێوچان هەوڵدەدات بۆ بەدوورگرتنی عێراق لە شەڕی ناوچەکە، هەرێمی کوردستان 10 رۆژی دیکە هەڵبژاردن ئەنجامدەدات، هەڵبژاردنێک کە حکومەتی ئەمریکا بە بەردەوام هانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دەدات تەنانەت زووتر لەو کاتەی ئێستا ئەنجامی بدەن، ئێستا ئەمریکا چۆن سەیری پڕۆسەی هەڵبژاردنەکە، هەروەها کامپەینی هەڵبژاردنیش بە گشتی دەکات؟
 
ماتیو میڵەر: هەڵبژاردن ئامرازێکی گرنگی پرۆسەی دیموکراسییە. پاڵپشتیی هەموو هەوڵێک دەکەین بۆ دڵنیاییدان لە هەڵبژاردنێکی ئازاد، دادپەروەر و شەفاف بەبێ هیچ رێگرییەک یان دواکەوتنێکی زیاتر. داوای بەشداریی چالاکانەی کۆمەڵگەی سڤیل و میدیا بۆ پاڵپشتیکردنی گوتاری سیاسی و هۆشیارکردنەوەی خەڵک، لەو پرسانەی کە بۆ دانیشتووانی هەرێمی کوردستان گرنگن.
 
رووداو: ئایا حکومەتی ئەمریکا لە نزیکەوە چاودێری ئەو هەڵبژاردنە دەکات، یان هیچ ئاژانسێکی ئەمریکی لە هەرێمی کوردستان دەبن بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە لە رۆژی بەڕێوەچوونی دا؟
 
ماتیو میڵەر: لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و نێردەی هاریکاریی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە پەیوەندییەکی بەردەوامداین، بۆ دڵنیابوونەوە لە ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردن. کارمەندانمان لە عێراق لە چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکە لە بنکەکانی هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستانی عێراق بەشداردەبن. ئەمەش ئەو کارەیە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان و پسپۆڕانی نێودەوڵەتیی هەڵبژاردن دەیکەین.
 
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە