سی ئای ئەی بەدوای 'هەواڵدەر'ـی ئێرانی، کۆری و چینیدا دەگەڕێت

رووداو دیجیتاڵ

ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) لە تۆڕی کۆمەڵایەتی بە زمانەکانی فارسی، کۆری و چینی چەند رێنماییەکی بڵاوکردەوە و نووسی "ئەم رێنماییانە جێبەجێبکەن ئەگەر دەتانەوێت بە شێوەیەکی سەلامەت پەیوەندیمان پێوەبکەن."
 
سی ئای ئەی لە هەریەک لە فەیسبووک، ئێکس، ئینستگرام، تەلەگرام، یوتیوب و لینکدئین سێ ڤیدیۆی بە زمانەکانی فارسی، کۆری و چینی بڵاوکردەوە. ڤیدیۆکان بێدەنگن و لە چەند سلایدێک پێکدێت، لە هەر سلایدێک بە چەند هەنگاوێک "چۆنیەتی دەستڕاگەیشتن بە شێوەیەکی سەلامەت بە سی ئای ئەی" روونکراوەتەوە.
 
گوتەبێژێکی ئاژانسەکە گوتی "هەوڵەکانمان لەسەر ئەم بابەتە لە رووسیا سەرکەوتووبوون، دەمانەوێت لەوە دڵنیابینەوە کە خەڵک لە وڵاتەکانی دیکەی دەسەڵاتخوازیدا بزانن، دەرگەی ئێمە بۆ بزنس و کارکردن کراوەیە."
 
هەرچەندە سی ئای ئەی لە راگەیێنراوەکەی وشەی "سیخووڕ، دامەزراندن، کار بۆ کردن یان هەواڵدەر"ـی بەکارنەهێناوە، بەڵام چەندین ئاژانسی میدیایی باس لەوە دەکەن مەبەستی سی ئای ئەی ئەوەیە چەندین "هەواڵدەر" لەو سێ وڵاتە کۆبکاتەوە، "هەروەک لە رووسیا کردی."
 
ئەو گوتەبێژە هەروەها گوتی "تەکنەلۆژیا خەریکە جیهانمان دەگۆڕێت و وڵاتە دەسەڵاتخوازەکانیش کار بۆ ئەوە دەکەن تەکنەلۆژیا جڵەو بکەن بۆ ئەوەی خەڵکی خۆیانی پێ کۆنترۆڵبکەن."
 
لە ڤیدیۆکە داوا لە خەڵکی ئەو سێ وڵاتە کراوە لە رێگەی وێبسایتی فەرمیی سی ئای ئەی پەیوەندییان پێوەبکەن؛ پێش بەکارهێنانی وێبسایتەکەش ڤی پی ئێن بەکاربهێنن بۆ شاردنەوەی شوێنەکانیان. لە ڤیدیۆکە نووسراوە "سەلامەتیی ئێوە خاڵی سەرەکیی نیگەرانیی ئێمەیە."
 
لە ڤیدیۆکە هەروەها داواکراوە ئەوانەی دەیانەوێت پەیوەندی بەو ئاژانسەوە بکەن؛ ناو، شوێن و زانیاریی پەیوەندیی وەکو ژمارەی تەلەفۆن و ئیمەیڵ دابنێن، بەڵام دەکرێت هەموو زانیارییەکانیش خوازراو بن و راستەقینە نەبن. سی ئای ئەی هەروەها رایگەیاندووە، دەکرێت وەڵامدانەوە زۆری پێ بچێت.
 
لیو پێنگیو، گوتەبێژێکی باڵیۆزخانەی چین لە ئەمریکا گوتی "ئەمریکا هەڵمەتێکی رێکخراو و سیستەماتیکی زانیاریی هەڵە لە دژی چین دەستپێکردووە. ئەمە هەوڵێکە بۆ دروستکردنی کەلێن لەنێوان خەڵکی چین و پارتی کۆمیونیستی چین بۆ ئەوەی پەیوەندییە بەهێزەکەیان لاواز بکەن، بەڵام لەوە شکست دەهێنن."
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی سی ئای ئەیدا هاتووە "دەوڵەتە دەسەڵاتخوازەکان لە سەرانسەری جیهان سنوور بۆ خەڵکی خۆیان دادەنێن و ناهێڵن دەستیان بە زانیاری بگات، ئەوان هەروەها سنوور بۆ ئازادیی جوڵە و پەیوەندییەکانیشیان دادەنێن. هەربۆیە، خەڵکی ئەو شوێنانە دەستیان بە تۆڕی کۆمەڵایەتیی رۆژئاوا ناگات و ناتوانن دەنگی خۆیان هەڵبڕن."