رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ بڵاویکردەوە، زانایەکی ئەمریکی و دوو زانای بەریتانی بەهۆی کارێکیان لە بواری پێکهاتەی پرۆتین خەڵاتی نۆبڵ بۆ کیمیایان بردەوە. بەهای خەڵاتەکە یەک ملیۆن دۆلاری ئەمریکییە.
رۆژی چوارشەممە 9ی تشرینی یەکەمی 2024، هانس ئیلەرگن، سکرتێری گشتیی پەیمانگەی ئەکادیمی شاهانەی سوێد رایگەیاند "پەیمانگەی ئەکادیمی شاهانەی سوێد ئەمڕۆ بڕیاری دا خەڵاتی نۆبڵ بۆ کیمیای ساڵی 2024، بە هاوبەشی بدرێتە دەیڤد بەیکەر، لە زانکۆی واشنتنی ئەمریکا بۆ دیزاینکردنی پرۆتین و دێمیس هەسابیس و جۆن جەمپەر لە کۆمپانیای گۆگڵ دیپمایند (کۆمپانیایەکی ئەمریکی- بەریتانییە و لە بواری ژیریی دەستکرد دا کاردەکات) لە بەریتانیا بۆ پێشبینیکردن بۆ پێکهاتەی پرۆتین."
ساڵی 2003، جۆن بەیکەر پرۆتینێکی نوێی دیزایین کرد و خۆی و گرووپی توێژینەوەکەی لەو رێگەیەوە پرۆتینی دیکەیان دروستکردووە، کە دەتوانرێت لە دروستکردنی دەرمان، ڤاکسین و هەستەوەری بچووک سوودیان لێ ببیندرێت.
دوو زانا بەریتانییەکەش توانیویانە مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد دروستبکەن، کە دەتوانێت پێشبینی پێکهاتەی ئەو 200 ملیۆن پرۆتینە بکات، کە تائێستا دۆزراونەتەوە.
بەهای خەڵاتەکە یەک ملیۆن دۆلارە. زانا ئەمریکییەکە نیوەی وەردەگرێت و نیوەکەی دیکەش لەنێوان دوو زانا بەریتانییەکەدا دابەشدەکرێت.
پار خەڵاتی نۆبڵ بۆ کیمیا درایە سێ زانا بۆ کارێکیان کە پەیوەندی بە دۆزینەوەیەکی کوانتەمەوە هەیە. کوانتەم تەنۆلکەی بچووکن کە تیرەکەیان چەند نانۆمەترێکە و رووناکی رەنگاورەنگیان هەیە، تەنۆلکەی کوانتەم لە دروستکردنی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان و پزیشکیدا بەکاردەهێندرێت.
پێدانی خەڵاتی نۆبڵ بۆ کیمیا لەکاتێکدایە، دوێنێ لیژنەی سەرپەرشتیی خەڵاتی نۆبڵ بڵاویکردەوە، جۆن هۆپفێڵد، زانای ئەمریکی و جیۆفری هینتۆن، زانای کەنەدی-بەریتانی بەهۆی بەرەوپێشبردنی فێربوونی بەکارهێنانی ئامێرەکان، بەتایبەت ژیریی دەستکرد، بوونە براوەی خەڵاتی نۆبڵ بۆ فیزیا. پێرێش، خەڵاتی نۆبڵ بۆ پزیشکی درایە دوو زانای ئەمریکی، ئەمە بۆ دۆزینەوەیەکیان کە پەیوەندیدار بوو بە مایکرۆ ئاڕ ئێن ئەی (MicroRNA).
دابەشکردنی خەڵاتی نۆبڵ رۆژی دووشەممە دەستیپێکرد و شەش رۆژ بەردەوام دەبێت. خەڵاتەکە لەسەر وەسیەتی ئەلفرێد نۆبڵ، زانای سوێدی داهێندراوە. خەڵاتەکە ساڵانەیە و تاوەکو ئێستا 117 جار دابەشکراوە.
بڕیارە رۆژی 10ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ کە رۆژی مردنی نۆبڵە، سەرجەم خەڵاتەکان لە ستۆکۆڵمی سوێد دابەشدەکرێن، تەنیا خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی نەبێت، کە لە ئۆسلۆی پایتەختی نەرویج دابەشدەکرێت.
دەقی قسەکانی هانس ئیلەرگن، سکرتێری گشتیی پەیمانگەی ئەکادیمی شاهانەی سوێد:
پەیمانگەی ئەکادیمی شاهانەی سوێد ئەمڕۆ بڕیاری دا خەڵاتی نۆبڵ بۆ کیمیای ساڵی 2024، نیوەی بدرێتە دەیڤد بەیکەر، لە زانکۆی واشنتنی ئەمریکا بۆ دیزاینکردنی پرۆتین. نیوەکەی دیکە، بە هاوبەشی بدرێتە دێمیس هەسابیس و جۆن جەمپەر لە کۆمپانیای گۆگڵ دیپمایند (کۆمپانیایەکی ئەمریکی-بەریتانییە و لە واری ژیری دەستکردا کاردەکات) لە بەریتانیا بۆ پێشبینیکردن بۆ پێکهاتەی پرۆتین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ