دانیشتووانی غەززە لەژێر بۆردوومانی چڕی ئیسرائیلدا دەژین

رووداو دیجیتاڵ 

خەڵکی غەززە لە ژێر بۆردوومانێکی سەخت و دژواردا ژیان بەڕێدەکەن. تائێستا زیاتر لە 700 کەس کوژراون. ترس و نائارامییەکی زۆر باڵی بە سەر شارەکەدا کێشاوە. هاوکات، 800 کەسیش لە ئیسرائیل کورژاون. 
 
منداڵێک پارچەی کاتیوشای بەرکەوتووە و بەهۆیەوە سەری بریندار بووە و بە باندێج بەستوویەتی، بە رووداوی گوت، کاژێر 5:30 خولەکی بەیانی بوو کاتێک باڵەخانەکەیان بۆردوومان کرا، هەموو خەڵک شڵەژان، دابەزین و رامانکردە خوارەوە.  
 
کامێرای رووداو بەردەم نەخۆشخانەی شیفای لە غەززە وێنەگرتووە. وچانی نییە، بەردەوام بە ئەمبوڵانس و ئۆتۆمبێل بریندار و کوژراو دەگوازرێنەوە. ستافی نەخۆشخانە و خەڵکی خۆبەخش دەستبەجێ بریندارەکان دائەگرن و ئەیانبەنە ژوورەوە. 
 
بۆردوومانکردنی غەززە لە وشکانی، دەریا و ئاسمانەوە بەردەوامە کە بەهۆیەوە تائێستا زیاتر لە 700 فەڵەستینی گیانیان لەدەستداوە. ئەمە وێڕای ئاوارەبوونی زیاتر لە 120 هەزار کەس کە زۆربەیان لە قوتابخانەکان نیشتەجێ کراون. 
 
سەلامە مەعروف، گوتەبێژی راگەیاندنی حکومەتی غەززە دەڵێت، "لەماوەی کاژێرەکانی دوای راگەیاندنی دۆخی جەنگ، ئیسرائیل 15 کۆمەڵکوژی بەرامبەر بە خێزانە فەڵەستینییەکان کردووە کە راستەوخۆ لە ماڵەکانیان بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک کراونەتەوە ئامانج، دیارترین ئەو کۆمەڵکوژیانە خێزانی زعانینە کە 20 کەسیان لێ شەهیدبوونە، کۆمەڵکوژی لە پارێزگاکانی دیکە کراون، روونە ئیسرائیل لە کاژێرەکانی ئەم دواییانە بۆردوومانەکانی چڕتر کردوونەتەوە بۆ سەر دامەزراوە گرنگەکان لەوانە باڵەخانە حکومی، خزمەتگوزاریی و مزگەتەکان."
 
لە سەرەتای ئاڵۆزبوونی دۆخی نێوان ئیسرائیل و گروپە فەڵەستینییەکانەوە، ئیسرائیل دانی بەوەداناوە زیاتر لە 800 ئیسرائیلی کوژراون.