ئەڵمانیا بۆ رێگری لە کۆچبەران خاڵی پشکنین لەسەر سنوورەکانی دادەنێت

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاند، وڵاتەکەی بەشێوەیەکی کاتی خاڵی پشکنین لەسەر سەرجەم سنوورەکانی وڵاتەکەی جێگیر دەکات.
 
رۆژی دووشەممە 09ی ئەیلوولی 2024، نانسی فیسەر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رێکاری نوێی حکومەتی وڵاتەکەی بۆ رووبەڕووبوونەوە و راگرتنی شەپۆلی کۆچبەرانی بۆ ئەڵمانیا راگەیاند، لەوانە دانانی خاڵی پشکنین لەسەرجەم خاڵە سنوورییەکانی وڵاتەکە لەگەڵ هەریەک لە وڵاتانی؛ فەرەنسا، لۆکسەمبۆرگ، هۆڵەندا، بەلجیکا، دانیماڕک، سویسرا، نەمسا، پۆڵەندا و چیک بۆ ماوەی شەش مانگ.
 
بڕیارەکە لە 16ی ئەیلوولەوە جێبەجێ دەکرێت.
 
وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا رایگەیاندووە، ئامانج لە دانانی ئەو خاڵی پشکنینانە یان خاڵی کۆنترۆڵ، بۆ رووبەڕووبوونەوەی چوونی کۆچبەری نایاساییە لەو وڵاتانەوە بۆ ئەڵمانیا. 
 
ساڵی رابردوو، حکومەتی ئەڵمانیا، سنوورەکانی لەگەڵ وڵاتانی پۆڵەندا، چیک و سویسرا تووندتر کرد، کاتێک چوونی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەڵمانیا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد. 
 
وەزیری ناوخۆ دانی بەوەداناوە کە وڵاتەکەی هیچ بژارەیەکی دیکەی لەبەردەم نییە تەنیا تووندکردنی سنوورەکانی نەبێت، تاوەکو رێگری بکەن لە چوونی کۆچبەری زیاتر بۆ وڵاتەکەیان. 
 
بەگوێرەی میدیای ئەڵمانیا، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە، پلانەکەیان پێشکێشی یەکێتیی ئەورووپا کردووە و "پاراستنی وڵاتەکەیان لە ئیسلامی تووندڕۆ و تاوانی سەر سنوورەکان"، بە پاساو هێناوەتەوە بۆ تووندکردنی سنوورەکانیان. 
 
ئەو رێکارە نوێیانەی حکومەتی ئەڵمانیا لەدوای کۆبوونەوەی هەردوو  فراکسیۆنی پەرلەمانی پارتی یەکێتی کریستیان دیموکراتی ئەڵمانیا و کۆمەڵەی سۆشیالیستی کریستیانی باڤاریا بوو، کە ئامانج لە کۆبوونەوەکە تووندکردنی رێکارەکان بووە بەرامبەر بە کۆچبەران. 
 
هەفتەی رابردوو، یوکایم ستامپ، کۆمیسیاری ئەڵمانیا بۆ کاروباری پەنابەران پێشنیازی هەمان سیاسەتی حکومەتی پێشووی بەریتانیای کرد بۆ دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ رواندا. 
 
لەمانگی تشرینی یەکەمی پارەوە، زیاتر لە 30 هەزار کۆچبەری نایاسایی لەسەر سنوورەکانی ئەڵمانیا رێگرییان لێکراوە بچنە نێو وڵاتەکە. 
 
بەگوێرەی حکومەتی ئەڵمانیا چاوەڕێ دەکرێت تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ، نزیکەی 270 هەزار داواکاری مافی پەنابەرێتی لە ئەڵمانیا پێشکێش بکرێت و نزیکەی نیو ملیۆنیش ئێستا لە قۆناخی وەڵامدانەوەدان. ئەمە جگە لەوەی نزیکەی 227 هەزار پەناخواز داوای مانەوەیان رەتکراوەتەوە و فەرمانیان پێکراوە وڵاتەکە بەجێبهێڵن.