پیاوی پێشبینییەکانی هەڵبژاردنی ئەمریکا: کامالا هاریس دەیباتەوە

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئالان لیچمان مامۆستای مێژووە لە زانکۆی ئەمریکا لە واشنتن، لە ساڵی 1984ەوە هەموو پێشبینییەکانی لەبارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا راست دەرچوون، تەنیا یەک جار نەبێت؛ ئێستاش دەڵێت، کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان هەڵبژاردنەکەی 5ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ لە دۆناڵد ترەمپی کۆماری دەباتەوە و دەبێتە سەرۆک.
 
ئەم کەسە گرنگی بەوە نادات راپرسییەکان چی دەڵێن، بەڵکو پێوەرێکی تایبەت بە خۆی هەیە، کە لە 13 تایبەتمەندی پێکدێت، ئەگەر بەربژێری پارتی فەرمانڕەوا شەش تایبەتمەندی یان زیاتری تێدا نەبن، ئەوا بەربژێری رکابەر بە براوە دادەنێت.
 
ئالان لیچمان، مێژووناس دەڵێت، "من زۆر پشتڕاستم کە هاریس دەیباتەوە، چونکە پێوەرەکان بە ئاسانی ناگۆڕێن."
 
بەپێی پێوەرەکەی لیچمان، تەنیا سێ خاڵ لە بەرژەوەندیی ترەمپدان، ئەوانیش، لەدەستدانی زۆرینەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە هەڵبژاردنی ساڵی 2022 لەلایەن دیموکراتەکانەوە؛ کشانەوەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستا و نەبوونی کارێزمایی لە کامالا هاریس دا.
 
بەڵام خاڵە بەهێزەکانی دیکە لە بەرژەوەندیی هاریسدان، دیارترینیان: گۆڕانکاریی گەورە لە سیاسەتی دیموکراتەکان، نەبوونی هیچ ئابڕووچوونێکی گەورەی وەکو ئەوانەی ترەمپ، هەروەها کشانەوەی رۆبەرت ئێف کێنێدی، بەربژێری سەربەخۆ لە کێبڕکێی هەڵبژاردن.
 
ئەو مێژووناسە دەڵێت، "من مێژووناسم. وەکو ژۆن دیکسن فاڵگرەوە نیم تۆپی جادووییم پێبێت. هەروەها مایک جۆنسیش نیم کە بانگەشەی ئەوە دەکات خوای گەورە قسەی لەگەڵ کردووە. بۆ خاتری خوا، 40 ساڵە ئەم پێوەرانە راست دەردەچن. هیچ شتێکی دیکە تەنانەت لێشیانەوە نزیک نییە."
 
تاکە هەڵبژاردن کە پێشبینییەکەی لیچمان لەبارەیەوە راست دەرنەچوو، ساڵی 2000 بوو کە جۆرج بووشی کوڕ بردیەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە