گالەری

22 کاژێر له‌مه‌وپێش
16 Photos
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
 
رووداو دیجیتاڵ

زریانی یاگی لە ڤێتنام هەڵیکردووە و بەهۆیەوە جگە لە زیانی زۆری ماددی، تا ئێستا زیاتر لە 59 کەسی کوشتووە و زیاتر لە 200 کەسیش بریندار بوون.
 
بەپێی میدیای فەرمیی ئەو وڵاتە زریانەکە وێرانکارییەکی زۆری لێکەوتووەتەوە و سەقفی چەندین ماڵ و باڵەخانەی لێکردووەتەوە و چەندین بەلەم نقووم بوون و لە هەندێک شوێنیش زەوی رۆچووە و شەقبووە.
 
تا ئێستا گیانلەدەستدانی 21 کەس و برینداربوونی 229 کەسی تر لە ڤێتنام بەهۆی زریانەکەوە بە فەرمی راگەیێندراوە؛ لەنێو ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە خێزانێکی چوار کەسی هەیە کە بەهۆی بارانی بەلێزمەوە گردێک لەپشت ماڵەکەیان هەرەسی هێناوە و کەوتووە بەسەر ماڵەکەیاندا.
 
ئاژانسی بەڕێوەبردن و مامەڵەکردن لەگەڵ کارەساتەکان کە سەر بە وەزارەتی بەرگریی ڤێتنامە دەڵێت، لە هەینییەوە زریانەکە دەستیپێکردوە و بەشێک لەوانەی کە گیانیان لەدەستداوە، درەخت بەسەریاندا کەوتووە و هەندێکی دیکەش لەنێو ئاوەکاندا بەلەمی بچووکیان پێبووە و بەلەمەکەیان نقووم بووە و خنکاون.
 
لە هەندێک شوێنی شاری های فۆنگ کە شارەکە بەندەرێکی لەسەرە، لافاو بە بەرزیی نیو مەتر بەرزبووەتەوە و کارەبا پچڕاوە. شوێنەواری (ئات ها لۆنگ بەی) کە لە لیستی شوێنەوارە جیهانیەکانی یونسکۆیە و لە دووریی 70 کیلۆمەترە لەو شارەوە زیانی بەرکەوتووە.
 
بەپێی وەزارەتی بەرگریی وڵاتەکە، بەهۆی زریانەکەوە 30 بەلەمی مامناوەند لە کەناراوێکی پارێزگای (کوانگ نینهـ) بەهۆی رەشەبا و شەپۆلی بەهێزەوە نقووم بوون.
 
بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، زریانەکە زیانی بە نزیکەی 3300 ماڵ و زیاتر لە 120 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵیی داچێنراو بە دانەوێڵە لە باکووری وڵاتەکە گەیاندووە.