هەولێر بە فەرمی دەبێتە دەیەمین دەستەخوشکی ناشڤیڵ

 
رووداو دیجیتاڵ

کاژیر 1:00ی دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کاتی ناشڤیڵ کە دەکاتە کاژێر 9:00ی شەو بەکاتی هەولێر، بەرپرسانی هەردوو شارەکە لە رێوڕەسمێکی تایبەتدا واژۆ لەسەر بەدەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکە دەکەن. 
 
بۆ ئەو مەبەستە، شاندێک لە هەولێرەوە بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری پارێزگاکە لە ناشڤیڵی ناوەندی ویلایەتی تەنەسیی ئەمریکان.
 
هەولێر دەبێتە دەیەمین دەستەخوشکی شاری ناشڤیڵ کە بەهۆی هەبوونی بەشێکی گەورەی رەوەندی کوردی، بە کوردستانی بچووک دەناسرێت؛ کوردی، زمانێکی فەرمیی شارەکەیە و سێ هەزار منداڵی کورد لە قوتابخانەکانی شارەکە دەخوێنن.  
 
لەو 10 دەستەخوشکەی ناشڤیڵ، هەولێر تاکە شاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقایە. 
 
"شاری میوزیک"
 
ناشڤیڵ زۆرجار بە "شاری میوزیک" ناودەبرێت بەهۆی مێژووە دەوڵەمەند و کاریگەرەکەی لە جیهانی میوزیکدا. 
 
ناشڤیل بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک ناوەندی میوزیکی کەنتری یاخود رۆژئاوایی ناسراوە. شارەکە شوێنی هۆڵی گراند ئۆڵ ئۆپرییە کە یەکێکە لە شوێنە بەناوبانگەکانی پیشەسازی میوزیکی کەنتری لە ساڵانی رابردوودا چەندین ئەفسانە گۆرانییان تێدا گوتووە، ئەمەش یارمەتیدەر بووە لە دەرکردنی ناوبانگی ناشڤیل وەک دڵی میوزیکی رۆژئاوایی.
 
ناشڤیڵ هەروەها شانازی بە پیشەسازیی تۆمارکردنی میوزیک دەکات. زۆر لە کۆمپانیا گەورەکانی تۆمارکردن و ستۆدیۆکان بارەگا سەرەکییان لەم شارەدایە، ئەمەش وایکردووە ببێتە ناوەندێک بۆ میوزیسیانەکان، گۆرانینووسان و بەرهەمهێنەرانی میوزیک.
 
ناشڤیڵ هەروەها بە گۆرانینووسین بەناوبانگە. شوێنێکە کە گۆرانینووسەکان لە هەموو جیهانەوە رووی تێدەکەن بۆ ئەوەی پێکەوە کار لەسەر بەرهەمەکانیان بکەن. شارەکە ساڵانە میوانداریی دوو فێستیڤاڵی تایبەت بە خەڵاتکردنی گۆرانینووسە ناودارەکان دەکات. 
 
ناشڤیڵ شوێنی چەندین دامەزراوە و قوتابخانەی بەناوبانگی پەروەردەی میوزیکە، لەوانە قوتابخانەی میوزیکی بلێر لە زانکۆی ڤاندەربیڵت و کۆلێژی مایک کورب لە زانکۆی بێلمۆنت. 
 
هەروەها چەندین یانە و شوێنی ڵایڤ میوزیک لە ناشڤیڵ هەن. هەروەها ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی دیکەی میوزیک لە شارەکەدا بەڕێوەدەچن و ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لەبەر میوزیک سەردانی دەکەن. 
 
دەستەخوشکەکانی ناشڤیڵ:
 
هەولێر، هەرێمی کوردستان (2023)
چەندوو، چین (2020)
کاماکورا، ژاپۆن (2014)
تاموۆرز، ئوسترالیا (2013)
مێندۆزا، ئەرجەنتین (2009)
تایۆوێن، چین (2007)
ماگدێبۆرگ، ئەڵمانیا (2003)
بێڵفاست، ئێرلەندای باکوور (1995)
کان، فەرەنسا (1991)
ئێدمینتن، کەنەدا (1990)
 
دەستەخوشکی چییە؟
 
یەکەم جووتە شار کە بووبن بە دەستەخوشک، شاری تۆلێدۆی ویلایەتیی ئۆهایۆی ئەمریکا و تۆلێدۆی ئیسپانیا بوون لە ساڵی 1931. ئامانج لەو پەیوەندییە پەرەدان بە ئاشتی و لێکگەیشتن بوو لە نێوان دوو شارەکەدا بە تایبەت لە بوارەکانی ئاڵۆگۆڕی کولتووری و پەروەردەییدا. 
 
شارەکان بە گشتی بۆ ئەم مەبەستانەی خوارەوە دەبنە دەستەخوشک:
 
1-  ئاڵۆگۆڕی کولتووری: شارە دەستەخوشکەکان پڕۆگرامی کولتووری ئاڵۆگۆڕ دەکەن بۆ هاوبەشکردن و ئاشناکردنی یەکدی بە دابونەریت، هونەر، میوزیک و زمان. 
 
2- هاوئاهەنگیی ئابووری: شارە دەستەخوشکەکان پەرە بە پەیوەندیی ئابووری، بازرگانی و وەبەرهێنان لەنێوان یەکدیدا دەدەن بۆ بەرەوپێشبردنی ئابووریی هەردوولا. 
 
3- پەیوەندیی پەروەردەیی و ئەکادیمی: دامەزراوە پەروەردەییەکانی شارە دەستەخوشکەکان پەیوەندی بەیەکەوە دروستدەکەن بۆ ئەوەی خوێندکار و مامۆستاکانی یەکدی پێبگەیێنن و پەروەردەکەن، بەو شیوەیەش دەرفەتی خوێندن و کاریان بۆ زیاددەکەن. 
 
4- پەیوەندیی گەشتیاری: شارە دەستەخوشکەکان پێکەوە کاردەکەن بۆ پەرەدان بە کەرتی گەشتیاریی یەکدی و هاندانی هاووڵاتییەکانیان بۆ ئەوەی سەردانی شارەکانی یەکدی بکەن.
 
5- پەیوەندیی مرۆیی: لە کاتی لێقەومان و کارەساتدا، شارە دەستەخوشکەکان دەتوانن یارمەتی و پشتیوانی پێشكێش بە یەک بکەن، بۆ نموونە بەهاناوەچوونی خەڵک لە کاتی دروستبوونی کارەساتێکی سرووشتیدا. 
 
6- پەیوەندیی سیاسی و دیپلۆماسی: ئەگەرچی ئەمە یەکێک نییە لە بوارە سەرەکییەکانی پێکەوە کارکردن، بەڵام هەندێ لە شارە دەستەخوشکەکان پەیوەندیی دیپلۆماسی و سیاسی دروستدەکەن بۆ پێکەوەکارکردن لەسەر بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان. 
 
7- پەیوەندی نێوان خەڵک: ئامانجێکی دیکەی دەستەخوشکبوونی شارەکان بریتییە لە بەهێزکردنی دۆستایەتیی نێوان خەڵکی شارە جیاجیاکانی جیهان.