گالەری

09-09-2023
18 Photos

رووداو دیجیتاڵ

کوشندەترین بوومەلەرزە لەماوەی چەندین دەیەی رابردوو، بەرەبەیانی شەممە (بەکاتی هەولێر) و درەنگانی شەوی هەینی بەکاتی مەغریب، بەشێکی وڵاتەکەی هەژاند و بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار کەس و برینداربوونی زیاتر لە هەزاری دیکە.

بوومەلەرزەکە بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر ناوچەیەکی شاخاویی لە دووریی 72 کیلۆمەتر لە مەراکیش، یەکێک لە بەنێوبانگترین شارەکانی مەغریب و ناوەندی گەرمی گەشتیاریی ئەو وڵاتەی هەژاند.

بوومەلەرزەکە هەروەها لە شارە کەنارییەکانی وڵات وەک رەبات، کازابلانکا و ئێسۆیرا هەستیپێکراوە.

بەگوتەی شارەزایان، ئەو بوومەلەرزەیە بەهێزترین بووە لە ماوەی 120 ساڵی رابردوودا کە شانشینە ئەفریقییەکە بهەژێنێت.

بیڵ ماکگیر، پرۆفیسۆر لە زانکۆی بەریتانیا لە لەندەن، دەڵێ لەو شوێنانەدا روودانی بوومەلەرزە زۆر دەگمەنن، بۆیە زۆر بەسادەیی، باڵەخانەکانیان بەو شێوەیە دروستنەکراون، کە بەرگەی بوومەلەرزە بگرن، ئەوەش هۆکاری زۆریی ژمارەی قوربانییەکانە.

بەپێی دوایین ئامارەکان لە وەزارەتی ناوخۆی مەغریبەوە کە ئەمڕۆ (شەممە، 9-9-2023)، بڵاویکردووەتەوە، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە هەزار و 37 کەس، هەروەها بریندارەکان هەزار و 204 کەسن.