بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری بەلجیکا تەشەنە دەکات

رووداو دیجیتاڵ

هەرچەندە کۆنبوون مێژووە، بەڵام هەندێ جار سەرئێشەشی بە دواوە دێت. وەک وێستگەی تەمەن 71 ساڵیی شەمەندەفەری بروکسلی بەلجیکا؛ لە قەرەباڵخترین وێستگەوە بۆ پڕ کێشەترین گۆڕدراوە.
 
لوکاس ڤاندەر، شرۆڤەکاری کۆمەڵایەتییە و دەڵێت، "ئێرە شوێنێكی سەرنجڕاکێشە بۆ هەموو خاوەن کێشەیەک لە بروکسل، بێلانە، کۆچبەر و بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر. لێرە بازرگانی بە مادەی کۆکایین تەشەنەی سەندووە، نرخەکەی تاڕادەیەک هەرزانە و بۆ هەژاران سەرنجڕاکێشە."
 
ساڵی رابردوو دەزگا ئەمنییەکانی بەلجیکا لەگەڵ دەستگرتن بەسەر 109 تۆن کۆکایین ریکۆردیان شکاند. وا دانرابوو بەشێكی بەرچاوی لەم وێستگە پشتگوێخراوەدا بفرۆشرێت. 
 
لوکاس ڤاندەر، شرۆڤەکاری کۆمەڵایەتی دەڵێت، "هیچ کەس بۆ چەندین ساڵ یەک شتی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە نەکردووە. هەرچی کەسە بەم وێستگەیەدا تێدەپەڕێت دەبێت لانیکەم هەست بە نیگەرانی بکات. تووندوتیژی، گیرفانبڕین یان هەر شتێکی دیکە".
 
لە مانگی کانوونی دووەمی 2024، بەلجیکا سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەوروپا دەکات و نایەوێت بێسەوربەریی وێستگەکە ناوی وڵاتەکە لەکەدار بکات.
 
ئەلێکساندەر دی کروو، سەرۆکوەزیرانی بەلجیکا دەڵێت، "ئاڵنگارییەکە ئەمنییە کە بریتییە لە دابینکردنی ئاسا‌یش بۆ هەر کەسێک کە بە وێستگەی بروکسلدا دەڕوات. ئەمە دیمەنی بروکسل و وڵاتمان بە جیهانی دەرەوە پیشان دەدات."
 
رۆژانە سەرووی 160 هەزار گەشتیاری ناوخۆیی و دەرەکی بە وێستگەکەدا تێدەپەڕن. نزیکەی 7 هەزار کەسی بێلانە هەن؛ زۆربەیان وێستگەکە بۆ مانەوە و دابینکردنی پارووی ژیانیان بەکاردەهێنن.