رووداو دیجیتاڵ
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و جۆن کوپەر، شارەداری شاری ناشڤیڵ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا واژۆیان لەسەر نووسراوی فەرمیی دەستەخوشکبوونی هەردوو شارەکە کرد و هەردوو شار (هەولێر و ناشڤیڵ) بەفەرمی بوونە دەستەخوشک.
جۆن کوپەر لەکاتی واژۆکردنی نووسراوی بەفەرمیی بوونە دەستەخوشکی هەردوو شارەکە گوتی "چ کاتێکی گرنگە بۆ ناشڤیڵ."، هەروەها ئومێد خۆشناو کە بە جلوبەرگی کوردییەوە ئامادەی رێوڕەسمەکە بوو، لەکاتی واژۆکردنی نووسراوەکەدا گوتی "پیرۆزە کوردستان."
بۆ بوون بە دەستەخوشکی ناشڤیڵ، شاندێک لە هەولێرەوە بە سەرۆکایەتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری پارێزگاکە لە ناشڤیڵی ناوەندی ویلایەتی تەنەسیی ئەمریکان.
هەولێر بووە دەیەمین دەستەخوشکی شاری ناشڤیڵ کە بەهۆی هەبوونی ژمارەیەکی زۆری رەوەندی کوردی، بە کوردستانی بچووک دەناسرێت؛ کوردی، زمانێکی فەرمیی شارەکەیە و سێ هەزار منداڵی کورد لە قوتابخانەکانی شارەکەدا دەخوێنن.
لەو 10 دەستەخوشکەی ناشڤیڵ، هەولێر تاکە شاری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقایە.
هەولێر، هەرێمی کوردستان (2023)
چەندوو، چین (2020)
کاماکورا، ژاپۆن (2014)
تاموۆرز، ئوسترالیا (2013)
مێندۆزا، ئەرجەنتین (2009)
تایۆوێن، چین (2007)
ماگدێبۆرگ، ئەڵمانیا (2003)
بێڵفاست، ئێرلەندای باکوور (1995)
کان، فەرەنسا (1991)
ئێدمینتن، کەنەدا (1990)
یەکەم جووتە شار کە بووبن بە دەستەخوشک، شاری تۆلێدۆی ویلایەتیی ئۆهایۆی ئەمریکا و تۆلێدۆی ئیسپانیا بوون لە ساڵی 1931. ئامانج لەو پەیوەندییە پەرەدان بە ئاشتی و لێکگەیشتن بوو لەنێوان دوو شارەکەدا بەتایبەتی لە بوارەکانی ئاڵۆگۆڕی کولتووری و پەروەردەییدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ