رووداو دیجیتاڵ
بەیانی ئەمڕۆ لە بەندەرێکی چین تەقینەوەیەک لە یەکێک لە کۆنتێنەرەکانی نێو کەشتییەک روویدا، کە کەلوپەلی تێدابووە بگوازرێتەوە بۆ عێراق، بەهۆیەوە زیان بەر بەشێک لە کەلوپەلەکان و کەشتییەکە کەوت.
ئومێد فارووق، خاوەنی کۆمپانیای وڵات بۆ گواستنەوەی نێودەوڵەتی، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تەقینەوەکە نزیکەی کاژێر 9:00ـی بەیانی ئەمڕۆ لە بەندەری شاری نینگبۆی چین لە یەکێک لە کۆنتێنەرەکانی کەشتیی کۆمپانیای یانگ مینگ روویدا."
بە گوتەی ئومێد فارووق باری کەشتییەکە هی بازرگانانی هەرێمی کوردستان و عێراق بووە، بەنیاز بوو بارەکەی بۆ بەندەری ئوم قەسر لە باشووری عێراق بگوازێتەوە.
سەبارەت بە زیانەکانی تەقینەوەکە، ئومێد فارووق گوتی: "بەهۆی تەقینەوەکە زیان بە کەلوپەلەکان کەوتووە و دوای چوونی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری، ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکرا."
کەشتییەکە بەپێی خاوەنی ئەو کۆمپانیایە کە کەلوپەلەکانی بۆ بەرژەوەندیی ئەوان گواستووەتەوە، یاریی منداڵان، جوانکاری، شامپۆ و کۆمەڵێک شتی دیکەشی لەسەرە، هۆکاری تەقینەوەکەش بە گوتەی ئومێد فارووق ساردکەرەوەی یەکێک لە کۆنتێنەرەکان بووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ