لە نەمسا عێراقییەک بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسێرتێکی تایلەر سویفت دەستگیرکرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی نەمسا بڵاویکردەوە، لە ڤیەننا گەنجێکی عێراقییان بە تۆمەتی بەشداربوون لە پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر کۆنسێرتێکی تایلەر سویفت دەستگیرکرد.
رۆژی هەینی، 9ی ئابی 2024، وەزارەتی ناوخۆی نەمسا بڵاویکردەوە، گەنجە عێراقییەکە تەمەنی 18 ساڵە و گومان دەکەن بەشێک بێت لەو تۆڕەی پلانیان داڕشتووە بۆ ئەوەی لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتەکانی تایلەر سویفتی گۆرانیبێژی ئەمریکی هێرش بکەن.
بە گوێرەی رۆژنامەی کویرەری نەمسایی، رۆژی 6ی ئابی ئەم ساڵ گەنجە عێراقییەکە پەیوەندیی خۆی بە داعشەوە ئاشکراکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا چۆنییەتی بەشداربوونی لە دانانی ئەو پلانەدا روون نییە.
دوێنێ پێنجشەممە، بەرپرسانی ڤیەننا رایانگەیاند، پلاندانەری سەرەکیی داڕشتنی هێرشەکەیان دەستگیرکردووە، ئەو گەنجێکی تەمەن 19 ساڵی نەمساییە و بە بنەچە خەڵکی مەسەدۆنیای باکوورە.
فرانز رۆف، بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی لە وەزارەتی ناوخۆی نەمسا رایگەیاند، ئەوان ئاگادار بوونە لەوەی یەکێک لە دەستگیرکراوان کە تەمەنی 19 ساڵە، دەیەوێت هێرش بکاتە سەر کۆنسێرتێکی تایلەر سویفت لە ڤیەننا. گوتیشی، ئەو گەنجە سەر بە داعشە.
ئەو گەنجە دانی بەوەدا ناوە کە پەیوەندی بە داعشەوە هەیە و ویستوویەتی لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆنسێرتی تایلەر سویفت هێرشەکە بکات کە پێشبینی دەکرا نزیکەی 20 هەزار کەس ئامادەبن. کۆی گشتی، سێ کۆنسێرتی تایلەر سویفت بەهۆی مەترسیی هێرشەکانەوە هەڵوەشاونەتەوە کە بڕیاربووە 195 هەزار هەوادار تێیاندا ئامادەبن.
رۆژی چوارشەممەی رابردووش، پۆلیسی نەمسا دوو مێرمنداڵی دیکەی تەمەن 15 و 17 ساڵانی بە هەمان تۆمەت دەستگیرکرد. بە گوێرەی میدیای نەمسا، دواتر مێردمنداڵە 15 ساڵانەکە ئازادکرا، بەڵام وەکو شایەد مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.
دوێنێ، رێکخەری کۆنسێرتەکانی تایلەر سویف، سێ کۆنسێرتی ئەو گۆرانیبێژەیان لە ڤیەننا هەڵوەشاندەوە، لە دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی ئەو وڵاتە دەستگیرکردنی دوو کەسێکیان راگەیاند کە پلانی هێرشکردنە سەر چالاکییەکەکانیان هەبووە، کۆنسێرتە میوزیکییەکان بە نموونە.
پێش هەڵوەشاندنەوەیان، بڕیاربوو ئەو هونەرمەندە ئەمریکییە لە چوارچێوەی گەشتی هونەریی "Eras" رۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە، کۆنسێرت لە یاریگەی ئێرنست هابل لە پایتەختی نەمسا سازبکات.