راگەیاندنی شاری کۆستیانتینیڤکای ئۆکراینا بۆ رووداو: لە دوو هێرشی رووسیادا 14 هاووڵاتی کوژران
رووداو دیجیتاڵ
راگەیاندنی شارەوانیی کۆستیانتینیڤکای ئۆکراینا بە رووداوی راگەیاند، رووسیا دوو جار هێرشی کردووەتە سەر شارەکە و لە ئەنجامدا 14 کەس کوژراون و 43ـی دیکەش بریندار بوون.
رۆژی هەینی 09-08-2024، ناوەندیی راگەیاندنی شارەوانیی شاری کۆستیانتینیڤکا لە ئۆکراینا بە رووداوی راگەیاند، هێزەکانی رووسیا 2 جار شارەکەیان بۆردوومان کردووە.
ئەو ناوەندە بە رووداوی گوت، هێزەکانی رووسیا مووشەکی جۆری Kh-38ـیان بەکارهێناوە و لە ناوەندێکی بازاڕکردنیان داوە کە خەڵکی سڤیلی لێ بووە؛ هەروەها هێزەکانی رووسیا بە مووشەکی دژە فڕۆکە ناوچەیەکیان کردووەتە ئامانج کە ژمارەیەک خانووی تێدا بووە.
ناوەندی راگەیاندنی ئەو شارە ئۆکراینییە ئەوەشی خستەڕوو، لە ئەنجامی هێرشەکاندا 14 کەس کوژراون و 43 کەسیش برینداربوون و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا هێزە ئەمنییەکان و تیمە فریاگوزارییەکان لە ناوچەکەن و خەریکن یارمەتیی خەڵک دەدەن."
شاری کۆستیانتینیڤکا 13 کیلۆمەتر لە نزیکترین خاڵی سەربازیی رووسیاوە دوورە و دەکەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی ئۆکراینا؛ نزیکەی 700 هەزار کەس لەو شارەدا دەژین.
ڤۆلۆدیمیر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تیلیگرام بڵاویکردەوە، "لەسەر ئەم تیرۆرە، رووسیا رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکەینەوە."
ئانا ئەلیابێڤا پێش هێرشی یەکەم لە مارکێتەکە خەریکی بازاڕکردن بوو و گوتی، "لەگەڵ دەنگی تەقینەوە هەمووان رایانکرد. دەرگای دەرچوون داخرا؛ بۆیە لە پەنجەرەکەوە چووینە دەرەوە. هەموو شتێک لەبەر چاومان سووتا."
جەنگی ئۆکراینا و رووسیا لە شوباتی 2022ـوە بەردەوامە و هیچ ئاسۆیەکی کۆتاییهێنانی دیار نییە و مۆسکۆ سەرکەوتوو بووە لە کۆنترۆڵکردنی نزیکەی 20٪ـی خاکی ئۆکراینا.
ئۆکراینا لە جەنگی بەرامبەر رووسیا پشت بە هاوکارییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دەبەستێت. تاوەکو ئێستا ئۆکراینا نزیکەی 400 ملیار دۆلاری هاوکاری وەرگرتووە؛ لەو بڕە نزیکەی 120 ملیار هاوکاریی سەربازی بووە.