فڕۆکەیەک لە بەرازیل بە 62 سەرنشینەوە تێکشکا

 
رووداو دیجیتاڵ

فڕۆکەیەک بە 62 سەرنشینەوە لە هەرێمی ساوپاوڵۆی بەرازیل تێکشکا. سەرۆکی ئەو وڵاتە دەڵێت، بەگوێرەی زانیاریی سەرەتایی، هەموویان گیانیان لەدەستداوە.
 
فڕۆکەکە لە شاری کاسکاڤێلی هەرێمی پارانا بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی گوارۆلیۆسی ساوپاوڵۆ دەچوو، بەڵام لە ئاسمانی شاری ڤینیێدۆ تێکشکا. 
 
لویز ئیناکیۆ لولا داسیلڤا، سەرۆکی بەرازیل راگەیاند، "وا دیارە" هەموو سەرنشینەکان و دەستەی فڕۆکەوانەکانیش گیانیان لەدەستداوە.
 
داسیلڤا باسی لەوە نەکرد، زانیارییەکەی لە کوێ وەرگرتووە.
 
سەرۆکەکە داوای لە خەڵکەکە کرد، وەکو رێزگرتنێک، خولەکێک بە بێدەنگی بۆ سەرنشینانی فڕۆکە تێکشكاوەکە بوەستن. 
 
ڤیۆپاس، کۆمپانیای فڕۆکەوانیی خاوەنی فڕۆکەکە هێشتا هیچ زانیارییەکی لەبارەی چارەنووسی سەرنشینەکان و ئەندامانی دەستەی فڕۆکەوانیی فڕۆکەکە رانەگەیاندووە؛ هیچ ئاماژەیەکیشی بە هۆکاری تێکشكانی فڕۆکەکە نەکردووە.
 
میدیای بەرازیل دیمەنی شوێنی تێکشكانی فڕۆکەکەی بڵاوکردەوە کە تێیدا دەردەکەوێت، ئاگرێکی گەورە و دووکەڵێکی چڕ لە پاشماوەی فڕۆکەکە بەرزدەبێتەوە.