ژمارەیەک هاونیشتمانی: سێ کاژێرە لە فڕۆکەخانەیەکی بولگاریا راگیراوین

 
رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەک هاونیشتمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەشتیان بۆ لەندەن هەبووە، بەڵام وەکو خۆیان باسی دەکەن، زیاتر لە سێ کاژێرە لە فڕۆکەخانەیەکی بولگاریا راگیراون.
 
فڕۆکەکە کاژێر 02:30ی دوای نیوەڕۆی هەینی 9ی ئاب لە هەولێرەوە دەستی بە گەشتەکەی کردووە. هاونیشتمانییەک بەناوی شەهرام لە سەرنشینانی فڕۆکەکەیە و بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ترانزێتمان لە فڕۆکەخانەیەکی بولگاریا هەبوو، ماوەکە 45 خولەک بوو، بەڵام نەبراینە ئەو فڕۆکەخانەیە و لە فڕۆکەخانەی سۆفیا پایتەخت فڕۆکەکەمان نیشتەوە."
 
شەهرام گوتی، "زیاتر لە سێ کاژێرە راگیراوین و رێگەمان نادرێت لە فڕۆکەکە بۆ چا خواردنەوەیەکیش بچینە خوارەوە."
 
بەگوێرەی ئەو دیمەنانەی لەنێو فڕۆکەکەوە بۆ رووداو نێردراون، لەنێو سەرنشینەکاندا ژن و منداڵیش هەن.
 
شوان سەرنشینێکی دیکەی فڕۆکەکەیە و بە رووداوی گوت، زیاتر لە 3 کاژێرە راگیراون و پێیان دەڵێن چاوەڕوان بن؛ گوتیشی، "سەرنشینمان تێدایە تەندروستی باش نییە و ناکرێت لەوە زیاتر لە فڕۆکەکەدا بمنێنێتەوە."