هاریس رازی نەبووە ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل بوەستێت

10 کاژێر له‌مه‌وپێش
تەنیا ئەحمەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یاریدەدەرێکی کامالا هاریس دەڵێت، خانمە بەربژێرەکە رازی نەبووە لەسەر وەستاندنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل گفتوگۆ بکات.
 
رۆژی پێنجشەممە 08-08-2024 یاریدەدەرێکی ناونەهێندراوی کامالا هاریس، بەربژێری پارتی دیموکراتەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا گوتی، "لە ماوەی بەڕێوەچوونی هەڵمەتێکی هەڵبژاردن لە شاری دیترۆیت لە ویلایەتی مشیگن، کامالا هاریس لەگەڵ چەند چالاکڤانێکی موسڵمان و لایەنگری فەلەستین کۆبووەتەوە. هاریس لەگەڵ گرووپێک کۆبووەتەوە کە ناویان لەخۆیان ناوە (بزووتنەوەی نیشتمانیی ناپەیوەست) و داکۆکی لە فەلەستینییەکان دەکەن."
 
ئەو یاریدەدەرە ئەوەی ئاشکرا کرد، هاریس هاوسۆزیی خۆی بۆ ئەندامانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە دەربڕیوە و قسەی لەگەڵ کردوون؛ بەڵام ئامادە نەبووە گفتوگۆ لەسەر راگرتنی ناردنی چەک لەلایەن ئەمریکاوە بۆ ئیسرائیل بکات.
 
گوتەبێژێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاریس گوتی، خانمە بەربژێرەکە بە گرووپە چالاکڤانەکەی گوتووە، ئامادەیە بەردەوام بێت لە کۆبوونەوە لەگەڵیان و قسەکردن لەسەر جەنگی ئیسرائیل و حەماس کە نزیکەی 40 هەزار کوژراوی لێکەوتووەتەوە.
 
ئەو گوتەبێژە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، گوتی، "جێگری سەرۆکی ئەمریکا روون بوو لەوەی بەردەوام دەبێت لە دڵنیابوونەوە لەوەی ئیسرائیل دەتوانێت بەرگری لە خۆی بکات لە دژی ئێران و گرووپە تیرۆریستییەکانی سەر بە ئێران. جێگری سەرۆکی ئەمریکا سەرنجی لەسەر ئەوەیە پرسی راگەیاندنی ئاگربەست لە غەززە بگاتە ئەنجامێک."
 
لەیلا ئێلابێد و عەباس عەلەوییە، وەکو نوێنەری ئەو گرووپە چالاکڤانە گوتیان، لەگەڵ هاریس و تیم وۆڵزی جێگری هاریس کۆبوونەتەوە، ئەوان نیگەرانییەکانی خۆیان لەبارەی یارمەتییە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ ئیسرائیل درکاندووە.
 
عەلەوییە راشیگەیاند، لەگەڵ لەیلا پێکەوە داوایان کردووە کۆبوونەوەیەک رێکبخرێت بۆئەوەی تاوتوێی راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل بکەن و "هاریس گوتی ئامادەیە گوێیان لێبگرێت و هیوادارین کۆبوونەوەکان بەرهەمیان هەبێت."
 
پێشتر ئەمریکا جارێک بڕیارێکی بۆ راگرتنی ناردنی چەک بۆ ئسیرائیل دەرکرد. رۆژی 08-05-2024 لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە کۆنگرێسەوە رایگەیاند، "زۆر روون بووین لەوەی ئیسرائیل نابێت بەبێ فەراهەمکردنی پاراستنی خەڵکی سڤیل، هێرش بکاتە سەر شاری رەفەح. دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەکە، بڕیارمان دا بە راگرتنی بارێکی چەک و تەقەمەنی بۆ ئیسرائیل."
 
دواتر ئەمریکا رایگەیاند، "بارەکە بریتییە لە 1800 بۆمبی دوو هەزار پاوەندی و 1700 بۆمبی 500 پاوەندی." وەزیری بەرگریی ئەمریکا گوتی، "ئەو بڕیارە تەنیا بۆ یەک بارە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک گەشتیار لە فڕۆکەخانەیەکی ئەڵمانیا

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ئاسانکاری بۆ چوونی کۆچبەر بۆ وڵاتەکەی دەکات

تا دێ گوشارەکان لەسەر وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا زۆرتر دەبن؛ ئەو وەزیرە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی ئاسانکاریی زۆری کردووە بۆ پێدانی ڤیزا و بردنی ماڵباتی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی، بەتایبەتیش لە ئەفغانستان و سووریا و رۆژئاوا و باشووری کوردستانەوە