بەلەمێکی کۆچبەران ژێرئاو کەوت و 41 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا
رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ژێرئاوکەوتنی بەلەمێکی کۆچبەران لە نزیک ناوچە کەناراوییەکانی تونس، 41 کۆچبەر گیانیان لەدەستدا و چوار کۆچبەریش رزگارکران؛ کۆچبەرەکان بەنیاز بوون بچنە ئیتاڵیا.
ئەمڕۆ (چوارشەممە 9ـی ئابی 2023) میدیای ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، بەلەمێک لەنزیک کەناراوەکانی تونس و باشووری ئیتاڵیا ژێرئاوکەوتووە، کە 45 کۆچبەری تێدا بووە، پاسەوانی دەریای ماڵتا، توانیویانە تەنیا چوار کۆچبەر رزگار بکەن و 41 کۆچبەرەکەی دیکە گیانیان لەدەستداوە.
پۆلیسی دەریای ئیتاڵیاش ئاشکرای کرد، چوار کۆچبەرە رزگارکراوەکە لەلایەن هێزی دەریاوانیی ماڵتییەوە رادەستی ئەوان کراون و، رەوانەی سەنتەری کۆچبەران کراون لە دوورگەی لەمپەدۆسیا لە هەرێمی سیسلی لە باشووری ئیتاڵیا.
ئەو دوورگەیە یەکێکە لە دەروازە قەرەباڵخەکانی چوونی کۆچبەرانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا بۆ ئیتاڵیا و تەنیا 130 کیلۆمەتر لە دوا خاڵی سنووری دەریایی تونسەوە دوورە.
ئەلێکساندرۆ فیلۆگرانۆ، گوتەبێژی خاچی سووری ئیتاڵی رایگەیاندووە، دۆخی کۆچبەرە رزگاراوەکان باشە و ئێستاش هێزی دەریایی ئیتاڵی سەرقاڵی گەڕان و پشکنینن بۆ رزگارکردنی کۆچبەرەکانی دیکە.
هەروەها میدیای ئیتاڵیا ئاشکرای کردووە، ئەو کۆچبەرانەی رزگارکراون خەڵکی کۆتدیڤوار و گینیان، ئەوانەشی گیانیان لەدەستداوە، سیانیان منداڵن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی ئیتاڵیا، لەسەرەتای ئەمساڵەوە، زیاتر لە 93 هەزار کۆچبەر لە رێگەی دەریاوە خۆیان گەیاندووەتەوە نێو خاکی ئیتاڵیا، کە ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی پار، دووقات زیادیکردووە کە بەدرێژایی 12 مانگی ساڵی پار 105 هەزار کۆچبەر چووبوونە ئیتاڵیا.
مانگی رابردوو، حکومەتی ئیتاڵیا داوای لە یەکێتی ئەوروپا کرد، گوشار بخاتە سەر دەسەڵاتدارانی تونس و هەوڵی زیاتر بدەن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکانی و باندە قاچاخچییەکانی ئەو وڵاتە.
دوای ئەو داواکاریەی ئیتاڵیاش، یەکێتیی ئەوروپا بڕی 100 ملیۆن یۆرۆی وەکو هاوکاری بۆ تونس تەرخانکرد بۆ ئەوەی سنوورەکانی بەڕووی پەڕینەوەی کۆچبەران بۆ ئەوروپا، دابخات.