ناسا ئامادەکاری بۆ گەشتێک بە چواردەوری مانگدا دەکات


رووداو دیجیتاڵ

تیمێکی چوار کەسی لە ناسا سەردانی کەشتیی ئۆرایۆن لە سەنتەری کێنەدی بۆ بۆشایی ئاسمان دەکەن بۆ بینینی ئەو کەشتییەی کە بڕیاروایە گەشتی ئاسمانیی ئەرتمس 2ی پێبکەن. 
 
رۆژی چوارشەممە، 08-08-2023، دەزگای ناسا بڵاویکردەوە، تیمێکی چوار کەسییان ئامادەکردووە کە بڕیاروایە بە کەشتیی ئۆرایۆن گەشت بەرەو مانگ لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوودا بکەن. ئەوەش دوای شکستهێنانی هەوڵێکی ناسا دێت بۆ ناردنی کەشتییەک لە ساڵی رابردوودا. 
 
کرستینا هاممۆک کۆخ، کەشتیوانی بۆشایی ئاسمان رایگەیاند، بینینی ئەو کەشتییە زۆر ناوازەیە و هیچ شتک وەکو ئەوە نییە و "بە بینینی حەپەسام." هاوکات، رەید وایسمان گوتی، "تاکە شت کە دەیبینم ئەوەیە کە ئەو کەشتییە زۆر بەهێزە، ئەوە کەشتییەکی ئاسمانیی راستەقینەیە و بڕوام وایە ئەوە ئەو کەشتییەیە کە بەرەو مانگ دەمانبات."
 
تیمە کەشتیوانییەکە تێمیکی چوار کەسیی کەنەدی و ئەمریکین و لە رۆژانی دووشەممە و سێشەممە سەردانی کەشتییەکەیان لە سەنتەری کێنەدی بۆ بۆشایی ئاسمان کرد. بڕیاروایە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی داهاتوو، ناسا ئەو تیمە چوار کەسییە بنێرێتە نزیکی مانگ. 
 
لێکۆڵینەوەکان لەسەر کەشتییەکە بەردەوامن بۆ ئەوەی بۆ گەشتەکەی ساڵی داهاتوو ئامادەبێت. بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، ساڵی رابردوو کەشتییەکە بەبێ بوونی هیچ کەسێک تێیدا تاقیکرایەوە، بەڵام بەشێکی لە ئاسماندا سووتا. بۆ ئەمساڵ، کەپسوولێکی پارێزەری بۆ دروستکراوە بۆ پاراستنی لە گەرمیی زۆر و ئەنجامدانی گەشتەکە لەو کاتەی کە بۆی دیاریکراوە. 
 
کۆمپانیای سپەیس ئێکس لە رێگەی رۆکێتی ستارشیپەوە ئەو کەشتییە بۆ دەوری مانگ دەنێرێت. ناساش ترسی لەوەیە سپەیس ئێکس نەتوانێت لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا رۆکێتی ستارشیپ ئامادە بکات. 
 
ساڵی رابردوو، سپەیس ئێکس رۆکێتی ستارشیپی تاقیکردەوە، بەڵام دوای چەند خولەکێک تەقییەوە. لەبەر ئەوە، ناسا رۆکێتی ستارشیپ بەکارناهێنێت تاوەکو کۆمپانیای سپەیس ئێکس چەند جارێک لە رێگەی رۆکێتەکەوە چەند تاقیکردنەوەیەکی سەرکەوتوو بە دەوری زەوی و مانگدا ئەنجام نەدات. 
 
جیم فریی، بەرپرسی بەرەوپێشبردنی سیستمی دۆزینەوەکانی ناسا رایگەیاند، لە کۆتایی وەرزی پایزدا دەزانن کەوا لەچ قۆناخێکدان. هاوکات، ڤیکتۆر گلۆڤەر، کەشتیوان گوتی، "ئەوە ئاشکرایە و کاری زۆرمان هەیە ئەنجامی بدەین."
 
بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 کەشتیی ئەرتمسی دوو و لە ساڵی 2025یش کەشتیی ئەرتمسی سێ، بنێردرێنە بۆشایی ئاسمان بۆ نزیک مانگ.