ترەمپ: ئێف بی ئای هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەم

09-08-2022
دڵزار زوبێر @DilzarZubair
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. وێنە: AFP
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دۆناڵد ترەمپ دەڵێت، ماڵەکەی لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا لەلایەن (ئێف بی ئای)ەوە هەڵکوتراوەتە سەری و بە کردەوەیەکی "ناڕەوای داواکاری گشتیی" باس دەکات، کە گومانی ئەوە دەکرێت پەیوەندیی بە رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمی ساڵی 2021ـەوە هەبێت.
 
درەنگانی شەوی دووشەممە، 8ی ئابی 2022 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی بەناوی "ترووس سۆشیاڵ" رایگەیاند، پۆلیسەکانی نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی ناسراو بە (ئێف بی ئای) بەسەر ماڵەکەیدا داوە لە شارۆچکەی پام بیچی ویلایەتی فلۆریدا. تاوەکو ئێستا ئێف بی ئای هیچ لێدوانێکی لەسەر ئەو رووداوە نەداوە. هاوکات، ترەمپیش هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەکردووە کە بۆچی (ئێف بی ئای) چوونەتە سەر ماڵەکەی.
 
میدیا ئەمریکییەکانیش لە نزیک ماڵەکەی ترەمپ دیمەنی کۆمەڵێک پۆلیسیان بڵاوکردەوە و بەشێکی لایەنگرانی ترەمپیش وێنەی ئەویان بەرزکردبووەوە. ترەمپ لەوبارەیەوە گوتی، "ئەمە بەچەکداریکردنی سیستمی دادوەرییە" و بە هێرشی "دیموکراتە چەپە تووندڕەوەکان"یش ناوی برد کە وەکو خۆی دەڵێت، نایانەوێت ترەمپ خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2024 بەربژێر بکات. بەگوێرەی میدیای ئەمریکاش، لە کاتی رووداوەکە ترەمپ لەو ماڵەی نەبووە.
 
ترەمپ رایشیگەیاندووە، هێرشێکی لەو جۆرە "تەنیا لە وڵاتێکی تێكشکاوی سێیەم" روودەدات و دەڵێت، "ئێستا ئەمریکا بووەتە یەكێک لەو وڵاتانە."
 
بەگوێرەی چەند سەرچاوەیەکی نزیک لە لێکۆڵینەوەکە، پۆلیس بە فەرمانی دادگە هەڵیکوتاوەتە سەر ماڵەکەی ترەمپ و پەیوەندیی بە "مامەڵەی خراپی بەڵگەنامەی نهێنییەوە هەیە" کە نێردراونەتە مارا لاگۆسی فلۆریدا.
 
ئەرشیفی نیشتمانیی ئەمریکا لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا رایگەیاند، 15 سندووق بەڵگەنامەیان لە ماڵەکەی ترەمپدا لە فلۆریداوە گەڕاندووەتەوە. بەگوێرەی واشنتن پۆستیش، ئەوانە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی "نهێنی" بوون کە ترەمپ لەدوای کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی وەکو سەرۆکی ئەمریکا، لە کۆشکی سپییەوە بردوونی.
 
بەشێک لەو بەڵگەنامانەی کە لە ماڵەکەی ترەمپدا هەن، وەکو میدیای ئەمریکی دەڵێت، هی سەردەمی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکان کە دەبوو لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی، رادەستی کۆشکی سپیی کرابانەوە.
 
ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی چەند هەفتەیەکە، کۆنگرێسی ئەمریکا کۆبوونەوە بۆ تاوتوێکردنی لێکۆڵینەوەکانی پەیوەست بە رووداوەکانی 6ی کانوونی دووەمی ساڵی 2021 دەکات.
 
دۆناڵد ترەمپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ساڵی 2020دا شکستی هێنا؛ رۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2021 لایەنگرانی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنیان رەتکردەوە و هەڵیانکوتایە سەر کۆنگرێس و ژنە خۆپێشاندەرێک لەنێو کۆنگرێسدا کوژرا، چوار خۆپێشاندەر و پۆلیسێک بەهۆی سەختیی برینەکانیانەوە لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەستدا. لەدوای ئەوەش وەزارەتی دادی ئەمریکا دەستیکرد بە لێکۆڵینەوە لەو رووداوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی فایسێرڤ لە شاری میلواوکی ویلایەتی ویسکۆنسن

کۆنگرەی کۆمارییەکان دەکرێت و ترەمپ بەربژێری سەرۆکایەتیی ئەمریکایە

ئەمڕۆ کۆنگرەی کۆمارییەکان بۆ دیاریکردنی بەربژێرەکەیان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دەستپێدەکات. لە دوا رۆژی کۆنگرەکە کە دەکاتە پێنجشەممە ترەمپ وەکو بەربژێری ئەو پارتە دەستنیشان دەکرێت. دوای رووداوی تەقەکردن لە ترەمپ، زۆرترین چاوەکان لەسەر لایەنی ئەمنیی کۆنگرەکەن.