رۆژی گه‌شی جوو لە ئەمریکا
پایزی 1942 زیاتر له هه‌زار و دووسه‌د و په‌نجا كه‌س بووین، په‌یتا په‌یتا به‌زۆر دهیانخزاندینه ناو فارگۆنی شهمهندهفهرهكانهوه. ته‌نانه‌ت وایلێهاتبوو نه‌مانده‌توانی له‌نێو فارگۆنهكهدا دانیشین.
ئه‌و فارگۆنه‌ی منی تێدا بووم زیاتر له 150 كه‌سی تێدابوو. له شاری كۆتبۆس-ی ئه‌ڵمانیاوه بهڕێیانكردین بۆ ناو كه‌مپی سه‌ربازیی ئۆشفیتز له پۆڵه‌ندا. به‌رله‌وه‌ی سهرمانخهنه ناو فارگۆنهكانهوه جانتاكانی ده‌ستمانیان پێ فڕێداین. له‌نێو فارگۆنه‌كه سه‌یری كاتژمێرهكهمم كرد سه‌عات 6ی ئێواره بوو. كاتێك دایانبه‌زاندین له فارگۆنه‌كان و ریزیان كردین، سه‌عات 4ی به‌ره‌به‌یان بوو. ئه‌وه دواجار بوو چاوم به‌و كاتژمێرهم بكه‌وێته‌وه، چونكه هیچیان پێوه نه‌هێشتین.
د. ئێزهی ئه‌فرام پسپۆڕ له سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئیسرائیل، له زانكۆی نۆرس داكۆتا- ئه‌مریكا، له‌گه‌ڵ دانانی چاویلكه‌كه‌ی له‌سه‌ر مێزه‌كه‌ی به‌رده‌می و هه‌ڵكێشانی هه‌ناسه‌یه‌كی قووڵ، ئه‌م بیره‌وه‌رییه‌ی باوكی بۆ (رووداو) گێڕایه‌وه.
باوكی یه‌كێك بووه له‌و جوله‌كانه‌ی له كاره‌ساتی هۆڵۆكۆست- دا له‌سه‌رده‌ستی نازییه‌كان به‌ره‌و كه‌مپی سووتاندن و له‌ناوبردن براوه و دواتر پاش كه‌وتنی سه‌ربازگه‌ی ئۆشفیتز له ساڵی 1945 له‌سه‌رده‌ستی سوپای سووری سۆڤێتی، رزگاری بووه. پاشان وه‌ك په‌نابه‌ر روویكردووەته ئه‌مریكا و ژنێكی كریستیانی هێناوه. ئێستا دوو كوڕ و سێ كچی له‌دوای خۆی به‌جێهێشتووه.
ئه‌و سه‌رێكی هه‌ڵبڕی و گوتی:"هه‌رچی بۆ جوو بكرێت لە ئازاری سووتاندن و كوشتنی ملیۆنان جوو كه‌مناكاته‌وه، بۆیه خه‌مه‌كانمان زۆر له‌وه قووڵتره كه سه‌رۆك تره‌مپ به‌رگریمان لێ بكات یان نا. یاخود دڵخۆش بین به‌وه‌ی بۆریس جۆنسن بووه به سه‌رۆك وه‌زیرانی به‌ریتانیا". ئه‌م قسانه‌ی د. ئه‌فرام پاش ئه‌و هه‌ڵمه‌ته میدیاییه دێت كه له‌ڕێگه‌ی هه‌ردوو ئه‌ندامی كۆنگرێس (ئیلهان عومه‌ر و ره‌شیده تالیب)-ی به ئایین موسڵمانەوە لە دژی جوو گەرم کرا. ئه‌مه‌ش جگه له جالیه‌ی جوو، ژماریه‌ك له ئه‌ندامانی كۆنگرێس و سه‌رۆك تره‌مپ-ی هێنایه قسه و به‌رگرییه‌كی سه‌ختی له جووه‌كانی ئه‌مریكا كرد.
"چاندنی فیتنه‌ی ئاینی خراپه، ئه‌وه‌ی ئه‌و دوو خانمه‌ی کۆنگرێس ده‌یكه‌ن زیان به ئایندهی دیموكراته‌كان دەگەیەنێ، چونكه وای ده‌بینم، ئێستا رۆژی گه‌شی ئێمه‌یه" د. ئه‌فرام وه‌های گوت.
راكێشانی سۆزی جوو
به‌رگریی سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپ لە جووەکانی ئەمریکا لێكدانه‌وه‌ی جودای به‌دوای خۆیدا هێناوه. هه‌ندێكیان پێیانوایه كه ئه‌مه له‌به‌ر دڵی جارید كۆشنەری زاوا و راوێژكارێتی. هه‌ندێكی تریش وایده‌بینن كه ئه‌مه به‌شێكه له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2020 و راكێشانی سۆزی جووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ لای خۆی، چونكه له‌بنه‌ڕه‌تدا سه‌رۆك تره‌مپ دژی جووه، جولیان ئی زیله‌ر له پێگه‌ی ئه‌تله‌نتا له رۆژی 7 ی نۆڤێمبه‌ری 2017 له‌و رووه‌وه نووسیبووی:"سه‌ره‌ڕای هه‌ر نیه‌تێكی تره‌مپ كه هه‌یبێت یان نا، به‌ڵام كۆمارییه‌كان به شێوه‌یه‌كی گشتی هه‌ستێكی دڵسۆزانه‌یان هه‌یه به‌رامبه‌ر جوو.
هه‌رچه‌نده له كۆتایی هه‌ڵمه‌تی بانگه‌شه‌دا تره‌مپ خراپ قسه‌ی كرد، كاتێك گوتی، دامه‌زراوه هه‌یه به ترلیۆن دۆلاری خستووەته گه‌ڕ له نیویۆرك و واشنتن تا رهگداكوتن له سیاسه‌تدا، ته‌نانه‌ت هه‌وڵده‌ده‌ن بۆ بردنه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردن و له‌پێناوی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیاندا كارده‌كه‌ن كه هه‌موویان جوون و وه‌ك پیلانێكی نێوده‌وڵه‌تی سه‌یر ده‌كرێت".
ده‌شێت ئه‌مه وه‌ك قسه‌یه‌كی لهدهمدهرچووی تره‌مپ حسابی بۆ بكرێت، چونكه هه‌ریه‌ك له كۆماری و دیموكراته‌كان هه‌میشه كێبڕكێیانه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌نگی جووی نێو ئه‌مریكا، هه‌رچه‌نده ئێستا هه‌ستده‌كرێت له دوای قسه‌كانی "ئیلهان عومه‌ر و ره‌شیده تالیب"، دیموكراته‌كان له ته‌وژمی راگرتنی سۆزی جوو شكستیان هێنابێت.
سیاسه‌تی راگرتنی سۆزی جوو مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه، "بروك جولدشتاین" لێكۆڵیاری جوو له "به‌نای زایۆنیزم فهوندهیشن" رۆژی 23 جوڵای 2019 له زانكۆی مینیسۆتا له شاری مورهید- ئه‌مریكا له پانێلێكدا له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له "حاییم شتاینمینز و ستیڤن سافیتسكی" تیشكیان خسته سه‌ر ململانێی كۆماری و دیموكراته‌كان بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگی جووی ئه‌مریكا و پێیانوابوو ئه‌گه‌رچی له هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی رابردوودا، دیموكراته‌كان سوودیان له ده‌نگی جووەکانی ئه‌مریكا وه‌رگرتبێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ر دیموكراته‌كان به‌م سیاسه‌ته‌وه بڕۆن، ده‌شێت له هه‌ڵبژاردنی 2020 دا كاریگه‌ری خراپی بۆ سه‌ر ئه‌وان هه‌بێت.
بروك جولدشتاین، نموونه‌ی دوایت ئهیزنهاوهری هێنایه‌وه كه له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی 1956دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی یه‌كێك بوو له‌و سه‌ركردانه‌ی نازییه‌كانی له جه‌نگی دووه‌می جیهانیدا تێك‌شكاند، كه‌چی تەنیا 40%ی ده‌نگی جووی ئه‌مریكای مسۆگه‌ر كرد.
گوتیشی: "ئه‌م رێژه‌یه تێرم دوای تێرم بۆ كۆمارییه‌كان خراپ بووه، ساڵی 1980 رۆناڵد رێگان ئومێدی زۆری لەسەر جالیه‌ی جوو هەڵچنی، كه‌چی 39%ی ده‌نگی جووەکانی ئه‌مریكای مسۆگه‌ر كرد".
ستیڤن سافیتسكی كه له ته‌نیشت جولدشتاین-ه‌وه دانیشتبوو، به سه‌رسوڕمانه‌وه باسی دوای كاره‌ساتی 11ی سێپتێمبه‌ری كرد كه جۆرج ده‌بلیو بوش زۆر هه‌وڵیدا له هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2004 سوود له جه‌نگی دژه تیرۆر وه‌رگرێت بۆ راكێشانی هه‌ستی جووەکانی ئه‌مریكا، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنه‌كاندا 11%ی ده‌نگی جووەکانی برد، هه‌رچه‌نده توانی سه‌ركه‌وێت به‌سه‌ر هاوتا دیموكراته‌كه‌یدا كه جۆن كیری بوو.
سه‌رۆك تره‌مپ، بونیادی ترسه
رۆژی 23 جولای 2019، سه‌نته‌ری پێ‌و، راپرسییه‌كی کرد له‌ژێر ناوی "ئه‌مریكییه‌كان ده‌رباره‌ی جوو زۆر نازانن، به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت خۆشیانده‌وێن". راپرسییه‌كه ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی له‌نێو میدیای ئه‌مریكیدا هەبوو. راپرسییه‌كه 32 پرسیاری له‌خۆگرتبوو، له 4- 19ی فێبریوه‌ری (شوبات)-ی خایاند و 11 هه‌زار كه‌س به‌شدارییان تێدا كرد. ئه‌وه‌ی گرنگه ده‌رباره‌ی بابه‌ته‌كه‌ی ئێمه ئه‌و پرسیاره بوو كه "تا چه‌ند هاوسۆزیت هه‌یه بۆ جوو"، بۆ وه‌ڵامه‌كه ئاستی ژماره (1- 100) دانرابوو، ژماره یەک نزمترین ئاست و 100 بەرزترین ئاست بوو. بە تێکڕا ئاستی ژماره 67 یان هه‌ڵبژاردبوو، واته تا 67 پله هاوسۆزن بۆ جوو. به‌ڵام ئاستێكی زۆر خراپی هاوسۆزی بۆ ئیسلام تۆمار كرا كه بە تێکڕا تەنیا 5 پله بوو.
یوسی كلاین هالیفی نووسه‌ری ئیسرائیلی كه له ئه‌مریكا له‌دایكبووه و له ئیسرائیل ده‌ژی، به‌ڵام له پشووی هاویندا له ئیسرائیله‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ویلایه‌تی ویسكۆنسن، له رێگه‌ی ئیمه‌یله‌وه پرسیارم لێ‌كرد بۆ (رووداو) كه "ئایا پێتوایه ئه‌و پاڵپشتییه‌ی سه‌رۆك تره‌مپ ده‌یكات بۆ ئیسرائیل، جیهان تووشی لێكترازانێكی تر ناكات؟" ئەو له وه‌ڵامدا گوتی: "وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌م پرسیاره ئاسان نییه، به‌ڵام جووەکانی ئیسرائیل باوه‌ڕیان وایه كه دۆناڵد تره‌مپ د‌رکی بە هه‌ڕه‌شه‌كانی سه‌ر ئیسرائیل كردووه. نائومێدبوونی ئیسرائیل، له‌كاتی رێككه‌وتنی ئه‌تۆمیی ئێران له سه‌رده‌می ئیداره‌ی ئۆبامادا، جووەکانی ئیسرائیلی نائارام كرد. ترەمپ به گواستنه‌وه‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئیسرائیل له ته‌لئه‌بیبه‌وه بۆ ئۆرشه‌لیم كه داوایه‌كی حكومه‌ته‌كه‌ی بنیامین نه‌تانیاهۆ بوو، ئه‌و باره لاره‌ی راستكرده‌وه.
توندوتیژی دژی جوو زیادی كردووه
له‌نێو ئه‌و ژاوهژاوە میدیاییه‌دا، وتارێكی "جۆناسان وایزمان" نووسه‌ری رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز له 4ی جێنیوه‌ری 2019 دێت کە هێنده‌ی دیکە گۆمه‌كه‌ی شڵه‌قاند. وایزمان ده‌ڵێت: "وایده‌بینم جووەکانی ئه‌مریكا سه‌رۆك تره‌مپ به بونیادی ترس له‌سه‌ر ئاینه‌كه‌یان ببینن، چونكه له دوای ده‌ستبه‌كاربوونی ئه‌وه‌وه په‌ڕگیریی ئاینی و نه‌ته‌وه‌یی له‌ڕێگه‌ی بزووتنه‌وه‌ی دژه- جوو وه‌ك بزووتنه‌وه‌یه‌كی سیاسی په‌ره‌ی سه‌ندووه. به‌پێی راپۆرتێكی ئێف بی ئای، له ساڵی 2018 بەدواوە توندوتیژی به رێژه‌ی 37% له ئه‌مریكا دژی جووەکان و رێكخراوه‌كانی جوو زیادی كردووه".
وایزمان پێیوایه كه ئه‌و گرنگیدانه له‌راده‌به‌ده‌ره به جوو له‌لایه‌ن سه‌رۆك تره‌مپه‌وه زیانی زیاتره له قازانج، له‌به‌رامبه‌ر ئه‌مه‌دا كاتێك بۆ هەفتەنامەی (رووداو) پرسیارم له یوسی كلاین هالیفی نووسه‌ری ئیسرائیلی كرد، له‌باره‌ی ئاماره‌كه‌ی ئێف بی ئای، ئه‌و گوتی: "من واینابینم (هەڵکشانی توندوتیژی دژی جوو) به‌هۆی گرنگیدانی له‌راده‌به‌ده‌ری سه‌رۆك دۆناڵد تره‌مپه‌وه بێت، به‌ڵكو هۆكاره‌كه‌ی ئه‌و بازدانه‌یه له سیاسه‌تی دۆناڵد تره‌مپدا. ئه‌و كاری كرد بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه لەلایەن نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانەوە بۆ لێقه‌وماوان و په‌نابه‌ره فه‌له‌ستینییه‌كان دابینكرابوو. تره‌مپ هەروەها به‌ڵێنی دا چاره‌سه‌ری ململانێی فه‌له‌ستین- ئیسرائیل بكات و به‌ناوی (دهستخستهناو ده‌ستی سه‌ده) تیمێكی پێكهێنا بۆ دروستكردنی خانووبه‌ره له ئیسرائیل. كه‌واته بێگومان ئه‌م هه‌وڵانه دژه-جووی زۆره، بۆیه له‌به‌رامبه‌ردا جووەکانی ئه‌مریكا ده‌كرێنه ئامانج".
شانبه‌شانی وایزمان، دەیڤد فرۆم خاوه‌نی كتێبی "تره‌مپۆكراسی" له وتارێكدا له گۆڤاری ئه‌تله‌نتا له رۆژی 24ی جولای له ژێر ناونیشانی "چییه ئه‌گه‌ر ئه‌مجاره ئێمه له‌لایه‌ن جوله‌كه‌وه بانگهێشت نه‌كرێین؟" ده‌ڵێت: "به‌شێك له قسه‌كردنی به‌رده‌وامی تره‌مپ ئه‌وه‌یه هه‌میشه داوا له كاربه‌ده‌ستانی حكومه‌ت ده‌كات كه ئیدانه‌ی دژه- جوو بكه‌ن. پێشتر تره‌مپ داوای کردبوو ئه‌وانه‌ی له كۆنگرێسن و له ئه‌مریكا له‌دایك نه‌بوون ده‌توانن بگه‌ڕێنه‌وه وڵاتی خۆیان ئه‌گه‌ر ئه‌مریكایان به‌دڵ نییه. هه‌ر دوای ئەوە وه‌زاره‌تی داد كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسی به‌ست ده‌رباره‌ی بنبڕكردنی دژه-جوو كه ولیام بار داواكاری گشتی و جێفری رۆزن-ی جێگری قسەیان کرد. كه‌چی دوابه‌دوای ئه‌وان تره‌مپ له تویتێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه نه‌ك له ئه‌مریكا دژه- جوو بوونی نییه، به‌ڵكو له هه‌موو جیهاندا جێگه‌ی نییه".
هه‌رچه‌نده ئه‌م پێداگرییه‌ی تره‌مپ چه‌كێكی گه‌وره‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردنی 2020 ده‌بێت، به‌ڵام پێموابێت چه‌كێكی بێ فیشه‌كه چونكه دامركاندنه‌وه‌ی ئیلهان عومه‌ر ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له حزبی دیموكراته‌كان، تره‌مپ-ی ده‌ستبه‌تاڵ كرد، كاتێك رۆژی 23ی جولای تێكڕای ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مریكا جگه له 17 ئه‌ندام، پرۆژه‌ی دژه-جووی ئیلهان عومه‌ر-یان ره‌تكرده‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ئیلهان عومه‌ر كه‌سێكی په‌راوێزه له ئهنجوومهنهكەدا و نه‌بووه به ژماره تا تره‌مپ سوود له‌و كارته وه‌رگرێت. خۆ ئه‌گه‌ر كه‌سێكی وه‌ك نانسی پێلوسی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران پرۆژه‌یه‌كی له‌و جۆره‌ی هه‌بووایه، بێگومان كاریگه‌ریی گه‌وره‌ی ده‌بوو. هه‌ر وه‌ك له به‌ریتانیا كه‌سێكی وه‌ك جێرمی كۆربین له پارتی كرێكاران به ئاشكرا دژه- جووه و كاریگه‌ری گه‌وره‌شی جێهێشتووه له‌سه‌ر خه‌ڵك.
به‌ڵام به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌و بۆچوونانه‌وه، سه‌رۆك تره‌مپ رۆژ له‌دوای رۆژ فرسه‌تی زیاتر ده‌دات به سه‌ركرده جووەکان له پێگه حكومییه‌كاندا، دوایین پله‌ی وه‌زیفی، رۆژی 25ی جولای بوو کە سه‌رۆك تره‌مپ ژنه جووی ئارسۆدۆكس "ئان نیوبێرگه‌ر"ی كرده سه‌رۆكی به‌شی سایبێرسكویریتی ئاژانسی هه‌واڵگریی ئه‌مریكا.
باڵیۆزی به‌ریتانیا له ته‌لئه‌بیبه‌وه بۆ ئۆرشه‌لیم
ره‌نگه له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی بۆریس جۆنسن وه‌ك سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، هێڵه‌كانی ئه‌م به‌رگریكردنه هاوبه‌شه‌ی نێوان ئه‌مریكا و به‌ریتانیا لە جوو تۆختر ببێته‌وه. له‌گه‌ڵ تۆخكردنه‌وه‌ی هێڵه‌كانی ئه‌م به‌رگریكردنه جیهان پێ ده‌نێته قۆناغێكی نوێ، بۆ ئه‌وه‌ش له 10ی مانگی نۆڤێمبه‌ر كۆنفرانسی "جوو و كهنسەرڤاتیزم" له نیویۆرك ده‌به‌سترێت كه تێیدا 22 ئه‌كادیمیست و نووسه‌ر و سیاسیی ناوداری جوو لێكۆڵینه‌وه‌یان ده‌بێت، له‌نێو ئه‌وانه‌دا هه‌ریه‌ك له "هێنری كیسنجه‌ر و نۆرمان بۆدوریتز" هەن.
هه‌موو ئه‌م جموجوڵه سیاسی و قسه‌كردنانه لای زۆربه‌ی جووەکانی ئه‌مریكا بۆ ئه‌و شڵه‌قانه سیاسییه ده‌گه‌ڕێته‌وه کە له جیهاندا روویداوه. ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئاراسته‌یه‌ك بێت وه‌ك رۆژی گه‌شی جوو، ببێته مایەی سه‌قامگیری له ئه‌مریكا نه‌ك پێكدادان. ئه‌وان نایشارنه‌وه كه ئه‌مه سه‌ركه‌وتنێكی گه‌وره‌ی هه‌میشه‌یی نییه. ته‌نانه‌ت ئه‌وان ئه‌م گه‌شانه‌وه‌یه به سه‌رچاوه‌ی نائارامی و دڵه‌ڕاوكێ و ته‌نیایی و هه‌تا به لێكدابڕانی داده‌نێن. شوێنپێ و په‌نجه‌مۆری ئه‌زموونی جووەکانی ئه‌مریكا (وه‌ك كه‌مینه‌یه‌كی رێزلێگیراو په‌سه‌ندكراوه له‌سه‌ر بنه‌مای كه‌مینه‌یه‌كی ئاینی و خوازراوی كۆمه‌ڵایه‌تی) دژبه‌یه‌كه له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌یه‌كی هه‌ڵكه‌وتوو له ئیسرائیل.
هه‌ندێك پێیانوایه جگه له نوخبه‌ی سیاسی، له‌بنه‌ڕه‌تدا په‌یوه‌ندیی هه‌رسێ جالیه‌ی گه‌ورەی جوو له ئه‌مریكا و به‌ریتانیا و ئیسرائیل گرژبوونێكی له‌راده‌به‌ده‌ریان له‌نێواندایه. به‌ڵام نووسه‌ران و ئهكادیمستهكانی جوو ئه‌مه به پروپاگه‌نده‌ی ئیسلامی سیاسی ده‌زانن و جۆرێكه له شێواندنی رووی گه‌شی ته‌بایی نێوان هه‌ر سێ جالیهكه له‌لایه‌ن ئیران و هه‌ندێك وڵاتانی عه‌ره‌بییه‌وه. وه‌ك په‌رچه‌كردارێك بۆ ئه‌م جۆره پروپاگه‌ندانه، "لی هاربین" نووسه‌ری ئیسرائیلی له پێگه‌ی "زه جووش كۆنكڵ" رۆژی 23ی جولای 2019، له وتارێكدا له‌ژێر ناوی "بۆریس جۆنسن شانبه‌شانی جالیه‌ی جوو، سه‌ركه‌وت بۆ سه‌رۆكوه‌زیران"، نووسیویه‌تی: "ساڵی 1942 جالیه‌ی جوو له ئه‌ڵمانیا، له رۆژێكی ره‌شدا بوو، به‌ڵام ئه‌مڕۆ ده‌شێت له‌سه‌ر ده‌ستی جۆنسن رۆژێكی رۆشن له به‌ریتانیا به‌خۆیه‌وه ببینێ، چونكه ئه‌و مێژوویه‌كی دێرینی هه‌یه له وه‌ستان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل و جالیه‌ی جوو له به‌ریتانیا. له نێو ئومێده نوێیه‌كانیشدا ئه‌وه له جۆنسن چاوه‌ڕوان ده‌كرێت كه باڵیۆزی به‌ریتانیا له ته‌لئه‌بیبه‌وه بگوازێته‌وه ئۆرشه‌لیم".