ماکرۆن لە نێوان راستێکی دۆڕاو و چەپێكی سەرکەوتوو ماوەتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

شۆکی سیاسی یەکێكە لە تایبەتمەندییەکانی فەرەنسا؛ رۆژنامەکان لەگەڵ یەکەمین تیشکی خۆر بە گەرمی هەواڵەکەیان بە گوێی خەڵکدا دا. لیبراسیۆن نووسیویەتی "نایابە".
 
بەشێكیان لە هەنگاوی داهاتوو نیگەرانن؛ وەک پاریسیان کە  ئەم وێنەیەی ماکرۆنی بڵاوکردووەتەوە و لەگەڵ رستەی" ئەی ئێستا، ئێمە چی بکەین؟"
 
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی فەرەنسا، چەپەکان یەکەم، پارتە میانڕۆکەی ماکرۆن دووەم و راستە تووندەکانیش سێیەم بوون. ئێستا ماکرۆن  کەوتووەتە نێوان بەرداشی چەپ و راستەکان.
 
حەسەن، دانیشتووی پاریسە و دەڵێت: "بە ئەنجامەکان رازیم، راستە حەزم لە چەپەکان نییە، بەڵام هیچ نەبێت لە مارین لوپێن و گردبوونەوەی نیشتمانی تووندڕۆ باشترە، یەکەمیان کۆلێرایە و دووەمیان تاعوونە، کۆلێراکە لە تاعوونەکە باشترە".
 
لۆپێنی تووندڕۆی دۆڕاو لە پشت ئەو خەندەیەوە؛ رووخسارە تاڵوگرژەکەی داپۆشیوە. 
 
چەپە براوەکان سەر بە بەرەی نوێی گەلن. لەنێویاندا ژۆن لوک میلۆنشۆ، سەرکردەی پارتی چەپی فەرەنسای خۆنەچەمێنە.
 
ژان لوک میلۆنشۆ، سەرۆکی پارتی چەپی 'فەرەنسای خۆنەچەمێن' دەڵێت: "پێویستە سەرۆک بڕوات، یان دەبێت سەرۆکوەزیرانێک لە ریزەکانی ئێمە هەڵبژێرێت."
 
ئەمە سەرۆک ماکرۆن، سیاسییە سەرسەخت و کەللە رەقەکەیە. ئەو سوورە لەسەر هێشتنەوەی هاوژینەکەی وەک خانمی یەکەمی فەرەنسا تاوەکو  ئایاری2027.
 
کەوابوو تاوەکو سێ ساڵی دیکە فەرەنسا سەرۆکێكی میانڕۆی دەبێت؛ لە بەرامبەر سەرۆکوەزیرانێكی چەپی تووندی پاڵپشتیکراوی بە زۆرینەی پەرلەمانی.
 
ئەزموونێکە لە 40 ساڵی رابردوودا لە فەرەنسا لە ژێر ناونیشانی "پێکەوەژیان"، سێ جار تاقیکراوەتەوە؛ هەرچەندە رێگەکەیان پڕ لە رووداوی نەخوازراو و پێکدادانی سیاسی بووە.