رووداو دیجیتاڵ
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، تارانی پایتەختی ئێرانە؛ یەک رۆژ دوای سەرکەوتنی پزیشکیان.
روئیا، هاووڵاتییەکی ئێرانییە و دەڵێت: "سەبارەت بەو بابەتە هیچ هەستێکم نییە، چونکە ئەمانە تەنیا درووشم دەڵێن و کە پۆستەکەیان وەرگرت هیچ کارێک بۆ خەڵک ناکەن. دەنگم نەدا و بەلاشمەوە گرنگ نییە".
دونیا، هاووڵاتییەکی دیکەی ئێرانییە و ئاماژە بەوە دەکات: "لە بنچینەدا هیچ هەستێکم نییە. سەبارەت بەوەی دۆخی وڵات باش دەبێت یان خراپ، هیچ هەستێکم نییە. دەنگم نەدا و بەلاشمەوە گرنگ نییە پزیشکیان یان هەر کەسێكی دیکە بووەتە سەرۆککۆمار".
لەوانەیە بەشی زۆری ئەو 50٪ـی بەشدارییان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئێراندا نەکرد، هەمان هەستی روئیا و دونیایان هەبێت.
بەڵام بۆ میدیای فەرمی و نیمچە فەرمی، 50٪ـی بەشداربووەکە گرنگە.
رۆژنامەی 'هەمشهەری' نیمچە فەرمی سەردێڕەکەی بە "چاوی دوژمن کوێر بێت" رازاندووەتەوە، لەگەڵ وێنەی خێزانێكی نەریتخواز پەنجەیان بە مەرکەبی دەنگدان شین بووە.
تاران تایمز، چاپی ئینگلیزی بە گەورەیی نووسیویەتی " 50٪ بەشداریکردن.
پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران مەزارگەی ئیمام خومەینی هەڵبژارد بۆ پێشکێشکردنی یەکەمین گوتاری.
مەسعود پزیشکیان گوتی: "هەڵبژاردن لە کەشوهەوایەکی ئارام ئەنجامدرا و دەنگەکانیش بە درووستی جیاکرانەوە، سەرەتا دەبێت سوپاسی رێبەری باڵا بکەین، چونکە بە دڵنیاییەوە ئەگەر بەڕێزیان نەبوونایە، پێم وایە ناوی من بە ئاسانی لەو سندووقانە جیا نەدەکرایەوە".
پزیشکیان بە ناڕاستەوخۆ، رەخنەی لە 8 سەرۆکی پێش خۆی گرت: "چەندین ساڵە دوای شۆڕش دێین و لەسەر ئەم سەکۆیانە دەوەستین و بەڵێن دەدەین و بەڵێنەکانمان جێبەجێ ناکەین، ئەوە گەورەترین کێشەیە کە ئێمە لەگەڵ ئێوە هەمانە".
پاشان باسی بایکۆتکەرانی هەڵبژاردنەکانی کرد: "بە هەموو ئەوانەی کە بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان نەکردووە دەڵێم کاتیەتی بتانبینین و بتانبیستین".
شەقامی ئێران چی دەوێت؟ محەممەد، شۆفێری تەکسییە و دەڵێت: "ئەو گوشارانەی کە لەسەر خەڵکە کەمیان بکاتەوە ئیدی، کێشەی ئابووری. شۆفێری تاکسیم لە 3 سبەینێوە دێمە دەرەوە بۆ کارکردن و ناشتوانم ژیانێکی ئاساییم هەبێت، بەردەوام قەرزارم".
نەهێشتنی سزاکان، گەڕانەوە بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ رۆژئاوا؛ درووشمێکی پزیشکییانە.
محەممەدی، هاووڵاتییەکی ئێرانییە و دەڵێت: "بۆ لابردنی سزاکان دەبێت سەرەتا بە رێککەوتن لەگەڵ وڵاتانی رۆژئاوا بگەن و بزانن خواستەکانی ئەوان چین و خواستی ئێران چییە، بەڵام دەبێت بە جۆرێك بێت لەگەڵیدا ئێران لاواز نەکرێت".
لابردنی سزاکان و بەهێزهێشتنەوەی وڵات، هاوکێشەیەکی قورسە بە سەرۆکانی پێشووی ئێران چارەسەرنەکراوە و دووریش نییە پزیشکییانیش بچێتە ریزیانەوە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ