سوێد بۆ کەمکردنەوەی کۆچبەران یاسای یەکگرتنەوەی خێزان قورس دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسانی سوێد دەڵێن، یاسای یەکگرتنەوەی ئەندامانی خێزان قورستر دەکەن و پشکنینی DNA بەشێوەیەکی فراوانتر و وردتر بۆ ئەو پەناخوازانە دەکەن کە دەیانەوێت بەو پڕۆگرامە بچنە ئەو وڵاتە.
رۆژی سێشەممە، 9ـی تەممووزی 2024، ماریا ستێنێگارد، وەزیری کۆچبەرانی سوێد لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ستۆکهۆڵم گوتی، "مافی یەکگرتنەوە لەگەڵ ئەندامانی دیکەی خێزان یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکان، بەڵام یاساکانی ئێستا زۆر شلن".
دوای هاتنە سەر دەسەڵات، ئۆلف کریستێرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد لە ساڵی 2022 بەڵینیدا رێگە لە چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتەکەی بگرێت.
لەو چوارچێوەیەدا لە تەممووزی رابردوودا حکومەتی سوێد بەشێک لە مەرجەکانی یاسای یەکگرتنەوەی خێزانی قورستر کرد و یەکێک لەوانیش مەرجی داهات بوو. هەر کەسێک کە لە سوێد دەژیت، بۆ ئەوەی کە ئەندامانی دیکەی خێزانەکەی بباتە ئەو وڵاتە، دەبێت داهاتێکی باشی هەبێت.
لە ساڵی 1990ـەوە ژمارەیەکی زۆری پەناخواز لە چەندین ناوچەی جیهانەوە چوونە سوێد، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە جەنگییان تێدا بوو و سەقامگیر نەبوون. سووریا، ئەفغانستان، سۆماڵ، ئێران و عێراق بەشێک لەو وڵاتانە بوون لە 30 ساڵی رابردوودا ژمارەیەک لە هاووڵاتیانی چوونەتە سوێد.
بەگوێرەی ئەو ئامارانەی کە حکومەتی سوێد لە ساڵی 2020 بڵاویکردوونەتەوە، 20٪ی دانیشتوانی سوێد لە دەرەوەی ئەو وڵاتە لەدایکبوون کە دەکاتە زیاتر لە 10 ملیۆن کەس.
حکومەتی سوێد ئاماژە بەوە دەکات، پێداچوونەوەی بە یاسای کۆچبەری لە وڵاتەکە کردووە و لە کانوونی دووەمی 2025 ئەنجامی پێداچوونەوەکە رادەگەیێنێت.
ئەو بڕیارەی حکومەتی سوێد لەکاتێکدایە، لە نیسانی ئەم ساڵدا پەرلەمانی ئەورووپا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژەیاسایەکی نوێی کۆچبەری لە یەکێتییەکە پەسند کرد.
مەبەست لە پڕۆژەیاسا نوێیەکەی یەکێتیی ئەورووپا ئەوە بوو کە کاریگەرییەکانی کۆچبەرانی نایاسایی لەسەر وڵاتانی ئەندام لە یەکێتییەکە کەم بکرێنەوە، رەوانەکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی داواکارییەکەیان رەتکراوەتەوە، خێراتر بکرێت.