رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا جارێکی دیکە بازرگانانی لە ناڕوونیدا هێشتەوە و هیچ ئاماژەیەکی لەبارەی کەمکردنەوەی رێژەی سوود بەدەستەوە نەدا، بەڵام گوتی، "داتای ئەرێنی" ئەگەرەکە زیاد دەکات.
جیرۆم پاوڵ، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، "بە باشی ئاگاداری مەترسییە دووسەرییەکانین و ناتوانین چیدیکە سەرنجمان تەنیا لەسەر هەڵاوسان بێت".
پاوڵ گوتی، "پێدەچێت بازاڕی کار بە تەواوی هاوسەنگی بۆ گەڕابێتەوە" و راشکاوانە بە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی گوت، "ئەمڕۆ هیچ ئاماژەیەک لەبارەی هەنگاوەکانی داهاتوو بەدەستەوە نادەم لەبارەی رێژەی سوود".
شرۆڤەکاران قسەکانی پاوڵ وا لێکدەدەنەوە کە ئەگەر هەیە لە ئەیلوولی ئەم ساڵدا دەست بە کەمکردنەوەی رێژەی سوود بکات.
کریستۆفەر هۆگ، ئابووریناسی ئەمریکا لە وەبەرهێنانی ناتیکسس دەڵێت، "ئەگەر سەیری بازاڕی کاری ئەمریکا بکەین، دەبینین زەمینەیەک رەخساوە بۆ کەمکردنەوەی سوود لە مانگی ئەیلوول".
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا رایگەیاند، لە مانگەکانی رابردوودا هەڵاوسان دابەزیوە. ئاماژەی بەوەشکرد، "داتای زیاتری ئەرێنیش ئەگەری شلکردنەوەی سیاسەتی نەختینەیی بەهێزتر دەکەن".
رۆژی پێنجشەممە 11-007-2024، کاژێر 15:30 بە کاتی هەولێر ئاماری هەڵاوسان لە ئەمریکا بۆ مانگی حوزەیرانی رابردوو بڵاودەبێتەوە.
لە ئایاردا رێژەکە 3.3٪ بوو. ئەگەر رێژەکە بۆ مانگی رابردوو لە رێژەکەی مانگی ئایار کەمتر بێت، ئەگەری کەمکردنەوەی رێژەی سوود لە مانگی ئەیلوول زیاتر دەبێت.
لە مانگی ئایاردا 218 هەزار کەس لە ئەمریکا لە کەرتی تایبەت کاریان دەستکەوتبوو و بێکاریش 4٪ بوو، بەڵام لە مانگی حوزەیراندا دامەزراندن بۆ 206 هەزار کەس کەمبووەوە و بێکاریش بۆ 4.1٪ بەرزبووەوە.
جیرۆم پاوڵ دەڵێت، ئەو ئامارانە هێشتا لە ئاستێکی نزمدان، بەڵام خاوبوونەوەی بازاڕی کار و دابەزینی هەڵاوسان لە دوو ساڵی رابردوودا بەرەوپێشچوونی باشی بەخۆیەوە بینیوە.
سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەمریکا باس لەوە دەکات، "ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر رێژەی سوود لە ئاستێکی بەرزدا بهێڵینەوە، رەنگە ئەو کارە چالاکیی ئابووری و دامەزراندن لاواز بکات".
لە مانگی ئاداری ساڵی رابردووەوە و بەهۆی کاریگەریی شەڕی ئۆکراینا و هەڵاوسانەوە، بانکی ناوەندیی ئەمریکا 11 جار سوودی بانکیی بەرزکردووەتەوە و ئێستا رێژەکە 5.25٪ بۆ 5.50٪ـیە، ئەوەش بەرزترین ئاستە لە 20 ساڵی رابردوودا.
لە حوزەیرانی ساڵی 2022ــدا هەڵاوسان لەو وڵاتە گەیشتە 9.1٪ کە بەرزترین ئاست بووە لە زیاتر لە 40 ساڵی رابردوودا.
بەڵام بەهۆی دابەزینی رێژەیی هەڵاوسان، لە مانگی تەممووزی ساڵی رابردووەوە ئەمریکا رێژەی سوودی وەک خۆی هێشتووەتەوە.
ئامانجی بانکە ناوەندییەکان لە بەرزکردنەوەی سوودی بانکی، کەمکردنەوەی کڕینی کاڵا و خزمەتگوزارییە لەلایەن هاووڵاتییەکانییانەوە. وەرگرتنی رێژەیەکی زیاتری سوود لەو کەسانەی پارەیان لە بانکە وایان لێدەکات کەمتر پارەکانیان لە بانک رابکێشن، بەوەش خواست لەسەر کڕینی کاڵا کەمدەبێتەوە و نرخی کاڵاکان بەهۆی کەمبوونەوەی خواستەوە دادەبەزێت و ئەوەش هەڵاوسان کەمدەکاتەوە.
بە کەمبوونەوەی هەڵاوسان و رێژەی سوود، پێشبینی دەکرێت نرخی دۆلار دابەزێت. لە بەرامبەردا نرخی زێڕ، پشکی کۆمپانیاکان و دراوەکان بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزببێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ