رووسیا ئەو چەکدارە هیندستانیانە دەردەکات کە لە ریزی سوپاکەیدا شەڕ دەکەن

09-07-2024
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی هیندستان دەڵێت، رووسیا بەڵێنی داوە ئەو چەکدارە هیندستانیانەی لە ریزی سوپاکەیدا شەڕ دەکەن، ئازاد بکات.
 
رۆژی سێشەممە، 9ی تەممووزی 2024 ڤینای مۆهان، وەزیری دەرەوەی هیندستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە مۆسکۆ گوتی، "سەرۆکوەزیران [نارێندرا مودی] پرسی ئازادکردنی ئەو هاووڵاتییە هیندیانەی وروژاند کە بەلاڕێدا براون و چوونەتە ریزی سوپای رووسیا."
 
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی هیندستان، 35 تاوەکو 50 هاووڵاتیی هیندستانی چووبوونە ریزی سوپای رووسیا و تاوەکو ئێستا لەو ژمارەیە 10 کەسیان گەڕێندراونەتەوە.
 
بەشێک لەو هاووڵاتییە هیندستانیانەی چوونەتە ریزی سوپای رووسیا، بە میدیای فەرەنسییان گوتووە، پێش ئەوەی بچنە ریزی سوپای ئەو وڵاتە، بەڵێنی ئەوەیان پێدرا کە لەنێو سوپای رووسیا کاریان پێدەدرێت و نانێردرێنە بەرەکانی جەنگ، بەڵام دواتر بەزۆر رەوانەی بەرەکانی پێشەوەی جەنگ کراون.
 
بەگوێرەی میدیای رۆژئاوایی، جگە لە هاووڵاتییانی هیندستان، هاووڵاتییانی سریلانکی و نیپاڵیش براونەتە ریزی سوپای رووسیا و دژی سوپای ئۆکراینا شەڕیان پێدەکرێت.
 
لە کۆتایی مانگی رابردوودا هاوشێوەی هیندستان، سریلانکاش داوای لە رووسیا کرد، رێگە بەو هاووڵاتییانەی بدات کە دژی سوپای ئۆکراینا شەڕ دەکەن و ئارەزوو دەکەن بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە