گۆڕانی کەشوهەوا و پیسبوونی ژینگە هەنگوینی نیپاڵی کەمکردووەتەوە
رووداو دیجیتاڵ
بە گوێرەی زانکۆی ترایبوڤانی نیپاڵ، ساڵانە ژمارەی هەنگەکانی بەرزاییەکانی هیمالایا بەراورد بە ساڵی پێشتر 70٪ کەم دەبنەوە.
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆیەکەدا دەردەکەوێت، ژمارەیەک هاووڵاتی نیپاڵین لە قەدپاڵی چیای هیمالایە. بژێوی ژیانیان لەسەر کۆکردنەوەی هەنگوینە.
چیترا بەهادور، هاووڵاتییەکی نیپاڵییە و دەڵێت: "پێشتر 50 بۆ 60 شانەی هەنگوین هەبوون، بەڵام ئەم جارە تەنیا 13 دانە بوون. پار 30 دانە بوون. ئەمە دەکرێت بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا، پیسبوونی ژینگە یان ئاوەوەبێت."
بەشێک لە هاووڵاتیان گلەییان لە حکومەت هەیە؛ چاندرا سینگ گورونگ، هاووڵاتییەکی نیپاڵییە و دەڵێت: "حکومەت لێرە دەستی بە پرۆژەیەک کرد کاتێک سەرقاڵی کۆکردنەوەی هەنگوین بووین. حکومەت دارەکان دەبرێتەوە، جۆگە لێدەدات و ئاوەکە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاردێنێت. نابێت ئەمە بکرێت".
ساڵانە نزیکەی چوار هەزار تۆن هەنگوین لە نیپاڵ بەرهەم دێت؛ بەشێکی هەناردە دەکات. داهاتی هەناردەی هەنگوین لە ساڵی رابردوودا 191 هەزار دۆلار بووە.
چیترا بەهادور لەو بارەیەوە دەڵێت: "ئەم هەنگوینە لە نیپاڵ زۆر بەناوبانگ بووە و خواستی بازاڕی نیشتمانی و نێودەوڵەتی لەسەر بەرزبووەتەوە."
نیوزیلاند، چین و ئەرجەنتین زۆرترین هەنگوینیان هەیە.
پار قەبارەی بازرگانی هەنگوین هەشت ملیار و 940 ملیۆن دۆلار بوو؛ پێشبینی دەکرێت قەبارەکە تاوەکو ساڵی 2032 بگاتە 15 ملیار و 590 ملیۆن دۆلار.