گووگڵ و مێتا عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ بەستنەوەی ئاسیا بە ئەورووپا بەکاردەهێنن

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی گەیاندنی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەمجارە هەردوو کۆمپانیای گۆگڵ و مێتا، ئینتەرنێت لە رێگەی عێراقەوە دەگوازنەوە بۆ ئاسیا و ئەورووپا، هێڵەکە بە هەرێمی کوردستانیشدا تێدەپەڕێت.
 
عومەر عامری، گوتەبێژی وەزارەتی گەیاندنی عێراق بە ئاژانسی فەرمیی عێراق"واع"ـی راگەیاندووە: "وەزارەت بازێکی گەورەی لە تۆکمەکردنی پێگەی جوگرافیی وڵات داوە، بەتایبەت لە پرسی ترانزێت و راکێشانی جوڵەی گەیاندن و توانا و داتاکانی ئینتەرێت لە رێگەی خاکی عێراقەوە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی گەیاندنی عێراق باس لە راکێشانی هێڵێکی ئینتەرنێت دەکات و دەڵێت: "هێڵەکە لە باشوورەوە تێدەپەڕێت بۆ ناوەڕاستی عێراق و دواتر بە هەرێمی کوردستان، لە تورکیاوە دەردەچێت و ئاسیا بە ئەورووپا بە یەکەوە دەبەستێتەوە."
 
ئەو هەنگاوەی وەزارەتەکە باسی کردووە، چەند مانگێک پێشتر گرێبەستەکەی واژۆکراوە. بەپێی وەزارەتەکە چەندین ساڵە پێگەی عێراق لەو بوارەدا پەکخراوە، هەنگاوەکەش داهاتی دارایی بۆ وڵاتەکە دەبێت، چونکە زۆر لە کۆمپانیاکان دوای ئەو دوو کۆمپانیایە هێڵەکانیان بە عێراقدا تێدەپەڕێ.
 
ئاسۆ وەهاب، ئەندامی بۆردی عێراقی بۆ مافە دیجیتاڵییەکان"ئەنسەم"، بەتۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو رێگەمان بۆ گواستنەوەی ئینتەرنێت هەیە یەکێکیان لە ژێر دەریاوە دەبێت، ئەوی دیکەشیان لەسەر زەوی دەبێت، لەماوەی رابردوودا ئەو رێڕەوانە بە عێراقدا تێنەپەڕیون، خاوەندارێتی ئەو هێڵانە دەگەڕێتەوە بۆ گووگڵ و فەیسبووک، بەپێی گرێبەستەکە ئینتەرنێت لە ئاسیای دوورەوە دەگاتە ئاسیای ناوەڕاست و دواتر بە عێراقدا دەگاتە ئەورووپا."
 
ئاسۆ وەهاب پێیوایە، هەنگاوەکە کارێکی باشە، چونکە جگە لە سوودی ئابووری، عێراق دەتوانێت لە داهاتوودا IQ بۆ وێبسایتەکانی بەکاربهێنێت کە ئێستا هەیە، بەڵام ئەوکات زیاتر رێکدەخرێت.
 
لە ماوەکانی رابردوودا بەهۆی شەڕی حوسییەکانی یەمەن و هێرشەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و کردنە ئامانجی کەشتییەکانی دەریای سوور و عەرب بە کاریگەریی شەڕی حەوتی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووی نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیل، چەند جارێک هێڵەکانی ئینتەرنێت لە ژێر دەریادا زیانیان پێگەیشتووە.