راوێژکاری بەرگریی ئۆکراینا بۆ رووداو: تەقەمەنیی هێشوویی یارمەتیمان دەدات ئاسانتر سەنگەرەکانی رووسیا تێکبشکێنین

رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا بە رووداوی راگەیاند، وێڕای هەبوونی "دۆخێکی سەخت،" بەهۆی "ملیۆنان مین" و باڵادەستیی رووسیا لە رووی ئاسمانییەوە، هێرشی پێچەوانەیان لە دژی رووسیا بەردەوامە و تاوەکو ئێستا 160 کیلۆمەتر چوارگۆشەیان لە دەستی هێزە رووسییەکان دەرهێناوە، گوتیشی ناردنی تەقەمەنیی هێشووی لە لایەن ئەمریکاوە یارمەتییان دەدات هێڵە بەرگرییەکانی رووسیا "ئاسانتر" ببڕن. 
 
رۆژی شەممە لە کاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 17:00ـی رووداو کە سوورەیا حەساری پێشکێشی کرد، یووری ساک، راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا گوتی "بە درێژایی بەرەکانی جەنگ، شەڕێکی سەخت بەڕێوەدەچێت،" لەوانەش لە دەوروبەری باخمووت، کە بە گوتەی خۆی "لە ماوەیەکی نزیکدا سوپای ئۆکرایان هێزەکانی رووسیا گەمارۆدەدەن." هەروەها گوتی: "ئێمە تاوەکو ئێستا نزیکەی 160 کیلۆمەتر چوارگۆشەمان کۆنترۆڵکردووەتەوە، کە ئەوە پێشڕەویێکی بەرچاوە".
 
لەسەر هەڵسەنگاندنی وڵاتانی رۆژئاواش بەوەی کە هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی ئۆکراینا بە خاوی بەڕێوەدەچێت، ساک بە رووداوی گوت "ئێمە چەندینجار بە هاوبەشە رۆژئاواییەکانمان گوتووە، ئەمە نمایش نییە، ئەمە جەنگێکی زۆر سەختە، ئێمەش بەهایێکی زۆرمان هەیە بۆ سەربازەکانمان. ئەمەش واتە ئێمە زۆر بە هۆشیارییەوە پلانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەمان دادەنێین. پێچەوانەی رووسەکان، ئێمە هەرگیز سەربازەکانمان وەکو تۆپ بەکارناهێنین تەنیا بۆ ئەوەی بە هەندێ ئەنجام بگەین".
 
لە بارەی هێرشی پێچەوانەی هێزەکانی ئۆکراینا کە لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە دەستیپێکردووە، ساک باسی لەوەکرد "لە هەندی شوێنی بەرەکانی پێشەوە، ئێمە پێشڕەویی زیاتر دەکەین، هەندێجار کیلۆمەترێک و هەندێجاریش زیاتر". 
 
ساک گوتی "هێزە رووسییەکان هێرشی پێچەوانە دەکەن، بەڵام شکستدێنن. دۆخەکە سەختە، بەڵام سوپای ئۆکراینا پێشڕەوی دەکات. ئێمە سەرباز، تانک و تۆپهاوێژەکانی رووسیا لەنێودەبەین".
 
ئەوەی کە دۆخەکەی بۆ هێزە ئۆکرایینییەکان سەختترکردووە، ساک دەڵێت، ئەوەیە کە "هێزەکانی رووسیا ملیۆنان مینیان بە درێژایی بەرەکانی پێشەوە چاندووە و هێشتا رووسیا لە رووی هێزی ئاسمانییەوە باڵادەستە".
 
تەقەمەنیی هێشوویی قەدەخەکراو
 
یوری ساک هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، دوایین پاکێجی یارمەتیی ئەمریکا بۆ کیێڤ، کە تەقەمەنیی هێشوویی لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوان "زۆر یارمەتیدەر دەبێت، چونکە یارمەتیی هێزەکانی ئۆکراینا دەدات بتوانن ئاسانتر هێڵەکانی بەرگریی رووسیا تێکبشکێنن" و، بەو رێگەیە هێزەکانی ئۆکراینا "زیانی گیانی کەمتریان دەبێت".
 
ئەمە لە کاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند واشنتن تەقەمەنیی هێشوویی بۆ ئۆکراینا دەنێرێت، کە ئەوە نەک هەر نیگەرانیی رووسیای لێکەوتەوە، بەڵکو وڵاتانی رۆژئاوای هاوپەیمانی واشنتنیش دژی هەنگاوێکی لەو جۆرەن، چونکە چەکەکە لە لایەن زیاتر لە 100 وڵاتەوە قەدەخە کراوە. 
 
تەقەمەنیی هێشوویی دەتوانرێت لە زەوییەوە بە تۆپهاوێژ لە شێوەی مووشەک و تۆپ بهاوێژرێت یان لە فڕۆکەوە فڕێبدرێتەوە خوارەوە. هەر گوللـەیەکی تەقەمەنییەکە پێش ئەوەی بە زەوی بکەوێت، دەکرێتەوە و چەندین تەقەمەنی یان بۆمبی بچووکی بە پەرش و بڵاوی لێ دێنەدەرەوە و بەسەر ناوچەیەکدا بڵاودەبنەوە، کە رووبەرەکەی هێندەی گەڕەکێک دەبێت. زۆربەیان سەرەتا ناتەقنەوە، ئەمەش وادەکات ببنە تەقەمەنیی نەتەقیوی مەترسیدار، کە دەتوانن وەک مینە چێندراوەکان بۆ ساڵانێک یان تەنانەت دەیان ساڵ خەڵک بکوژن، مەگەر پاک بکرێنەوە و لەنێوببرێن.
 
رێککەوتننامەی 2008ـی تایبەت بە تەقەمەنیی هێشوویی، کە 110 وڵات پەسندیان کردووە و 13 وڵاتی دیکەش واژۆیان کردووە، بە هەموو جۆرێک ئەم چەکانە قەدەخە دەکات و داوای پاککردنەوەی ناوچەکان لەو چەکە و قەرەبووکردنەوەی بەرکەوتووانی دەکات. رووسیا لە رێککەوتنەکەدا بەشدار نییە و لە شەڕی دژی ئۆکراینادا تۆمەتباردەکرێت بە بەکارهێنانی چەکەکە. 

 

 
وێڕای ئەوەی کیێڤ بەڵێنیداوە ئەو چەکانە لە دژی خەڵکی سڤیل بەکارنەهێنێت، جۆ بایدن، لە هەڤەپەیڤینێکیدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دانی بەوەدا نا کە بڕیاری ناردنی تەقەمەنییە مشتومڕهێنەکە "زەحمەت" بووە، بەڵام پێیوابووە ئۆکراینا پێویستی پێیەتی، چونکە "خەریکە ئۆکراینییەکان تەقەمەنییان نامێنێت".
 
دوێنێ (شەممە، 8-7-2023)، ماریا زاخارۆڤا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا گوتی، ناردنی ئەو چەکانە بۆ کیێڤ "لە ئەنجامی بێ هیوابوونەوەیە" و هیچ کاریگەریێکی بەسەر ئۆپەراسیۆنەکانی مۆسکۆ لە ئۆکراینادا نابێت. 
 
لە پاڵ ئەو چەکانە، یوری ساک بە روودوای گوت "زیاتر لە هەر شتێک پێویستمان بە مووشەکی دوورهاوێژ و فڕۆکەی جەنگیی ئێف شازدەیە". 
 
درۆنی بایراکتار
 
راوێژکاری وەزارەتی بەرگریی ئۆکراینا باسی لەوە کرد، ئەوان "هەموو شتێکی بەردەست" لە دژی رووسیا بەکاردێنن، لەوانەش درۆنی بایراکتاری تورکی. 
 
یوری ساک گوتی "درۆنی بایراکدار بێگومان زۆر کاریگەر بوون لە هەفتەکانی سەرەتای جەنگدا،" ئەوە لە کاتێکدایە کە لە مانگەکانی سەرەتای شەڕەکەدا سوپای ئۆکراینا ئەو درۆنانەی بە چڕی لە دژی هێزە رووسییەکان بەکاردەهێنان و تەنانەت گۆرانیێکیشیان بۆ ستایشکردنی تەکنەلۆجیاکە بڵاوکردەوە. 
 
رۆژی هەینی، ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا سەردانی تورکیای کرد و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و  هالوک بایراکتار، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای بایراکداردا کۆبووەوە. 
 
وەک ئاماژەیەک بۆ بەهێزبوونی پەیوەندییەکانی نێوان بایراکتار و ئۆکراینا، کۆمپانیاکە لە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، رایگەیاند کارگەیەکی بەرهەمهێنانی درۆن لە ئۆکراینا دروستدەکات. 
 
یوری ساک گوتی: "درۆنی سەربازی لەم جەنگەدا زۆر زۆر گرنگن. بۆیە وەزارەتی بەرگریمان وەبەرهێنانێکی گەورە دەکات بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئێمە دەتوانین چەند جۆرێکی جیاوازی درۆنەکان لەنێو ئۆکراینادا دروستبکەین.  
 
ئۆکرایناش لە ماوەی رابردوودا سەرچاوەیەکی گرنگ بووە بۆ دروستکردنی ئەو بزووێنەرانەی لە درۆنی بایراکتاردا بەکاردەهێنرێن.