رووداو- هەولێر
سەرۆکی سریلانکا لە ژێر گوشاری خۆپێشاندەران، کۆشکی سەرۆکایەتی جێهێشت.
رۆژی شەممە 9-7-2022، گوتابایا راجاپاکسا، سەرۆکی سریلانکا لە ئەنجامی هەڵکوتانی سەتان خۆپێشاندەر بۆسەر شوێنی مانەوەی لە کۆلۆمبۆی پایتەخت، بە ناچاری کۆشکی سەرۆکایەتی جێهێشت.
هەزاران خۆپێشاندەری تووڕە لە دەوروبەری کۆشکی سەرۆکایەتیی سریلانکا کۆبوونەوە و داوای دەستلەکاركێشانەوەی راجاپاکسا، سەرۆکی وڵاتیان کرد و بە بەرپرسی یەکەمی سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری وڵاتیان دانا.
خۆپێشاندەران هەوڵیاندا بچنە نێو کۆشکەکەوە، سەرەڕای هەبوونی هێزێکی زۆری سەربازی، بەڵام نەتونرا رێگری لە خۆپێشاندەران بکرێت و لە ئەنجامدا سەرۆکی وڵات کۆشکی سەرۆکایەتی جێهێشت.
سوپای وڵات بڵاویکردەوە، سەرۆکی سریلانکا لەژێر چاودێریی چڕی یەکەیەکی سەربازیدایە و براوەتە شوێنێکی پڕ لە ئاسایش و ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای وڵات هێشتا گوتابایا راجاپاکسا بە سەرۆکی وڵات دادەنێت و بەرگریشی لێدەکات.
رانیل ویکریمێنسینگ، سەرۆکوەزیرانی سریلانکا بەپەلە داوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی نائاسایی کرد بەمەبەستی رێگریکردن لە درووستبوونی بۆشایی دەسەڵات، داواشی لە سەرۆکی پارتە سیاسییەکان کرد بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی خێرا بکەن بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی و ئابووری بۆ قەیرانە چەقبەستووەکەی وڵات.
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، خۆپێشاندان لە کۆلۆمبۆی پایتەخت و چەند گەورە شارێكی دیکەی سریلانکا دژی حکومەت دروستبوون، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و خۆراک.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ