رووسیا کردنەوەی خاڵێکی سنووریی نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤا رەتدەکاتەوە

09-07-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن دەروازەی بابولهەوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ئەمڕۆ هەینی، هەر 15 ئەندامە هەمیشەیی و کاتییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر چارەنووسی دەروازەی سنووری بابولهەوای باکووری رۆژئاوای سووریا دەدەن. رووسیاش کردنەوەی خاڵێکی سنووری لە نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاڤای کوردستان رەتدەکاتەوە.
 
بە دەستپێشخەری رووسیا و لەدوای دەستکاریکردنی پرۆژە بڕیارێكی ئیرلەندا و نەرویج، کە تێیدا داوا کراوە دەروازەی بابولهەوا بۆ ماوەی 6 مانگی دیکە بە کراوەیی بەڕووی گواستنەوەی یارمەتی مرۆیی بمێنێتەوە، ئەنجوومەنی ئاسایش کۆدەبێتەوە.
 
بەبڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2014وە هاوکاری مرۆیی لە رێگەی دەروازەی بابولهەواوە دەگەیێنرێتە ئاوارەکانی شەڕی ناوخۆی سووریا و سبەینێ 10ی ئەم مانگە دوا رۆژە کە دەروازەکە بە فەرمی بەکراوەیی دەمێنێتەوە، ئەگەر ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگ لەسەر درێژکردنەوەی ماوەکە نەدات.
 
دەروازەکە دەکەوێتە باكووری رۆژئاوای سووریا لەسەر سنووری تورکیا، لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەتی سووریایە و رووسیا چەندینجار لە دژی درێژکردنەوەی کارکردن بەو دەروازەیە وەستاوەتەوە، وڵاتانی رۆژئاواش بە رێگەیەک بۆ هاوکاریکردنی ئۆپۆزیسیۆنی چەکداری سووریا تەماشایان کردووە.
 
لە پرۆژە بڕیارەکە سەرەتاییەکە کە ئیرلەندا و نەرویج پێشکەشیان کردبوو پێشنیازی کردنەوەی دەروازەی سنووری بابولهەوا و تەلکۆچەری نێوان رۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی یەک ساڵ کردبوو، بەڵام لەدوای وەرگرتنی پرۆژەیاساکە لەلایەن رووسیاوە، پێشنیازی کردنەوەی تەلکۆچەری رەتکردووەتەوە و هاوکات ماوەی کردنەوەی دەروازەی بابولهەوا لە یەک ساڵەوە بۆ 6 مانگ کورتکردووەتەوە.
 
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن رازیبوونی رووسیا بە درێژکردنەوەی کارکردن بە درەوازەی بابولهەوا بەگوێرەی رێککەوتنی رووسیا و تورکیا بووە لە چوارچێوەی کۆبوونەوەکانی ئەستانە کە لە 7 و 8ی ئەم مانگە بەڕێوەچوون.
 
ئەمە یەکەمجارە رووسیا دەستپێشخەری درێژکردنەوەی ماوەی کارکردن بە دەروازەکە بکات و بۆ پەسەندکردنی پێویستی بە رەزامەندی 9 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشە بەبێ هیچ ڤیتۆیەکی 5 وڵاتانی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنەکە، کە ئەوانیش ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، چین و رووسیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شارۆچکەی سانتا کلۆس.

ئەم ساڵ لە شارۆچکەکەی سانتا کلۆس بەفر نەباریوە

شارۆچکەی رۆڤانیمی لە هەرێمی لاپلاند لە باکووری فینلاند ئەو شارۆچکەیە بە ماڵی سانتا کلۆس ناسراوە و بەردەوام ناوچەیەکە بەهۆی بەفرەوە سپیپۆشە.