کۆریای باشوور: کۆریای باکوور بەنیازە باڵۆنی زیاتری زبڵمان بۆ بنێرێت
رووداو دیجیتاڵ
سوپای کۆریای باشوور دەڵێت، ئەگەری هەیە کۆریای باکوور باڵۆنی زیاتری پڕ خاشاک و زبڵ بنێرێتەوە وڵاتەکەیان. ئەمەش دوای ئەوە دێت، چەند جارێکە دوو وڵاتەکە بە باڵۆنی پڕکراو لە زبڵ و بڵاوکراوە وەڵامی یەکدی دەدەنەوە.
رۆژی یەکشەممە 09-06-2024 سوپای کۆریای باشوور رایگەیاند، "بە وردی و لە نزیکەوە دەستمان بە چاودێری کردووە، چونکە ئەگەری هەیە ئەمڕۆ یان بەیانی باڵۆنی زیاتری پڕ لە خاشاک بنێردرێنە نێو سنووری کۆریای باشوور."
هەفتەی پێشوو، کۆریای باکوور بە دوو جار ژمارەیەکی زۆر باڵۆنی گەورەی پڕ زبڵ و خاشاکی رەوانەی کۆریای باشووری دراوسێی کرد. کۆریای باکوور ناردنی باڵۆنەکانی "وەکو وەڵامێک بۆ پڕوپاگەندەکانی چالاکڤانانی کۆریای باشوور لە دژی کۆریای باکوور" وەسف کرد.
رۆژی شەممە 1ـی حوزەیرانی 2024، سوپای کۆریای باشوور بڵاویکردەوە، "دووبارە کۆریای باکوور ژمارەیەک باڵۆن کە خاشاکیان تێدایە، بۆ کۆریای باشوور ناردووە."
رۆژێک دواتر کۆریای باکوور بڕیاریدا ناردنی باڵۆنەکان رابگرێت؛ بەڵام گرووپێکی چالاکڤانیی کۆریای باشوور بەناوی (شەڕکەرانی کۆریای باکووری ئازاد)، لە وەڵامی باڵۆنە پڕ خاشاکەکان، 10 باڵۆنیان پڕ لە بڵاوکراوەی دژی کیم جۆنگ ئون، رێبەری کۆریای باکوور کرد و ناردیان.
کۆریای باکوور هەڕەشەی کردووە، ئەگەر کۆریای باشوور بەردەوام بێت لە ناردنی باڵۆنی پڕ لە بڵاوکراوەی دژی حکومەت، ئەوان بە 10 ئەوەندە و زیاتریش وەڵام دەدەنەوە.
ئەوەی کە چالاکڤانان و گرووپەکانی کۆریای باشوور دەینێرن زبڵ نییە، بەڵکو پێکدێت لە رادیۆ، سیدیی میوزیک، فلاش میمۆری و بڵاوکراوەی چاپکراو. لە وەڵامدا کۆریای باکوور پاشماوەی جگەرە، پاتریی بەسەرچوو، کاغەزی فڕێدراو و زبڵ دەنێرێت.
شین وۆن سیک، وەزیری بەرگریی کۆریای باشوور دەڵێت، ناردنی باڵۆنی پڕ پاشماوە، "رەفتارێکی ئاست نزمانەیە."