رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی بەریتانیا نوێترین ئاماری چوونی کۆچبەرانی لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزەوە بۆ نێو خاکی بەریتانیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە زیاتر لە 11 هەزار کۆچبەر بە نۆکەندەکەدا پەڕیونەتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، کە مانگانە ئاماری چوونی کۆچبەران بە بەلەمی بچووک و لە رێگەی نۆکەندی ئینگلیزی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا بڵاودەکاتەوە، رایگەیاندووە، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 11 هەزار و 95 کۆچبەر بەو رێگەیەدا چوونەتە بەریتانیا. ئەمەش سەرەڕای ئەوەی حکومەت هەڕەشەی ئەوە دەکات لە مانگی داهاتووەوە، بەرنامەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران بۆ رواندا جێبەجێ دەکات.
بەگوێرەی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا، تەنیا رۆژی پێنجشەممەی رابردوو 316 کۆچبەر خۆیان گەیاندووەتە نێو خاکی بەریتانیا.
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا ئاشکراشی کردووە، تەنیا رۆژی پێنجشەممە 80 کەس لەو دەریایەدا لە خنکان رزگار کراون، کە بەلەمەکەیان تووشی کێشە هاتووە.
دەسەڵاتدارانی بەریتانیا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم ساڵ تائێستا بەراورد بە هەمان ماوەی پار، چوونی کۆچبەران بۆ بەریتانیا 46% زیادیکردووە، پار لەو ماوەیەدا تەنیا حەوت هەزار و 610 کۆچبەر چووبوونە بەریتانیا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ