کۆڵۆمبیا فرۆشتنی خەڵووز بە ئیسرائیل رادەگرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆڵۆمبیا بڕیاریداوە چیدیکە خەڵووز بە ئیسرائیل نەفرۆشێت و دەڵێت، "تاوەکو جینۆسایدی غەززە نەوەستێت، خەڵووز نییە." ئەو بڕیارەشی داوە کە هەر چەکێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دروستبکرێت نەیکڕێت.
 
رۆژی یەکشەممە 09-06-2024 گوستاڤۆ پێترۆ، سەرۆکی کۆڵۆمبیا رایگەیاند، وڵاتەکەی چیدیکە خەڵووز بە ئیسرائیل نافرۆشێت، ئەمەش وەکو سەرکۆنەیەک لە دژی جەنگی غەززە.
 
کۆڵۆمبیا فرۆشیاری سەرەکیی خەڵووزە بە ئیسرائیل، بەگوێرەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە شاری بۆگۆتای کۆڵۆمبیا، ئیسرائیل لە ساڵی 2023ـدا بایی 450 ملیۆن دۆلار خەڵووزی لەو وڵاتە هاوردە کردووە. هەرچەندە لە مانگی پێنجی ئەم ساڵەوە کۆڵۆمبیا هەموو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی لەگەڵ ئیسرائیل راگرت، بەڵام هێشتا باڵیۆزخانەکەی ئیسرائیل لە بۆگۆتا دانەخراوە.
 
پێترۆ دەڵێت، "تاوەکو جینۆسایدی غەززە نەوەستێت، هەناردەی خەڵووز دەستپێناکاتەوە."
 
حکومەتی کۆڵۆمبیا دەڵێت، "خەڵووز سەرچاوەیەکی ستراتیژیی دروستکردنی چەک، پڕچەککردن و راهێنانی سەربازانە."
 
پێترۆ بڕیاریشی داوە، هەر چەکێک لەلایەن ئیسرائیلەوە دروستکرابێت، نەیکڕێت.
 
ئیسرائیل یەکێکە لە فرۆشیارە سەرەکییەکانی چەک بە وڵاتانی ئەمریکای باشوور.