هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا کۆتاییدێت و ئەنجامەکەی رادەگەیێندرێت


رووداو دیجیتاڵ 

پێنجشەممەی رابردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەورووپا لە هۆڵەندا دەستیپێکرد و ئەمڕۆش بە دەنگدان لە 21 وڵات لە کۆی 27 وڵاتی یەکێتییەکە کۆتاییدێت؛ کاژێر 2:00ـی بەیانی بە کاتی هەولێر ئەنجامەکان رادەگەیێندرێن. 
 
لەم هەڵبژاردنەدا نزیکەی 400 ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی خولی دەیەمی پەرلەمان هەبوو. بە گوێرەی دوایین راپرسییەکان، نزیکەی 70٪یان بەشدارییان کردووە. ئەمە لەکاتێکدایە تێکڕای بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پێشوودا 50.7٪ بوو. 
 
پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا چییە و چۆن هەڵدەبژێردرێت؟ 
 
27 وڵات ئەندامی یەکێتییەکەن؛ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتانە لە تەمەنی 18 ساڵییەوە (لە بەشێکیان لە 16 یان 17 ساڵییەوە) مافی دەنگدانیان هەیە. 
 
720 کورسی لە پەرلەمانی ئەورووپا هەن. دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر وڵاتاندا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووانە؛ کەمترینیان بۆ وڵاتانی ماڵتا، لوکسمبۆورگ و قوبرسن بە شەش کورسی و ئەڵمانیاش بە 96 کورسی زۆرترینی هەیە. 
 
دابەشبوونی کوورسییەکان لە خولی پێشوودا چۆن بوو و بۆ ئەم خولە پێشبینییەکان چی دەڵێن؟ 
 
بەگوێرەی دوایین پێشبینییەکان، بەرەی راستڕۆی میانڕۆ (ئی پی پی) 173 کورسی بەدەست دەهێنێت لەکاتێکدا لە 705 کورسیی خولی پێشوو، 176ـی هەبوو. واتا دەتوانێت بە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانەکە بمێنێتەوە. 
 
هاوپەیمانیێتیی دیموکرات و سۆسیالیستەکان کە خولی پێشوو 139 کورسی هەبوو، پێشبینی دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە 131 کورسی بباتەوە و بە دووەم گەورەترین فراکسیۆن بمێنێتەوە. 
 
هاوپەیمانییەتی لێبڕاڵ و ئەو پارتانەی پاڵپشتیی یەکگرتوویی ئەورووپا دەکەن، 102 کورسییان هەبوو، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەم هەڵبژاردنە 85 کورسی ببەنەوە. 
 
بەرەی پارتە سەوز و هاوپەیمانەکانیشیان 72 کورسییان هەبوو، ئەم هەڵبژاردنە 61 کورسی دەبەنەوە.
 
پێچەوانەی چوار گەورەترین هاوپەیمانییەکەی یەکێتیی ئەورووپا، پێشبینی دەکرێت پارتە راستڕۆ تووندڕۆ دژەکۆچبەرەکان ژمارەی کورسییەکانیان دوو هێندە بکەن و لە 49ـەوە بیکەنە 100. 
 
هەنگاوەکانی دوای هەڵبژاردن چین؟ 
 
رۆژانی 16 بۆ 19ـی ئەم مانگە یەکەم کۆبوونەوەی خولی دەیەمی پەرلەمانی ئەورووپا بەڕێوەدەچێت و سەرۆک هەڵدەبژێردرێت. پاشان گفتوگۆکان لەنێوان لایەنەکان بۆ دابەشکردنی پۆستەکانی کۆمیسیۆن و ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا بەردەوام دەبن. 
 
مانگی ئەیلوولی ئەم ساڵ، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا و 27 کۆمیسیاری کۆمیسیۆنی یەکێتییەکە لەلایەن پەرلەمانەکەوە دەنگیان پێدەدرێت. 
 
پەرلەمان، ئەنجوومەن و کۆمیسیارەکانی یەکێتیی ئەورووپا چین و ئەرکیان چییە؟ 
 
کۆمیسیۆن:
 
بەرپرسە لە پێشنیازکردنی یاساکان. لە 27 کۆمیسیار پێکدێت؛ هەر یەکێکیان سەر بە وڵاتێکی ئەندامە و لە لایەن ئەنجوومەنەوە بەربژێردەکرێن و پەرلەمان پەسندیان دەکات. کۆمیسیارەکان داکۆکی لە وڵاتەکانیان ناکەن، بەڵکو لە یەکێتیی ئەورووپا بە گشتی دەکەن. 
 
ئەنجوومەنی ئەورووپی:
 
بەرپرسە لە دیاریکردنی ئاراستەی سیاسیی گشتیی یەکێتییەکە. لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانەکانی وڵاتانی ئەندام پێکدێت. لانیکەم ساڵی چوار جار لە بروکسل کۆدەبنەوە. هەروەها وەزیرەکانی ئەو وڵاتانەش زوو زوو کۆدەبنەوە. هەر شەش مانگ جارێک، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنەکە دەدرێتە وڵاتێکی ئەندام. وەزیرەکان بڕیار لە پڕۆژەیاسا پێشنیازکراوەکانی کۆمیسیۆن دەدەن و بە هاوبەشی لەگەڵ پەرلەمانی ئەورووپی پەسندیان دەکەن. 
 
پەرلەمان:
 
تاکە دەزگای یەکێتییەکەیە بە دەنگدانی راستەوخۆ هەڵبژێردرێت. پەرلەمانەکە تەنیا بەشێکی دەسەڵاتی یاسادانانی هەیە؛ ناتوانێت دەستپێشخەریی دانانی یاسا بکات، بەڵام دەتوانێت یاسا پێشنیازکراوەکانی کۆمیسیۆن هەموار یان پەسند بکات، ئەوەش بە راوێژ لەگەڵ ئەنجوومەنی یەکێتیی ئەورووپا. لە هەندێ بواریشدا، وەک باج، پەرلەمانەکە تەنیا رۆڵی راوێژدانی هەیە و بڕیاری پێنادرێت. کە یاساکان پەسندکران، پێویستە وڵاتانی ئەندام جێبەجێیان بکەن، کۆمیسیۆنیش چاودێریی جێبەجێکردنیان دەکات.