ئەنجلینا جۆلی داوای پشتگیری بۆ پەنابەرانی ڤەنزوێلی دەکات
رووداو - هەولێر
ئەنجلینا جۆلی، ئەستێرەی سینەمایی و نێردەی تایبەتی کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کەمپی پەنابەرانی ڤەنزوێلی لەسەر سنووری کۆڵۆمبیا کرد.
ئەنجلینا جۆلی جۆلی لە نزیکەوە چاوی بە دۆخی ئەو پەنابەرانە کەوت کە دۆخی ناهەمواری ڤەنزوێلا ناچاریکردوون وڵاتەکە بەجێبهێڵن.
چوار ملیۆن ڤەنزوێلی بەهۆی قەیرانی دارایی و باری سەختی وڵاتەکەیان، ڤەنزوێلایان بەجێهێشتووە و نزیکەی یەک ملیۆنیان روویان لە کۆڵۆمبیا کردووە کە لەلایەن حکومەتی کۆڵۆمبیا و رێکخراوەکانەوە پێداویستییەکانی رۆژانەیان بۆ دابیندەکرێت.
خانمە تەمەن 44 ساڵییەکە لەگەڵ زۆربەی پەنابەرەکان قسەی کرد، لە هەواڵ و تەندرووستییانی پرسی، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد پشتگیری زیاتری پەنابەرە ڤەنزوێلییەکان بکەن.
جۆلی رایگەیاند " 20 هەزار منداڵی ڤەنزوێلی لە مەترسیدان و مافە سەرەتاییەکانیان نییە".
قەیرانەکانی ڤەنزوێلا بەهۆی سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا بەسەر کەرتی نەوتی ئەو وڵاتە زیاتر بووە، ئەوەش وەکو رێکارێک تاوەکو فشار بخاتە سەر سەرۆک نیکۆلاس مادۆرۆ بۆ ئەوەی دەسەڵات جێبهێڵێت.