رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی ئەلایەنس ئۆف دیموکراسیی دانیمارکی لە نوێترین توێژینەوەیدا بڵاویکردەوە، ئەوروپییەکان بەتایبەت ئەڵمانییەکان، ترسی گەورەیان لە کۆچبەرانە و رووبەڕووبوونەوەیان لە ریزبەندی یەکەمی ئەو داواکارییانەیە کە لە حکومەتی وڵاتەکانیان هەیانە.
دامەزراوەی ئەلایەنس ئۆف دیموکراسیی دانیمارکی بڵاویکردەوە: "لە ساڵی 2024دا، بۆ یەکەمجار کەمکردنەوەی کۆچبەران ئامانجی لەپێشینەتری ئەوروپییەکانە لەسەرووی رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا."
لە توێژینەوەکەدا هاتووە، لە 2022ـەوە، ئەو ئەورووپییانەی دەیانەوێت حکومەتی وڵاتەکانیان رووبەڕووی کۆچبەران ببنەوە رێژەکەیان لە کەمتر لە 20٪ـەوە بووەتە سەروو 25٪."
هەمان بارودۆخ بۆ ئەڵمانیاش راستە. بەگوێرەی توێژێینەوەکە، ساڵی 2022، تەنیا 25٪ی ئەڵمانییەکان داوای رووبەڕووبوونەوەی کۆچبەرانیان لە حکومەتی وڵاتەکەیان دەکرد، بەڵام ئێستا بووەتە 44٪. لەکاتێکدا تەنیا 33٪یان داوای کارکردن بۆ راگرتنی گۆڕانی کەشوهەوا و رووبەڕووبوونەوەی دەکەن.
بەگوێرەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، پار 292 هەزار و 985 کۆچبەر چوونەتە وڵاتانی ئەورووپا لەکاتێکدا پێرار ژمارەکە 189 هەزار و 620 کۆچبەر بوو.
توێژینەوەکەی ئەو دامەزراوە دانیمارکییە سەرنجی لەسەر 53 وڵات بووە کە 75٪ی دانیشتووانی جیهانیان تێدا نیشتەجێیە و بابەتەکانی ئەو توێژینەوەیە زۆر بوون کە گرنگترینیان دیموکراسی، ئەوتۆکراسی، ئامانجی حکومەتەکان و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ