پێنتاگۆن بۆ رووداو: نزیکەی 2500 سەربازمان لە عێراق هەیە

09-05-2023
هەوراز حوسێن @Hawrazkadir
 پاتریک رایدەر، سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن
پاتریک رایدەر، سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن بە رووداوی راگەیاند، ئاگاداری جموجووڵی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێرانن لە عێراق و سووریا. گوتیشی، هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەی داعشدا پێشکەوتنی زۆریان بەدەستهێناوە و ئەمریکا لە ئەرکی مەشق و راوێژکارییدا هاوکارییان دەکات.

رۆژی سێشەممە، 9-5-2023، پاتریک رایدەر، سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن لە وەڵامی پرسیاری دیار کوردە، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن لەبارەی جموجووڵی سەربازیی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە سووریا و گواستنەوەی چەک لەلایەن ئەو وڵاتەوە بۆ سووریاوە گوتی، "کاتێک باسی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نزیکی دەکەین، ئێمە زۆرمان لەسەر ئەو راستییە گوتووە کە لە تەواوی ئەو ناوچەیەدا [عێراق و سووریا] جموجووڵی زۆر دەبینین لەلایەن ئەو گرووپانەوە کە ئێران پاڵپشتی داراییان دەکات."
 
بە گوتەی پاتریک رایدەر، ئەمریکا هەوڵدەدات ئەوپەڕی تواناکانی بەکاربێنێت تاوەکو "بتوانین ئەو هێڵی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنی نایاساییە بووەستێنین." باسی لەوەشکرد، زیادبوونی جموجووڵە سەربازییەکانی ئێران و گواستنەوەی چەک بۆ نێو سووریا لە لایەن ئێرانەوە "لەلایەن ئەمریکا و زۆربەی هاوپەیمان و هاوبەشانمانەوە بە ئاڵنگاری دەبینرێت".
 
پەیامنێری رووداو لەبارەی توانای هێزی پێشمەرگەی کوردستان و هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە رووبەڕووبوونەوەیان دژی داعش پرسیاری لە پاتریک رایدەر کرد و ئەویش لە وەڵامدا گوتی، "عێراق بەرەوپێشچوونێکی زۆری بەخۆیەوە بینیوە لە تواناکانی رووبەڕووبوونەوەی دژی تیرۆر و هەروەها تواناکانی لە شەڕکردن دژی داعش لەنێوخۆی عێراق."
 
سکرتێری رۆژنامەڤانیی پێنتاگۆن ئاماژەی بەوەکرد کە ئەمریکا "نزیکەی 2500 سەربازی لەژێر ناوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق هەیە کە پاڵپشتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەکەن لەژێر ئەرکی مەشقپێکردن و راوێژکاری کە خۆیان ئۆپەراسیۆنەکانی خۆیان ئەنجام دەدەن."
 
پاتریک رایدەر باسی لەوەشکرد، لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر هاوئاهەنگی بۆ شەڕکردن و لەنێوبردنی داعش دەکەن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەی مۆزەکە لە مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە. وێنە: AP

مۆزێک بە 6.24 ملیۆن دۆلار فرۆشرا

مەزادخانەی سۆسبی بەریتانی، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکە بڵاویکردەوە، مۆزێک لە زیادکردنێکی ئاشکرادا بە 6.24 ملیۆن دۆلار [شەش ملیۆن و 240 هەزار دۆلار] فرۆشرا.