تۆمەتێکی گێچەڵی سێکسی بەسەر ترەمپدا ساخکرایەوە؛ پێویستە 5 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بدات


رووداو دیجیتاڵ

تۆمەتی گێچەڵی سێکسی بۆ سەر رۆژنامەڤانێک بەسەر دۆناڵد ترەمپدا ساخکرایەوە و دادگە بڕیاریدا سەرۆکی پێشووی ئەمریکا 5 ملیۆن دۆلار قەرەبوو بە ژنەکە بدات. چاوەڕێ دەکرێت دۆڕاندنی ئەم دۆسیەیە و ساخبوونەوەی ئەم تۆمەتە ببێتە پەڵەیەک بەسەر هەڵمەتی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترەمپەوە کە دەیەوێت ببێتەوە سەرۆکی ئەمریکا. 
 
بڕیارەکە رۆژی سێشەممە لە دادگەیەکی فیدراڵی لە شاری نیویۆرک لە یەکەم رۆژی دانیشتنیدا راگەیێندرا. ژۆن کارۆل، خانمە رۆژنامەڤان سكاڵای لەسەر ترەمپ تۆمارکردبوو بەوەی لە ساڵی 1996 دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتەسەری، بەڵام دادگە رەتیکردەوە ترەمپ دەستدرێژیی سێکسیی کردبێتەسەری و بە زۆر سێکسی لەگەڵ کردبێت، بەڵکو رایگەیاند، ترەمپ گێچەڵی سێکسیی پێکردووە. 
 
چەند کاژێرێک پێش دادگاییکردنەکە، لویس کاپلان، دادوەری هەرێمیی ئەمریکا، رێنماییەکانی لەسەر یاسا پەیوەندیدارەکان بۆ دەستەی دادوەریی 9 ئەندامیی خوێندەوە، پێش ئەوەی دەست بە تاوتوێکردنی سکاڵاکەی کارۆل بکەن. 
 
ترەمپ کە ئامادەی دادگاییکردنەکە نەبوو، جەختی لەوە کردووەتەوە کە هەرگیز دەستدرێژیی سێکسی نەکردووەتە سەر کارۆل و تەنانەت نەشیناسیوە.
 
کاپلان بە دەستەی دادوەرانی گوت، یەکەمین پرسیار کە پێویستە یەکلابکرێتەوە ئەوەیە کە ئایا زیاتر لە 50٪ ئەگەری ئەوە هەیە ترەمپ لە ژوورێکی جلگۆڕینی فرۆشگایەکدا دەستدرێژی کردبێتە سەر کارۆل یان نا، ئەگەر وەڵامەکە بەڵێ بوو، ئەو کاتە بڕیار لەسەر ئەو قەرەبوویە دەدەن کە پێویستە بە سکاڵاکار بدرێت. 
 
ئەگەر وەڵامەکەیان نەخێر بوو، ئەوا دەبێت ئەو کات یەکلایی بکەنەوە کە ئایا ترەمپ بەبێ رەزامەندیی کارۆل هێرشی بچووکتری سێکسیی کردووەتەسەری یانیش بە زۆرەملێ دەستی لێ داوە بۆ ئەوەی لە شکۆی خانمەکە بدات یان ئارەزووی سێکسیی خۆی تێربکات، ئەگەر لەسەر هەر یەکێک لەو پرسیارانە وەڵامی بەڵێیان دەستکەوت، ئەوا بڕیاردەدەن کە پێویستە قەرەبوو بدرێت بە خانمەکە یان نا. 
 
لەبارەی ئەو تۆمەتانەشی کە کارۆل لەبارەی ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی خۆیەوە دایبوونە پاڵ ترەمپ، کاپلان گوتی، پێویستە دەستەی دادوەران رەچاوی ستانداردی بەرزتری یاسایی بکەن و تەنیا لە کاتی هەبوونی بەڵگەی روون و بڕواهێن بڕیاربدەن. ئەم تۆمەتە بەهۆی چەند قسەیەکی ترەمپەوە کە تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو کردبوونی، خرابووە پاڵی.  
 
کاپلان گوتی، دەبێت دادوەرەکان بە کۆدەنگی بگەنە ئەنجامێک لەسەر ئەوەی کە ئایا "ئەگەری زۆر هەیە" ئەو قسانەی ترەمپ هەڵە بن و ئامانج لێیان بریندارکردن، ناوزڕاندن یانیش پێشێلکردنی مافەکانی کارۆل بێت، یان ئەگەرەکە لاوازە.  
 
هاوکات ترەمپ پەیامێکی نوێی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە کە گلەیی لەوە دەکات چاوەڕێی بڕیاری دادگەکە دەکات "لەبارەی تۆمەتێکی هەڵبەستراو". گوتیشی "رێگەم پێنادرێت قسە بکەم و بەرگری لە خۆم بکەم، تەنانەت لەکاتێکدا پەیامنێرانی قینلەدڵ سەبارەت بەم دۆسیە بەسەرمدا هاوار دەکەن." 
 
ترەمپ گوتی تاوەکو دوای دادگاییکردنەکە قسە ناکات، "بەڵام تانە لە بێدەنگکردنی نادەستووریانەم دەدەم... گرنگ نییە ئەنجامەکەی چی دەبێت." 
 
ترەمپ بەشداریی دادگاییکردنەکەی نەکرد و رەتیکردەوە بۆ شایەتیدان بڕواتە دادگە. 
 
جۆو تاکۆپینا، پارێزەری ترەمپ بە دادگەکەی گوت، دۆسیەی کارۆل لە کاتێکی زۆر کۆنەوە نوێکراوەتەوە و پێویستە بڕوای پێ نەکرێت. پارێزەرەکە هەروەها باسی لەوە کردووە، خانمەکە ئەم بانگەشانە دژی ترەمپ دەکات بۆ ئەوەی فرۆشی پەرتووکێکی بیرەوەرییەکانی زیادبکات کە لە ساڵی 2019 نووسیویەتی و بۆ یەکەمین جار تێیدا باسی لەوە کردووە، ترەمپ "دەستدرێژیی سێکسی" کردووەتە سەری. 
 
رۆبێرتا کاپلان، پارێزەری کارۆل، بەشێک لە قسەکانی تشرینی یەکەمی رابردووی ترەمپ و قسەکانی ڤیدیۆیەکی ساڵی 2005ی بە بەڵگە هێنایەوە کە تێیدا بەنەشیاوی لەو بارەوە قسەی کردبوو. پارێزەرەکە داوای لە دەستەی دادوەران کرد، بڕوا بە قسەی بریکارەکەی بکەن. 
 
کاپلان گوتی: "تەنانەت [ترەمپ] ئەرکی ئەوەشی نەکێشا لێرە ئامادەبێت،" گوتیشی کە قسەکانی ترەمپ "پشتیوانی لە دۆسیەی ئێمە دەکەن."
 
خانمە پارێزەرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە: "بە رادەیەکی زۆر راستەقینە دۆناڵد ترەمپ شایەتە دژی خۆی. ئەو دەزانێت چی کردووە. ئەو دەزانێت کە دەستدرێژیی سێکسیی کردووەتە سەر ژۆن کارۆل."
 
کارۆلی تەمەن 79 ساڵ، شایەتی ئەوەی دا کە لە فرۆشگای بێرگدۆرف گودمان لە بەرامبەر شەقامی ترەمپ تاوەر لە نیویۆرک، بەڕێکەوت چاوی بە ترەمپ کەوتووە. هەروەها باسی لەوە کردووە، سەرەتا لەگەڵ یەک رووخۆش بوون و گاڵتەیان لەگەڵ یەکدی کردووە سەبارەت بە تاقیکردنەوەی جلی ژێرەوە، بەڵام گوایە دواتر ترەمپ لە ژووری جلگۆڕینەکە دەستی بۆ بردووە. 
 
تاکۆپینا بە دەستەی دادوەرانی گوت هیچ هۆکارێک نییە بۆ ئەوەی ترەمپ وەک شایەتحاڵ بانگهێشت بکرێت لە کاتێکدا خودی کارۆل تەنانەت ناتوانێت بیریبێتەوە کەی بە دیاریکراوی لەگەڵ ترەمپ یەکیان بینیوە. 
 
پارێزەرەکەی ترەمپ هەروەها بە دەستەی دادوەرانی گوتووە، ژنە سکاڵاکارەکە لە ساڵی 2012 سەیری زنجیرە درامایەکی کردووە کە تێیدا ژنێک لە ژوورێکی جلگۆڕینی فرۆشگایەکی جلی ژێرەوەدا دەستدرێژیی سێکسیی دەکرێتەسەر و لەو درامایەوە بیرۆکەی ئەم تۆمەتانەی لە دژی ترەمپ بۆ دروستبووە. 
 
بەڵام دوو لە هاوڕێکانی کارۆل بە دادوەرانیان گوتووە، ماوەیەکی زۆر پێش دەرکەوتنی ئەو درامایە، هاوڕێکەیان پێگوتوون، ترەمپ دەستدرێژیی کردووەتە سەری.