جیهان
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا لە کۆنسوڵخانەی ئەو وڵاتە لە هەولێر. وێنە: AFP
رووداو دیجیتاڵ
دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی 13یەمین سەرۆککۆمار و 28مین خولی پەرلەمانی تورکیا لە دەرەوەی تورکیا کۆتاییدێت.
بڕیارە ئەمڕۆ کاژێر 21:00ـی شەو بە کاتی ئەنقەرە (هەمان کات بە گوێرەی هەرێمی کوردستان) دەنگدان لە نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکانی تورکیا لە دەرەوەی ئەو وڵاتە کۆتایی بێت.
بەگوێرەی دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا، تاوەکو ئێستا یەک ملیۆن و 666 هەزار و 824 کەس لە باڵیۆزخانەکان و کۆنسوڵگەرییەکانی تورکیا لە وڵاتانی دەرەوە دەنگیان داوە؛ هەروەها 110 هەزار و 355 کەس لە دەروازە سنوورییەکان و فڕۆکەخانەکان دەنگیانداوە.
دەنگدان بۆ هاووڵاتییانی تورکیا لە دەرەوەی وڵات کاژێر 08:00ـی بەیانیی رۆژی، 27ـی نیسانی 2023، دەستیپێکرد. لە دەرەوەی تورکیا، سێ ملیۆن و 416 هەزار و 98 دەنگدەر مافی دەنگدانیان هەیە. لەو ژمارەیە 277 هەزار و 646 کەس یەکەمجارە دەتوانن دەنگ بدەن.
زۆرترین دەنگدەر لە دەرەوە لە ئەڵمانیان و ژمارەیان لە ملیۆنێک و 500 هەزار زیاترە؛ کەمترینیان لە بەرازیلە کە 581 دەنگدەرن. لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش پێنج هەزار و 738 دەنگدەر هەن.
ئەگەریش هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار بچێتە گەڕی دووەم، واتە رۆژی یەکشەممە، 28ـی ئایار، ئەو کاتە هاووڵاتییانی تورکیا لە 20-24ـی ئایار لە نوێنەرایەتییەکان دەنگ دەدەن.
بەگوێرەی رۆژژمێری هەڵبژاردن، رۆژی 14ـی ئایاری 2023 هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا دەکرێت؛ 36 پارتی سیاسیی مافی بەشداریکردنیان لەم هەڵبژاردنانەدا هەیە.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوە کۆی گشتیی 64 ملیۆن و 113 هەزار و 941 دەنگدەر هەن. لە ناوخۆی تورکیا و باکووری کوردستان 191 هەزار و 884 سندووق دادەنرێن؛ چوار ملیۆن و 904 کەس بۆ یەکەمینجار دەنگ دەدەن. لە زیندانەکانیشدا 53 هەزار و 172 کەس دەتوانن دەنگ بدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ