نێچیرڤان بارزانی پەرتووکێک بە دیاری دەداتە ڤلادیمیر پووتین

09-05-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی ڤلادیمیر پووتین
A+ A-

رووداو - مۆسکۆ

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پەرتووکێکی بە دیاری پێشکەشی ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا کرد. نێوەڕۆکی پەرتووکەکە باسی خەباتی کوردانی یەکێتیی سۆڤییەت لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهاندا دەکات.

رۆژی چوارشەممە 9ی ئایاری 2018، نێچیرڤان بارزانی و ڤلادیمیر پووتین لە مۆسکۆ کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەشدا (پەرتووکی یادەوەرییەکان)ی پێشکەشکردووە.

پەرتووکەکە بە زمانی رووسییە و نێوەڕۆکەکەی باسی خەباتی کوردانی یەکێتیی سۆڤییەت دەکات دژ بە فاشیزم لە سەردەمی جەنگی دووەمی جیهاندا لە ساڵانی 1941 بۆ 1945، لەگەڵ ناو و پلە و شوێنی ئەو کوردانەی لە جەنگەکەدا شەهیدبوونە.

دوێنێ سێشەممە نێچیرڤان بارزانی بە بانگهێشتێکی فەرمیی پووتین بۆ بەشداریکردن لە‌ (رۆژی سەرکەوتن) 73ـیه‌مین ساڵیادی سه‌ركه‌وتنی رووسیا بەسەر نازییەکان لە جه‌نگی دووه‌می جیهاندا گەیشتە مۆسکۆ، ئەمڕۆش بەشداری لە رێوڕەسمەکە کرد، پاشان کۆبوونەوەیەکی دووقۆڵییان ئەنجامدا.

دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا (کرێملین) لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاندووە: "ڤلادیمیر پووتین و نێچیرڤان بارزانی لە کۆشکی کرێملین چاویان بە یەک کەوت و دیدارێکی کورتیان ئەنجامدا".

رووسیا ساڵانە بە بەشداریی دەیان سەرۆک و سەرکردەی جیهیان "رۆژی سەرکەوتن" بەرزڕادەگرێت. رۆژەکە تایبەتە بە خۆڕادەستکردنی سوپای نازییەکان لە ساڵی 1945 دا.

سوپای نازییەکان لە 8ی ئایاری 1945 خۆی رادەستی یەکێتیی سۆڤییەت کرد، رۆژێک دواتر و لە 9ی ئایاردا یەکێتیی سۆڤییەت سەرکەوتنی بەسەر سوپای هیتلەردا راگەیاند، لەوکاتیشەوە 9ی ئایار لە رووسیا بە "رۆژی سەرکەوتن" ناسراوە و ساڵانە یادی دەکرێتەوە. بەدەر لە رووسیا، لە چەند هەرێمێکی ئەڵمانیا و وڵاتانی یەکێتیی سۆڤییەتی جارانیش یادی ئەو رۆژە دەکرێتەوە.

بەرگی پەرتووکەکە






داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە